رۆژنامەی ھەولێر

ژمارەیەک کورسیی کەمئەندامان، بەسەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابەشکرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2026.5.25، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین یاسین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، بە مەبەستی هاوکاریکردن و ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، لە ڕێوڕەسمێکدا ژمارەیەک کورسیی کەمئەندامان بەسەر هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابەشکرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، جەختی لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگە کردەوە و ستایشی کارە خێرخوازییەکانی ئەندامی پەرلەمان سەفین یاسینی کرد بۆ دابینکردنی ئەم کورسییانە، هەروەها تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پارێزگای هەولێر بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەمئەندامان و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و هاوئاهەنگی نێوان لایەنە حکومی و پەرلەمانییەکان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و كەم ئەندامان.