بەکر کەریم حەسەن*
(ئەفلاتون) گەورە فەیلەسووفی یۆنانی دەڵێ “وشە دزێوەكان تەنیا لە خۆیاندا خراپ نین، بەڵكو ناخی مرۆڤەكانیش بە خراپە ژەهراوی دەكەن”.
بێگومان وشەی ناشیرین و سەرزەنشت و سەركۆنە و تا دوایی لە ژینگەیەكی پڕ لە توندوتیژی و بێزاریدا هەمیشە وزەی نەرێنی و ناخی ژەهراوی دروست دەكات، وا دەكات هەرگیز مرۆڤ متمانەی بە خۆی نەبێت و بەرەوتێكچوونی كۆی ڕەفتارەکانی دەچێت و شێواو و پەرتەوازە و بێبەرهەم دەبێت. بە پێچەوانەوە وشەی جوان و هاندان و دەستخۆشی دەروونی مرۆڤ ڕێك دەخاتەوە و هاوسەنگیی دەروونی بۆ دروست دەكات و دەبێتە كەسایەتیەكی بەرهەمدار و جوان و پڕ وزەی ئەرێنی.
لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە ئەگەر لە ناو خێزان و دامەزراوەكان (قوتابخانە، زانكۆ، فەرمانگە) زمانی گفتوگۆ و ئاراستەكردن زمانێكی ئەرێنی و ڕێز بێت، ئەوا كلتورێكی تەندروست و جوان و پڕ بەرهەم بنیات دەنرێت.
دەگێڕنەوە زانایەكی ژاپۆنی (ماسارۆ ئیمۆتۆ) توێژینەوەیەکی کرد؛ لە یەك سەرچاوەی ئاو دوو كوپ ئاوی هێنا. لە كوپی یەكەم هەرچی قسە و وشەی جوان و باش و ئەرێنی بوو بە ئاوەكەی ناو كوپەكەی گوت. بە ئاوی كوپی دووەم هەرچی قسە و وشەی خراپ و نەرێنی و ناشیرین بوو بەو ئاوەی گوت. دواتر ئاوەكانیان هێنا و خستیە ژێر مایكرۆسكۆپدا و سەدان جار گەورەی كرد و تەماشای ئاوەكانی كرد دیتی ئەو ئاوەی ناو كوپی یەكەم کریستالەکانی كە وشەی جوان و ڕەونەق و هاوسەنگیان دروست كردووە، بەڵام ئاوەكەی تر ناو كوپی دووەم كە هەرچی وشەی نارێك و ناشیرین و نەرێنی و خراپیان پێ گوتووە كریستاڵەكانی شێواو و ناشیرین و خراپ دەردەكەون. ئەو زانایە ئەو توێژینەوەی كە ئەنجامی دا لە لە پەرتووكێك نووسی بە ناوی (نامە شاراوەكانی ئاو)، ئەو كتێبە وەرگێڕدراوەتەوە سەر ٢٣ زمانی جیاواز لە جیهان بە ملیۆنەها دانەی لێ فرۆشراوە و دەكرێ بەردەستی بخەین. لە ئەنجامدا لەم توێژینەوە پێمان دەڵێت كە وشە كاریگەری لە سەر ئاو دروست دەكات و ئاو كاریگەرە بە قسە و وشە.
لێرەدا گرینگە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا قسەی ئەرێنی و باش و گونجاو بكات هەرگیز سەركۆنە و سەرزەنشتی خۆی نەكات. لەگەڵ ئەوەشدا لە خێزان و قوتابخانە و زانكۆی و فەرمانگەكان هەردەم لە هەوڵی ئەوەدابین بە قسە و وشەی ئەرێنی و جوان و باش و هاندان قسە بكەین لەگەڵ ئەوانیتر.
جەستەی مرۆڤ سییەكان زیاتر لە سەدا ٨٠ـی ئاوە؛ ڕێژەی ئاو لە خوێن زیاترە و دەگاتە سەدا ٨٢؛ لە پێستی مرۆڤ ڕێژەی ئاو سەدا ٧٠ زیاترە. لە مێشك و دڵ زیاتر لە سەدا ٧٣ و، ئێسكیش سەدا ٣٠ـی ئاوە. بە گشتی ئاو لە جەستەی مرۆڤدا نزیكەی سەدا حەفتایە. ئەو هەموو ئاوەی لە ئەندامە جیاوازەكانی مرۆڤدا هەیە كە ڕێژەكەی زۆرە هەر قسەی خراپ و نەرێنی كاریگەری خراپ و نەرێنی دروست دەكات لەسەر مرۆڤ. هەست بە خەم و ئێش و ئازار و نائومێدی دەكات. بۆیە هەرگیز نابێ قسەی خراپ و نەشیاو لەگەڵ خۆمان بكەین و لەگەڵ ئەوانیتریش بكەین، نەڵێین من گرفتم هەیە یان بەردەوام سەركۆنەی خۆت و نزیكەكانت بكەی، هەردەم پێویستە قسەی باش و ئەرێنی و هاندان لەگەڵ خودی خۆمان و نزیكەكان و دەوروبەرمان بكەین تاوەكو بە شێوەیەكی جوانتر و باشتر و پڕ بەرهەم و پڕ وزەی ئەرێنی دەربكەوین. لە بیرمان نەچێت مرۆڤەكان وەك ئەو كریستاڵە ئاویانەن كە بە وشەیەك دەبوژێنەوە و دەگەشێنەوە و بە وشەیەكیش دەشێوێن و سیس دەبنەوە.
* ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

