رۆژنامەی ھەولێر

لە سیاسەتی قەیرانەکانەوە بۆ پاراستنی ستراتیژی

ئاشنا بابان
سەردانەکەی ئەمجارەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، تەنها دیدارێکی پرۆتۆکۆڵیی ئاسایی نێوان دوو حکومەت نییە؛ بەڵکوو ڕەنگدانەوەی جۆرێکی ئاڵۆزە لە “پاراستنی ستراتیژی” (Strategic Hedging) کە تایبەتمەندیی ئێستای پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدایە.
لێرەدا “پاراستنی ستراتیژی” وەک ڕێبازێکی سیاسی دەردەکەوێت کە قەوارەکان لە کاتی ناسەقامگیریدا پەنای بۆ دەبەن؛ بە شێوەیەک کە هاوکاریی دوولایەنە لەگەڵ ڕێوشوێنی خۆپارێزی تێکەڵ دەکەن، تاوەکو هەم نەرمی لە بڕیاردانی سیاسییاندا هەبێت و هەم مەترسییەکانیش کەم بکەنەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، قەیرانی دارایی و نەوت، و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا، هەولێر سیاسەتێکی گرتووەتە بەر کە تێیدا “هێورکردنەوەی سیاسی” و “پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان” پێکەوە گرێ دەدات. ئەم واقیعە وای کردووە بەغدا وەک ناوچەیەکی ئابووریی گرنگ سەیری هەرێم بکات، کە دەکرێت بۆ بوژاندنەوەی بازرگانی، وەبەرهێنان و وزە سوودی لێ ببینێت و سوود لە ئەزموونی ئابووریی هەرێمیش وەربگرێت.
ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردا دێت و چەند پرسێکی گرنگ لە خۆ دەگرێت، وەک: مووچەی فەرمانبەران، ئایندەی هەناردەکردنی نەوت و میکانیزمی هەماهەنگیی دارایی. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق هاتونەتە کایەوە. پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان زیاتر جەخت لەسەر بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بکەنەوە لەبارەی دۆسیە دارایی، ئەمنی و نەوتییەکان. لە ساڵانی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێم بە سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی، سیاسەتی “سەبووریی ستراتیژی” پەیڕەو کردووە. واتە هەوڵی داوە لە ڕێگەی دانوستانەوە کێشەکان بەڕێوە ببات، تەنانەت لەوپەڕی گرژییەکانی پەیوەست بە نەوت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیشدا. ئەم ڕێبازە جۆرە “تۆڕێکی دڵنیایی سیاسی” دروست کردووە کە ڕێگری لە پچڕانی یەکجاریی پەیوەندییەکان دەگرێت.
لە ڕووی سیاسییەوە، هیچ هاوبەشییەکی ئابووری بەبێ متمانەی دوولایەنە سەرکەوتوو نابێت. بۆیە هەرێم دەیەوێت هاوکارییە ئابوورییەکان بکاتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی، هاوکات پارێزگاری لە سەربەخۆیی خۆی لە بڕیاری ئیداری و ئابووریدا بکات.
هەرێمی کوردستان باش دەزانێت کە پچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا تێچوویەکی زۆری ئابووری و سیاسیی دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادە نییە دەستبەرداری ئۆتۆنۆمی و قەوارەکەی ببێت. بۆیە هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان “هاوکاری لەگەڵ بەغدا” و “داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان” دروست بکات.
لەلایەکی دیکەوە، بەغداش پێویستی بەم سەقامگیرییە هەیە؛ چونکە دەزانێت سەقامگیریی عێراق بەبێ پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ هەرێم بەدی نایەت، بەتایبەت لە سایەی فشارە ئەمنی و ئابوورییەکاندا. لەبەر ئەوە، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت پەیوەندییەکانیان بە نەرمی بەڕێوە ببەن تاوەکو ڕێگری لە تەقینەوەی سیاسی بکەن.
لە ڕووی ئابوورییەوە، هەرێم خاوەنی ئەزموونێکی کراوەترە لە وەبەرهێناندا، ئەمەش دەرفەتە بۆ بەغدا تاوەکو بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات سوودی لێ ببینێت.
بەڵام ئەمە کاتێک سەر دەگرێت کە بەغدا وەک “هاوبەشێکی ئابووری” سەیری هەرێم بکات، نەک وەک “ڕکابەرێکی سیاسی”.
دۆسیەی نەوت هێشتا ئاڵۆزترین کێشەیە، بەتایبەت دوای ڕاگرتنی هەناردەکردن. بارزانی چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرێم دژی هەناردەکردنەوە نییە، بەڵکو گەرەنتیی یاسایی و دارایی بۆ پاراستنی مافەکانی دەوێت. ئەمە جەوهەری سیاسەتێکی وریایە: هاوکاری دەکەین، بەڵام دەستبەرداری ئامرازەکانی بەرگری لە خۆمان نابین.
سەبارەت بە مووچەش، ئەم پرسە بووەتە فشارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە. بۆیە هەولێر هەوڵ دەدات بژێویی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکاتەوە، تاوەکو هاووڵاتییان نەبنە قوربانیی گرژییەکان.
لە کۆتاییدا، سەردانەکەی مەسرور بارزانی نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا چوونەتە قۆناغی “بەڕێوەبردنی کێشەکان” نەک “کۆتاییهێنان بە کێشەکان”. ئەمە سیاسەتێکی ژیرانەیە؛ نە پەیوەندییەکان دەپچڕێنێت و نە دەستبەرداری شوناسی هەرێم دەبێت، بەڵکوو لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییەکاندا بەدوای هاوسەنگییەکی ناسکدا دەگەڕێت.