خوسرەو جاف
لێدوان دەربارەی کەسایەتییەکی ناسراوی جیهانی وەک “هەلاج” ئاسان نییە. لەو ڕووەوە چەندین سەرچاوە لە بەردەستدان؛ بەندە لەو سەرچاوانە دەدوێم و سەرچاوەی تریش هەن، پێیان وایە ئەو سەرچاوە ناسراوانە لە تەواوی هەقیقەتەکەوە زۆر نزیک بن. (لوئی ماسینیۆن) شایانی ڕێز و حورمەتە، بەڵام لەبەر نەبوونی سەرچاوەی جۆراوجۆر، دووچاری دژواری و گێژاوی بەربڵاو هاتووە؛ بە هەر بزوێنەر و تەنگەبەرێکدا چووبێت، تووشی بەربەست بووە، بەڵام کۆڵی نەداوە و لە گۆشەیەکی ترەوە دەستبەکار بووە. بەندە چەند پرسیارێکم لە خەیاڵدایە و دەیانپرسم: هەلاج کێ بوو؟ هەلاج چی بوو؟ • (انا الحق)ـەکەی هەلاج چ مانایەکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتیی تێدا بووە؟ • ئەو ڕقوکینە و ونجڕکردنەی هەلاج بەو شێوە دڕندانەیە لەسەر چی بوو؟ بۆچی بەو چەشنە کوژرا؟
سەرئەنجام، دوای کوشتنی، سووتێنرا و خۆڵەمێشەکەشی درا بە بادا؛ ئەو جۆرە
تۆڵەسەندنەوەیە لەسەر چی؟ تۆڵەی ئایینی بوو یان کارفەرمایانی دەوڵەتی؟ یان کار و کردەوەی کاربەدەستانی دز و دەغەڵ و درۆزن و دڵڕەشانی ئەو سەردەمە هۆکاری پەلپەلکردنی بوو؟ لێرەدا پرسیارێکی دی بە زەقی خۆی دەنوێنێ: ئایا هەلاج سۆفییەکی عەیاری سەرمەست و ئاشقێکی چلەنشینی عارف بووە، یان ڕۆشنبیرێکی بێئاینی ململانێکاری بێدەربەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە؟
بۆ زانینی وەڵامی بڕێک لەو پرسیارانە، نیازمان بە زانینی چۆنیەتیی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە هەیە؛ تا بزانین تا چ ڕادەیەک سیستەمی دەسەڵاتی سەردەمی هەلاج، تاپۆ و تارماییەکی خستووەتە سەر کردار و گوفتار و ڕەفتاری هەلاجەکان. نەبوونی سەرچاوەی زۆر، بووەتە هۆکاری ئاگادارنەبوون لە کەسایەتیی هەلاج. با ئەوەش بڵێم کە تا ئەمڕۆ نزیکەی ٣٠٠٠ بەرگ کتێبی دەربارە نووسراوە و سەدان نامەی ماستەر و دکتۆرای لەسەر ئامادە کراوە، کەچی سەیرەکە لەوەدایە تا ئەمڕۆ “هەلاج”ی ڕاستەقینەمان نەناسیوە و ١٠٠٪ی دوور لە گومانمان بەدەستەوە نییە. تۆ بڵێی کەسایەتیی هەلاج و دەردەسەرییەکانی و ئەو هەموو تەمومژەی لەسەر ژیاننامەیەتی، لەخۆڕا یان لە نەزانییەوە بێت؟ پێم سەیرە؛ خۆ هەلاج نە داستانەکانی “هەزارویەک شەو”ە، نە “ئەمیر ئەرسەلان” و نە “عەلائەدین و چرا سحرئامێزەکەی”یەتی. بۆچی ڕۆژی دەشتان (حەیز)ی ژنەکانی هاروونەڕەشید یان جارییەکانی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان زانراوە، کەچی ژیاننامەی کەسایەتییەکی وەک هەلاج دەبێ کابرایەکی ئەورووپی و غەیرەدینی وەک (ماسینیۆن) لە مێژووی ئیسلامدا ساغی بکاتەوە؟ داخۆ دەبێ هەلاج چ “دەعبایەک” بووبێت؟ دیارە دوای کوشتنی هەلاج، هەرچی نووسین و بەرهەمی بووە کۆیان کردووەتەوە و سووتاندوویانە؛ بەوەشەوە نەوەستاون، هەرچی کتێبساز و کتێبخانەی ئەو کاتە بووە ئیمزایان لێ وەرگرتوون کە بە هیچ جۆرێک ناوی هەلاج نەبەن. دیارە مامەڵەکە دەربارەی بنبڕکردنی ناوی هەلاج جێگیر بووە؛ داخۆ لەبەرچی؟ باشە، پرسیارێکی بێوەڵام لە فکر و خولیای کەسانێکی وەک مندا وەدەر دەکەوێت: هەلاج و بیروڕای هەلاج خۆ ڕێکخراوێکی نهێنی نەبووە کە تازە پێی زانرابێت؛ هەلاج دە ساڵ بوو لە زینداندا بوو، دایکی خەلیفە ناوەناوە لە زیندان دەری دەهێنا و دەیانبرد بۆ لای تا “فاڵی” بۆ بگرێتەوە. لەپڕ بەو شێوە وەحشیانە کوشتنی لەگەڵ ئەقڵدا ناگونجێت. با ئەوەش بوترێت کە هەلاج سەردەمێک چووە بۆ هیندستان و لەوێدا “جادوو” فێر بووە و گەڕاوەتەوە؛ هۆکاری فاڵگرتنەوەی بۆ دایکی خەلیفە لەسەر ئەو بنەمایە بووە. لە زیندانیشدا بە شێوەیەکی توندوتیژ مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، لە ماڵێکی تایبەتدا دەستبەسەر بووە، تەنانەت شێوە و شەمایلێکی دروست کردبوو وەک “کەعبە” و بەدەوریدا دەچەرخا، هەروەک ڕێوڕەسمی حەجکردن.
بەندە ئەم پرسیارانە دەکەم تا وردەکارانە هەلاج بناسرێت: • ڕاستی ئەوەیە هەلاج کێ بووە؟ • تا چ ئەندازەیەک هەلاج سیستەمی دەسەڵاتی تۆقاندووە؟ • بۆچی ئەو جۆرە تۆڵەسەندنەوە و شێوەی کوشتنە و بنبڕکردنی ناو، دەرهەق بە هیچ کەس و گرووپێکی دژ بە دەسەڵاتی عەباسی نەکراوە؟ • ئایا هۆکارە سەرەکییەکە پیاوانی ئایینیی سەردەم بوونە یان جۆری تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵات؟ ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن هێشتا بە وردی وەڵام نەدراونەتەوە. بەڵام با ئەوەش بڵێین کە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکە زۆرتر کتێبە چوار بەرگییەکەی لوئی ماسینیۆن (Louis Massignon؛ ١٩٦٢-١٨٨٣)ـە کە عەبدولغەفوور ڕەوانفەرهادی (لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٩، کابول، ئەفغانستان) وەریگێڕاوەتە سەر فارسی بە ناوی “قوس زندگی منصور حلاج”. لەوێدا زۆرتر باس لە کەسایەتیی هەلاج دەکات، بەڵام لە هەندێک ڕووەوە کەوتووەتە هەڵەی مێژووییەوە؛ وەک: کاتێک دەربارەی سەرەتا و چۆنیەتیی ژیانی دەڵێت باوکی هەلاج کە چووە بۆ شاری “واست” (شارێکە لە بەینی بەسرە و کووفەدا) هەلاجی لەگەڵ خۆیدا بردووە و لەوێ خستووییەتە بەر خوێندن (ل ١٨)، کەچی دوو لاپەڕە لەو لاترەوە ڕەدی دەکاتەوە و دەڵێت شاری “بەیزا” (لە نزیک شاری شیرازی ئێران) کە هەلاجی تێدا لەدایک بووە، ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە بۆیە ڕۆیشتووە بۆ “واست” (ل ٢٠). ماسینیۆن بە وردی ئاگاداری ژیانی هەلاج نەبووە، بۆیە دەڵێت: “پێدەچێت هەلاج پەیوەندیی لەگەڵ بزووتنەوەی قەرمەتیەکان (قرامگە)دا بووبێت”، بێئاگا لەوەی بۆ خۆی یەکێکە لە ڕابەرەکانی ڕێکخراوی قەرمەتیەکان. هەلاج دژمنی سیستەمی دەرەبەگایەتی (فیۆداڵی) بووە؛ دەسەڵاتدارانی خەلیفە هەریەکەیان هەزاران دۆنم زەوییان هەبووە و لەو سەردەمەدا زەوی بە جووتیارەوە دەفرۆشرایەوە. وەک زانراوە، قەرمەتییەکان پەلاماری کەعبەیان دا و دروشمی (اهدم الکعبە)یان هەبوو. بیروڕای هەلاج لەوانەوە نزیک بووە، بەڵام ماسینیۆن وەڵامەکەی بەو شێوەیە داوەتەوە کە گوایە مەبەستی هەلاج ئەوە بووە: “کەعبەی بتی تەن و لەش وێران بکە” (ل ٤٧). خاڵە جەوهەریەکی دی: کاتێک دەربارەی کەسایەتییەکی مێژوویی دەنووسرێت، ناکرێت لەسەر بناغەی “ڕەنگە و لەوە دەچێت” خاڵ بخرێتە سەر پیتەکان. ماسینیۆن دەڵێت: “لەوە دەچێت هەلاج خۆی لە پلەوپایەیەکی بەرزی ئایینیدا دیبێتەوە” (ل ٢٥). پێم وایە هەلاج کۆشاوە هەندێک وشە و واژەی کۆمەڵەی (موعتەزیلە)کان بەکار بهێنێت و بە ناوی خۆیەوە ڕایانبگەیەنێت. لەو سەردەمەدا کە کۆمەڵەی (زەنج) لە لووتکەی ناوبانگیاندا بوون، زۆر کەس کۆشاون ئەو تۆمەتە بدەن لە هەلاج گوایە پەیڕەوی ئەو کۆمەڵەیە بووە. سەرچاوەیەکی تر دەڵێت ئیبراهیم مەقدسی ڕەنگە هەلاجی بینیبێت و تۆماری کردبێت. ماسینیۆن لە لاپەڕە ١٧دا دەڵێت: “وابزانم باوکی هەلاج لە ڕاستیدا هەلاج بووە”. لە کۆتاییدا، هەرچەندە کارەکەی ماسینیۆن شایانی ڕێزە، بەڵام دەستی نەخستووەتە سەر ڕاستەقینەکە؛ کە ئەویش ئەوەیە هەلاج دژمنی سەرسەختی سیستەمی دەرەبەگایەتی بووە. گرفتەکە ئەوەیە ماسینیۆن هەر لە “ئاسماندا” بەدوای هەلاجدا وێڵ بووە و ئەوەی لەبیر کردووە کە دوای ئەوەی دەوڵەتی عەباسی باری ئابووریی خراپ دەبێت، دەڤەری (سەواد) کە زەوییەکی
پڕ لە بەرەکەتی دەوروبەری بەغدا بووە، دەفرۆشرێت بە چینی دەستڕۆیشتووی دەوڵەت. هەلاج دژمنایەتیی ئەم سیستەمەی دەکرد، بۆیە کارێکیان کرد لە زیندان دەریبهێنن و بەو شێوە دڕندانەیە بیکوژن. وا باو بووە کە دەزگای خەلافەت خەڵکی ناچار کردووە هەلاج بەردباران بکەن؛ یەکێک لەوانە (شیبلی) کۆنەهاوەڵی بووە. دەوترێت شیبلی پارچەقوڕێکی تێگرتووە و جلەکانی قوڕاوی کردووە (وەک لە تەزکیرەتولئەولیای عەتاردا هاتووە)، بەڵام ماسینیۆن ئەو پارچەقوڕەی کردووەتە “دەستەگوڵ”. لەوە دەچێت ئەو قوڕتێگرتنەی شیبلی لە هەقیقەتەوە دوور بێت؛ کە شیبلی ببرێتە پای سێدارە و گوڵێک بگرێتە هەلاج، ئەم داستانە لە بنەڕەتەوە ساختەیە و دوورە لە واقیعەوە.

