مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
یانەی بەنفیكا لە دۆسیەی مۆرینهۆدا تۆڵە لە ریاڵ مەدرید دەكاتەوە
بە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی نێو یانەی ریاڵ مەدریدەوە، بەربەست بۆ گواستنەوەی خۆزێ مۆرینهۆ بۆ ریزەكانی ئەو یانەیە دروست بوو، كە چاوەڕێ دەكرا لە ماوەكانی داهاتوودا خۆزێ مۆرینهۆ ببێتەوە راهێنەری شایانە.
هەرچەندە خۆزێ مۆرینهۆ خواستی لەسەر ئەوەیە بگەڕێتەوە یانەی ریاڵ مەدرید، بەڵام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی یانەی ریاڵ مەدرید، ئەو هەنگاوەی دواخستووە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی باسی لەوە كردووە، كە یانەی بەنفیكای پورتوگالی، ئەو دۆخە دەقۆزێتەوە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ریاڵ مەدرید، بە هۆی هەڵوێستێكی پێشووتریەوە و هەوڵی دەستخستنی بڕی 7 ملیۆن یۆرۆ لە ڕۆیشتنی مۆرینهۆ دەدا، وەكوو مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەی كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆتایی پێ دێت.
ریاڵ مەدرید پێگر كراوە بەوەی دانوستان لەگەڵ یانەی پورتوگالییەكە بكا لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە لەگەڵ نەبوونی مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی، ئەوەیش دەرگە لەبەردەم كارگێڕیی بەنفیكا دەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕەپارەی دیكەیان دەست بكەوێت
باسی لەوەش كردووە، كە پەیوەندیی نێوان ریاڵ مەدرید و بەنفیكا لەم چەند مانگەی دواییدا كێشە و ئاڵۆزیی تێ كەوتووە، بە هۆی كەڵەكەبوونی چەند پرس و بابەتێكەوە، وەكوو رۆیشتنی ئەلڤارۆ كاریراس و گەنگەشە و مشتومڕ لەسەر گواستنەوەی كە پێش مۆندیال یان دوای مۆندیالی یانەكان بێت، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا و ئەوەی لە نێوان جیانلۆكا بریستیانی و ڤینیسیۆس جۆنیۆردا رووی دا.
پرسی مۆرینهۆیشی هاتە سەر و گرژییەكانی زیاتر كرد، لە كاتێكدا مۆرینهۆ رایگەیاندووە وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانە پورتوگالییەكەدا بەردەوام نابێ، سەرەڕای وابەستەیی بە درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی دیكەیش.
یانە پورتوگالییەكە بەوە بێزار و نیگەران بووە كە مۆرینهۆ رۆیشتنی لە یانەكە ڕاگەیاندووە بە شێوەیەكی نادۆستانە. لە كاتێكدا رۆژی پێنجشەممە ئۆفەری نوێكردنەوەی پێشكەش كرا و دوای خستبوو بۆ یەكشەممە، بۆ دوای دوایاریی یانەكە لە وەرزەكەدا.
لە بەرانبەردا خۆزێ مۆرینهۆ نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی لەوە دەربڕی كە بەنفیكا پێشكەشكردنی ئۆفەری بۆ دواخستووە، پێی وایە ئەوە هەنگاوێكە لە ژێر فشاردا دوای ئەوەی ریاڵ مەدرید پەیوەندیی پێوە كردووە.
مۆرینهۆ دووپاتی كردەوە كە بڕوای تەواوی بەوەیە كە داهاتووی ژیانی پیشەگەریی خۆی لە بەنفیكا دوور دەبێ، تەناتەت گەر فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ سەرۆكایەتیی یانەكەیش دەرنەچێتەوە. باسی لەوە كرد گرێبەستی دیكەیشی لە یانە گەورەكانەوە بۆ چووە.
مۆرینهۆ دەركی بەوە كردووە كە فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا هەموو سەرنجی خۆی دەخاتە سەر یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردن لە بری ئەوەی كار لەسەر كارە هونەرییەكان بكات. مۆرینهۆیش چاودێریی پێرێز دەكات تا بزانێ ناوی مۆرینهۆ وەكوو راهێننەر دەستنیشان دەكا تا دەنگدەران پشتیوانیی زیاتری بكەن، ئەوەیش پێگەیەكی باش بە مۆرینهۆ دەدات.
باس لەوە دەكرێ كە خۆزێ مۆرینهۆ و ریاڵ مەدرید ڕێك كەوتوون و چاوەڕوانی گرێبەستی فەرمی دەكەن، گرێبەستەكەی بۆ دوو ساڵ دەبێ و ئەگەری نوێكردنەوەی ئۆتۆماتیكی بۆ سێیەم ساڵ لەو كاتەی خولی ئیسپانیا بباتەوە.
پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی سەرنجڕاكێشدا، فلۆێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید، رایگەیاندبوو: یانەی ریاڵ مەدرید لە كەشێكی گرژدایە لە چەند ڕووەوە، ئەوەیش وای كرد كە پێرێز پەیامەكانی بەوپەڕی ڕاشكاوی و توندی بگەیەنێت، بەرگرییەكی سەرسەختانەی لە كارگێڕییەكەی كرد و هێرشی ڕاشكاویشی كردە سەر بەرهەڵەستكارانی.
ریاڵ مەدرید ئەم وەرزە بەبێ بەدەستهێنانی هیچ ناسناوێك، هەموو خول و پاڵەوانیەتییەكانی كۆتایی پێ هێنا. هەرزوو لە جامی شای ئیسپانیا دەرچوو، لە چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگ لەسەر دەستی بایرن میونشن دوور خرایەوە و پێش سێ گەڕ لە كۆتاییهاتنی خولی ئیسپانیا، ناسناوەكەی لە بەرژەوەندیی بەرشلۆنە لە دەست دا.
پێرێز دووپاتی كردەوە، كە بە هیچ جۆرێك بیر لە وازهێنان لە سەرۆكایەتیی ریاڵ مەدرید ناكاتەوە، سەرەڕای فشار و ڕەخنەكان، بەڵكوو رایگەیاند بەردەوام دەبێ بۆ پارێزگاری لە یانەكە و سەقامگیرییەكەی.
هاری كین ژمارەیەكی تێپەڕاند، كە 98 ساڵە تێنەپەڕێندراوە
هاری كین، یاریزانی ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشن، بووە دووەمین یاریزانی ئینگلیزی كە لە پێنج خولەكە گەورەكەی ئەورووپادا 60 گۆڵ یان زیاتری لە یەك وەرزدا تۆمار كردبێت. دوای ئەوەی سەركردایەتیی بایرن میونشنی كرد لە بردنەوەی جامی ئەڵمانیا لەسەر حسابی یانەی شتوتگارت.
كاپتنەكەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لەو یارییەی شەممەی ڕابردوو بەرێوە چوو، هاتریكی تۆمار كرد و سەركردایەتیی میونشنی كرد لەوەی بە ئەنجامی 3-0 گۆڵ یارییەكە بباتەوە و جامی ئەڵمانیا بە دەست بهێنێ، بەو جۆرەی ژمارەی گۆڵەكانی هاری كین لە وەرزەكەدا و لە هەموو خول و پاڵەوانیەتییەكاندا گەیشتە 61 گۆڵ.
دیكسی دی، یاریزانی دیكەی ئینگلیزی بوو كە توانیبووی بەربەستی تۆماركردنی 60 گۆڵ بشكێنێ، ئەویش 100 ساڵ پێش ئێستە بوو لە وەرزی 1927 – 1928، كاتێك بە درێسی یانەی ئێڤەرتۆن توانیبووی ئەو ڕێژە گۆڵە تۆمار بكات.
دواگۆڵی كین لەگەڵ یانەكەی لەم وەرزەدا بە لێدانی سزا بوو لە كاتی زیادكراودا كە ڕۆڵی هەبوو لەوەی یانەكەی 21ـەمین ناسناوی جامی ئەڵمانیا بباتەوە، خۆیشی گەیشتە ژمارەیەكی گەورەی گۆڵكردن لە پێنج خولە گەورەكەی ئەورووپا، كە پێشتر كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ ریاڵ مەدرید لە وەرزی 2014 – 2015ـدا 61 گۆڵی تۆمار كردبوو.
هاری كین، ڕایگەیاندووە كە بەرپرسیاریەتیی ئەو وەك هەر كەسێكی تر، سەركردایەتیی تیپەكەیە بۆ بردنەوەی ناسناوەكان.
لە بارەی تۆماركردنی هاتریك لە یاریی كۆتایی جامی ئەڵمانیا، وتی: هەستێكی خۆشە كاتێك هاتریك لە یاریی كۆتایی تۆمار دەكەی، ئەو یادەوەرییانە هیچ كات لە بیر ناكرێن.
ئەوە تەنیا چوارەم جارە لە مێژووی یارییە كۆتاییەكانی جامی ئەڵمانیادا یاریزانێك بتوانێ هاتریك تۆمار بكات، پێشتر ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكیی پۆڵەندییش لە یاریی كۆتایی جامی ئەڵمانیای 2012 هاتریكی بەرانبەر بایرن میونشن تۆمار كرد، كاتێك لە یانەی بوڕوسیا دۆرتمۆند بوو.
كین ئەوە دووەمین یاریی لەسەریەكی بوو كە هاتریكی تۆمار كرد، لە دوایاریی یانەكەیشی لە خولی ئەڵمانیا بەرانبەر كۆڵن هاتریكی تۆمار كرد، كە یانەكەی بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
هەروەها ئەوە پێنجەم هاتریكە لە مێژووی ژیانی ئەو هێرشبەرە ئینگلیزییە، كە لە دوو یاریی لەسەریەكدا هاتریك تۆمار بكا، پێشتریش لە سێپتێمبەری 2024 ئەو كارەی كردبوو.

