رۆژنامەی ھەولێر

پەنهان و سەرسامی لە چیرۆکی “مریەم”دا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

نازانم ساڵی چەند بوو یەکەم چیرۆکی مامۆستا “حسێن عارف”م خوێندەوە، بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا خوێنەری هەمیشەیی و بەردەوامی بەرهەمەکانیم و لێی بەهرەمەندبووم و هونەری چیرۆکی لا خۆشەویستتر کردم و لەو چیرۆکنووسانەیە هەر کات بمەوێت چیرۆکێکی جوانی بە زمانێکی جوان بخوێنمەوە لەڕیزی پێشەوەی ئەو چیرۆکنووسانەی کورە کە دەگەڕێمەوە لای چیرۆکەکانی. مامۆستا حسێن لەو چیرۆکنووسانەیە کە بەئاگاییەوە لەم هونەرەدا کاری کردووە، کە بەشێکی زۆری نەوەکەی ئەو ئەو ئاگاییەیان لەم هونەرە نەبووە. واتە ئاگاداری هونەرەکانی چیرۆک بووە و ئەو ئاگاییە کۆمەکی پێکردووە بۆ نووسینی هونەریانەی چیرۆک، بۆیە ئەزموونەکەی لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی چیرۆکی کوردییە و بونیادێکی پتەوی گێڕانەوەیی و فیکریی هەیە، کە لای زۆرێک لە چیرۆکنووسەکانی هاوسەردەمی ئەمە بەدی ناکرێت، هەر لەبەرئەوەیە کە ئەزموونەکەی درێژبووتەوە و نەوە دوای نەوە دەخوێنرێتەوە.
“مریەم” ناونیشانی چیرۆکێکی مامۆستا حسێن عارفە، کە مانگی ڕابردوو لەسەر ئەرکی خۆی چاپ بووە و بەدیاری بەسەر دۆست و خوێنەراندا دابەش کرا، من لەڕێی هاوڕێیەکی چیرۆکنووسەوە کتێبەکەم پێگەیشت و خوێندمەوە. وەکو لە پێشەکییەکەی مامۆستادا نووسراوە مێژووی نووسینی چیرۆکەکە بۆ ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی ونبوونی لەنێو ئەرشیفەکەیدا ئیدی لەم ماوانەدا دۆزیویەتییەوە و ویستوویەتی ڕووناکی چاپ ببینێت. ئەمە یەکێک لە کارەباشەکان بوو، کە چیرۆکەکە ڕووناکی بینی و چێژبینی حیکایەتخوانی لەئێمەدا نوێکردەوە.
لەم نووسینەدا نامەوێت بە وردی هەموو لایەنەکانی ئەم چیرۆکە بخوێنمەوە، تەنها لەڕێی ئەمک یادداشتە کورتەوە دەمەوێت یەک دوو خاڵ ڕوون بکەمەوە، کە لەم چیرۆکەدا لای من سەرنجڕاکێش بوون. خاڵێکی دیار لە چیرۆکی مریەمدا کە مامۆستا حسێن بە زەقی پەیڕەوی کردووە پەنهانی و سەرسامکردنە، لە چیرۆکی مریەمدا هەر لە سەرەتاوە شتێکی شاراوە و غەریب هەیە، کە تەواوی چیرۆکەکەشی لەسەر بونیاد نراوە و ئەمەش دەبێتە شاڕێگا بۆ بەردەوامی خوێنەر لەگەڵ چیرۆکەکەدا. بێگومان پەنهانکردن کاری هەموو چیرۆکێکە، بەڵام لەم چیرۆکەدا ئەم پەنهانی و سەرسامکردنە لە ئاستێکی باڵا و وەکو شاڕێگای گێڕانەوە دەبینرێت. “مریەم” تاقانەی خێزانێکی ئاساییە و خوێندکارێکە بەرەو باڵغبوون دەڕوات. کاتێک پیاوێک لە هەندەرانەوە دێتە ماڵیان و بە گەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، یەکەم پرسیاری لای خوێنەر ئەوەیە ئەم چیرۆکە لەوەدایە ئەم پیاوە کێیە؟ خوێنەر لەسەرەتاوە تا نزیکی کۆتایی بە گومانە لە پێگەی ئەم پیاوە و پەیوەندی بە مریەمەوە، لە نزیک کۆتاییەکاندا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕوون دەبێتەوە کە پێدەچێت باوکی بێت!
نامەوێت چیرۆکەکە بگێڕمەوە و چێژی چیرۆکەکە بکوژم بۆ خوێنەرانێک کە دەخوازن بیخوێننەوە، بەڵام خاڵێک لێرەدا گرنگە ئەوەیە خوێنەر هەر لە سەرەتای چیرۆکەکەوە دەکەوێتە نێو هەیەجانێکی پڕ لە پەنهان و سەرسامییەوە، کە دێڕبەدێڕ لەگەڵ گەشەی چیرۆکەکەدا ناتوانرێت دەستبەرداری بین. دوای خوێندنەوەی چیرۆکەکە پرسیاری ئەوەم لا دروست بوو، چیرۆک یانی دروستکردنی سەرسامی و هەیەجان، دروستکردنی دۆخێک کە ونبوویەک هەبێت و خوێنەرە دێڕبەدێڕ بەرەو پیریی بڕوات. ئەگەر چیرۆکێک ئەمەی تێدا نەبوو، مانای ئەوەیە یەکێک لە پایەگرنگەکانی تێدا نییە، ئەگەر چوار پایە بۆ بونیادی دروستبوونی چیرۆک دیاری بکەین ئەوا دروستکردنی سەرسامی یەکێکە لەو پایانە.
خاڵێکی دیکە کە لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە زمان لەم چیرۆکەدا درێژکراوەی هەمان زمانی ئەزموونەکەی پێشووی مامۆستایە لە ڕووی تەکنیکی گێڕانەوەییەوە هەست بە وردی و سەرنجی زیاتری چیرۆکنووس دەکەین و هەست بە هیچ زیادەیەک لە چیرۆکەکەدا ناکرێت، کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە هەرە سەرکەوتووەکانی هەر چیرۆکنووسێک.
لێرەوە دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتن بۆ مامۆستا حسێن دەخوازم و بەهیوام بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی دەستپێکێکی نوێ بێت بۆ چاپکردنەوەی بەرهەمەکانی دیکەی، کە خوێنەران تامەزرۆیین.