ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەمیشە چێژی ڕاستەقینە و گەشتی فیکریی لەگەڵ ئەو نووسەرانەدا سەرنجڕاکێشە کە ئەزموونگەرن. بەجۆرێک کە هەر کتێبێکیان ئەزموونێکی نوێ و تازەیە. ئەو نووسەرانەی لە خۆدووبارەکردنەوەیەکی بێتامدا بەردەوامن بێزارم دەکەن، ناڵێم نایانخوێنمەوە، بەڵام ئەو چێژە وەرناگرم کە لە نووسەرێکی ئەزموونگەریی وەردەگرم. بەڵام لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدات، کام ئەزموونگۆڕین و بەرەو کوێ ئەزموونی نوێ تاقیدەکەینەوە؟
نووسین بۆ نووسەرە داهێنەرەکان چەشنی گەمەیەکە، کە لە هەر بەرهەمێکی نوێدا دەیانەوێت یاساکانی ئەو گەمەیە بگۆڕن. داهێنەرەکان، بە وریایی و بەرەو یاساگەلی نوێ سەرزەمینی تازە خوێنەران ئاراستە دەکەن. کاتێکیش ڕوون دەنووسن دەستبەرداری قووڵایی نابن و بەرهەمەکانیان سادە ناکەنەوە. ڕەنگە دیارترین نموونە و بەرجەستەترین نووسەر لەم سەردەمەدا “ئۆرهان پاموک” بێت، کە لە ئەزموونگەرتریین نووسەرەکانە کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە. ئەم نووسەرە هەر بەرهەمێکی جیهانێکی جیاوازە و ئەزموونێکی نوێی گێڕانەوەیی و حیکایەتە، (بێگومان خاڵی هاوبەش لە تەواوی ئەزموونەکەدا دەدۆزینەوە، بەڵام لێرەجا مەبەستمان لە شێوازی گێڕانەوە و ئەو تێمەیانەیە کە نووسەر کاری لەسەر کردوون و ئەو جیهانە گێڕانەوەیەیە کە خولقاندوویەتی). بۆیە هەمیشە چێژێکی بێکۆتایی لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە دەبینم و هەر جارێک بەرهەمێکی دووبارە دەخوێنمەوە هەست بە گەشتێکی نوێی گێڕانەوەیی دەکەم. ئەمەش خاڵی تایبەتمەندی نووسەرە ئەزموونگەرەکانە، بەڵام کاتێک نووسەرێک دێت هەوڵی تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێی گێڕانەوەیی دەدات و توانای تێپەڕاندن و دروستکردنی جیاوازی و سەرزەمینێکی نوێی گێڕانەوەیی نییە، ئەمە ئەزموونگەریی نییە، ئەمە جۆرێکە لە بەلاڕێدابردنی ئەزموونی نووسین.
ئەم هەفتەیە کتێبی “تارژەنی ڕەنگ”ی عەتا محەمەدم خوێندەوە، نازانم جاری چەندهەمە ئەم کتێبە بچووکە 95 لاپەڕەییە دەخوێنمەوە. دوای هەر خوێندنەوەیەکی هەست بە سەختی نووسین و ئەو باڵادەستییەی نووسەر دەکەم، بەسەر گێڕانەوەدا، کە لەوکاتەی ئەم تێکستەی تێدا نووسیوە چەندە باڵادەست بووە. عەتا بە دوو ئەزموونی گێڕانەوەییدا تێدەپەڕێت، ئەزموونێکی سەرەتایی کە تژییە لە ئەفسانەسازی و حیکایەتسازیی و خەیاڵچنین، کە لای من تایبەتترین ئەزموونی گێڕانەوەیی عەتا محەمەدە، بەڵام ئەزموونە نوێکانی کە واقیع بەتەواوی داگیری دەکات و عەتا لە خەیاڵساز و حیکایەتسازەوە دەکاتە واقیعسازێکی ڕۆژانەیی، کە من زۆر چێژی ئەم تێکستە نوێیانەی ناکەم و ناوە ناوە دەگەڕێمەوە بۆ تێکستە کۆنەکانی. لێرەوەیە کە ئیدی درەوشانەوەیی ئەزموونەکەی بەرەو کەمتیشکی دەڕوات و بەرەو سادەییەک هەنگاو دەنێت کە بێ قوڵایی بێت. ئەزموونەکانی پێشتری عەتا محەمەد ئەگەرچی هەندێکجار سەخت بوون، بەڵام ڕوونی زۆریان تێدا بوو و سادە نەبوون. بەڵام پێموایە پەڕینەوەی بەرەو ئەزموونێکی واقیعی سادە بە زیان بۆ ئەزموونەکەی شکاوەتەوە.
من ئێستاش دوای ساڵانێک بەسەر ئەو ئەزموونانەدا چێژی بێکۆتایی لە “زارەکانی خەون” و “تارژەنی ڕەنگ” و ئافاتەکانی بنەماڵەی مێخەک” زۆر تێکستی دیکەی ئەو قۆناغەی ئەم نووسەرە وەردەگرم، بەڵام ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەزموونە نوێکانی کە کەمڕەنگترە لە دونیابینییەکانی ئەو خەیاڵسازە بێدەنگەی تێکستەکان دەنگی ئەو بوون.
نووسەر لەم کتێبەدا چەشنی خەیاڵسازێک بە ئاستێکی بەرزی گێڕانەوەیی و فیکرییەوە حیکایەتە سەیروسەمەرەکانی عەشق دەگێڕێتەوە، حیکایەتگەلێک کە لەم سەردەمی هەرەسی عەشق و دونیایەی بووەتە یەکپارچە نمایشگەرایی جەستەیی ئەو دەمانگێڕێتەوە بۆ نێو جیهانێک پاکژی عەشق کە هێشتا مرۆڤەکانی بۆ ڕازیکردنی دڵی یەکتریی، یان سەلماندنی ڕادەی خۆشویستن ئامادەی قوربانیدانن. عەشق لەنێو حیکایەتەکانی ئەم کتێبەدا سەنتەرە، بۆیە خوێنەر گەشێکی چێژبەخش لەگەڵ ئەم حیکایەتانەدا دەکات و بەر جیهانێک دەکەوێت کە عەشقێکی جاویدانەگی سەرداری هەموان بووە.
نووسەر لەم بەرهەمەدا چەشنی حیکایەتسازێکی بێدەنگ، یان حیکایەتسازی بێدەنگیی خۆی لەدوورەوە وەستاوە و ئەوەی دەدوێت وشەیە، کە لە هەندێک حیکایەتدا تاڕادەی برینداربوون و خوێنلێچۆڕان وشەکان دەدوێنێت.

