رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر و ڕێکخراوی UNDP، هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی پشتێنەی سەوزایی تاوتوێ دەکەن

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌ بەردەوامەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەشەپێدانی ژینگەیی و ڕووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ دووشەممە 2026.5.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی و گرنگی ” پشتێنەی سەوزایی” لەگەڵ شاندێكی ڕێکخراوی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) كۆبۆوە.

له‌ كۆبوونەوەیەكدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەرز نرخاندنی کار و چالاکییە مرۆیی و گەشەپێدانییەکانی ڕێکخراوی UNDP لە سنوورەکە، دەستخۆشی لە ئاستی هەماهەنگی و هاوبەشیی نێوان هەردوولا کرد، لای خۆیانەوە، شاندی ڕێکخراوەکە سوپاسی پاڵپشتی و ئاسانکارییە بەردەوامەکانی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانیان.

دواتر تیشک خرایە سەر هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی و ژینگەیی “پشتێنەی سەوزایی هەولێر”، کە لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا بڕیاری لەسەر دراوە و لە ( 8 ) زۆنی جیاواز پێکهاتووە، ئامانج لێی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ڕێگریکردن لە بەبیابانبوون و زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە لە هەولێری پایتەخت.

لەوبارەیەشەوە، گفتوگۆ لەسەر داڕشتنی پلانێکی کاری هاوبەش بە مەبەستی دەستپێکردنی کارە فەرمییەکان لە یەکێک لە زۆنەکانی پڕۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوی UNDP کرا. لەم چوارچێوەیەشدا، بوودجە، تێچووی دارایی و پێداویستییە لۆجستییەکانی ئەو زۆنە خرایەڕوو و. لای خۆیانەوە، شاندی ڕێکخراوەكە ئامادەیی تەواوی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ گرتنەئەستۆ و جێبەجێکردنی زۆنێك لە پڕۆژە مەزنەکە، وەک بەشێک لە پابەندبوونیان بە پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی بەردەوام لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

لەكۆبوونەوەكەدا، هەریەك لە سەرۆكی شارەوانی، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی، بەڕێوەبەرانی ئەندازە، پلان دانان، قەیرانەکان، پەیوەندیەكانی پارێزگا، بەشداربوون.

جێگەی باسە، پڕۆژەی “پشتێنەی سەوزایی هەولێر” یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین دەستپێشخەرییە ژینگەیی و ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، کارەکانی دەستیپێکردووە و ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمکردنەوەی خۆڵبارین، دابەزاندنی پلەکانی گەرما و پاککردنەوەی هەوای هەولێری پایتەختە، پانی پشتێنەکە( 2 کیلۆمەتر)ە و درێژیەكەی نزیکەی( 78 بۆ 83 کیلۆمەتر)ە و کۆی ڕووبەری تەرخانكراو بۆی ( 166 کیلۆمەتر دووجایە ) هاوتا لەگەڵ ماستەرپلانی هەولێر و لە 8قۆناغ ( زۆن ) پێکهاتووە، لە قۆناغی یەکەمدا كە ڕووبەری( 13 هەزار دۆنم زەوی ) دەگرێتەوە، كاركردن تێیدا بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە ( 700 هەزار ) نەمام چێندراون و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ژمارەی نەمامە چێندراوەکان دەگاتە یەک ملیۆن نەمام.