رۆژنامەی ھەولێر

دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ دەگۆڕدرێن

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یانەی زاخۆ دوو وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت، چوارەم وەرزە لەسەریەك ناتوانێت لە پلەی نۆیەمی خولەكە زیاتر هەڵبكشێتە سەرەوە، ئەم وەرزەش 3 راهێنەری گۆڕی، كەچی دۆخی یانەكە جێگیر نەبوو، ئەمەش بەرپرسانی حكوومەت و شارەكەی ناچار كرد گۆڕانكاری لە دەستەی كارگێری یانەكە بكرێت و سەرۆكێكی بازرگانی شارەكە ئەركی بەڕێوەبردنی یانەكە بگرێتە ئەستۆ.
شەوی رابردوو عەمار فەرهاد، دوایین رۆژی وەكو سەرۆكی یانەی زاخۆ تێپەڕ كرد و بە فەرمی هاوشانی تەواوی ستافەكەی دەستیانلەكاركێشایەوە و دەستەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی یانەكە دەستبەكار دەبن.
نێچیرڤان لەزگین، جێگری سەرۆكی یەكێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە شوێنی عەمار فەرهاد دەبێتە سەرۆكی نوێی یانەی زاخۆ.
نێچرڤان لەزگین لە عەشیرەتی سندییە و تەمەنی 36 ساڵە و خاوەنی بڕوانامەی كارگێرییە لە بانكەكان و زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی و توركی دەزانێت و پێشتر لەسەر ئەستۆی خۆی، ئەمجەد عەتوانی لە یانەی شیمالی قەتەری گواستەوە یانەی زاخۆ.
لە لایەكی دیكەیشەوە بێوار عەلی دەبێتە جێگری سەرۆكی یانەی زاخۆ و ئەم هەشت كەسە دەبنە ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ كە پێكهاتوون لە: رێبەر عومەر، تەها رەمەزان، بەڕۆژ جادر، رێبەر محەمەد، خەڵات عەبدی و شڤان عەبدی.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، یەكەمین كاری ئەم دەستە نوێیە، هەوڵدانە بۆ دەستنیشانكردنی راهێنەرێكی نوێ بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكانی تیپەكە بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستپێبكات، هاوكات گفتووگۆیەكانیان بۆ گەڕانەوەی عەبدولغەنی شەهد بۆ راهێنەرایەتی زاخۆ راگیراوە.