ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ركابەرییەكی سەخت دەكات لەسەر بەدەستهێنانی بەرزترین پلەی ریزبەندی لە خولەكە، لەپێناو بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكی دەرەوە شەڕی مان و نەمان دەكات، زۆرترین قسە و باسیش لەبارەی چارەنووسی باسم قاسم و ئەستێرەكانی یانەكە دەكرێت، رۆژنامەی هەولێر لە بەدوادچوونێكی ورد، چەندان زانیاریی لەبارەی پێكهاتەی داهاتووی یانەی هەولێر كۆكردووەتەوە.
ئامانجەكەی هەولێر هاتە دی
یانەی هەولێر لە دەستپێكی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند ئامانجی یانەكە لەم وەرزە لەگەڵ باسم قاسم بەدەستهێنانی یەكێك لە شەش پلەكەی سەرووی ریزبەندی خولەكەیە، بەمەش هەولێر تاڕادەیەكی زۆر پلەی سێیەمی مسۆگەر كردووە و دەتوانێت وەرزی داهاتوو بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی یانەكانی كەنداو بكات، هەولێر دەرفەتی بەدەستهێنانی پلەی دووەمیشی ماوە، ئەگەر ئەم پلەیە بباتەوە دەتوانێت وەرزی داهاتوو بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا دوو بكات.
چارەنووسی باسم قاسم لەگەڵ هەولێر چی بەسەر دێت؟
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، باسم قاسم بە تەواوەتی سەرسامە بە ژینگە و ژیانی شاری هەولێر، تەنانەت لەگەڵ كەشوهەوای یانەی هەولێر و هاندەران زۆر ئاسوودەیە و حەز دەكات بۆ وەرزی داهاتوو بە یەكجاری لە هەولێری پایتەخت نیشتەجێ بێت و لەگەڵ قەڵاومنارە بەردەوام بێت.
باسم قاسم، پێشتر راهێنەرایەتی یانەكانی سلێمانی و زاخۆ و دهۆكیشی كردووە، نازناوی خولی نایابی عێراقی بۆ دهۆك بەدەستهێناوە، بەڵام بە گوتەی خۆی هیچ یانەیەك بۆ ئەو هێندەی هەولێر هێمن و خۆش نییە، تەنانەت داوای لە بەرپرسانی یانەی هەولێر كردووە ئامادەیە بۆ وەرزی داهاتوو لە یانەكە بمێنێتەوە بە مەرجێك گرێبەستی بەشێك لە یاریزانەكان بە زووترین كات نوێ بكرێتەوە.
رۆژنامەی هەولێر زانیاری دەستكەوتووە كە باسم قاسم چەند كەسێكی راسپاردووە بۆ ئەوەی خانوویەكی گەورەی لە شوێنێكی خۆشی هەولێر بۆ بكڕن و دەیەوێت بە یەكجاری لەگەڵ خانەوادە و كەسوكارەكەی لە هەولێری پایتەخت بژیت.
شێرزۆد دەچێتە كام یانە؟
شێرزۆد تێیمیرۆڤ، هێرشبەری ئۆزبەكستانی یانەی هەولێر چەندان ئۆفەری پێگەیشتووە، بەڵام ئەو یاریزانە بڕیاری داوە تا دوای مۆندیال چارەنووسی خۆی یەكلایی نەكاتەوە، بەڵام رۆژنامەی هەولێر لە كەسێكی نزیك لەو یاریزانە زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە كە شێرزۆد بڕیاریداوە جگە لە هەولێر یاریی بۆ هیچ یانەیەكی عێراق نەكات.
شێرزۆد تێیمیرۆڤ، هێرشبەری یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق پێشەنگی گۆڵكارانی گرتووە و لە كۆی 31 یاری، 28گۆڵ كردووە، لە جامی عێراقیش لە دوو یاری گۆڵێكی كردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، شێرزۆد تێیمیرۆڤ چەندان ئۆفەری پێگەیشتووە، بەتایبەتی یانەی گەرمە بە گرێبەستێكی گرانبەها بۆ گواستنەوەی هاتووەتە سەرهێڵ. لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی وەسڵی ئیماراتیش داوای هێرشبەرە ئۆزبەكستانییەكەی هەولێر دەكات، چەند ئۆفەرێكیشی لە خولی توركی و قەتەری پێگەیشتووە، بەڵام شێرزۆد هەموو دەرگایەكی گفتووگۆی بەڕووی هەموو یانەكان داخستووە و بڕیاری داوە تا دوای مۆندیال چارەنووسی خۆی یەكلایی نەكاتەوە، بەوپێیەی ئەو یاریزانە ئێستا لە لایەن فابیۆ كاناڤارۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆزبەكستان بانگهێشتی مۆندیالی 2026 كراوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە یانەی هەولێر بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند شێرزۆد لە یەك حاڵەتەدا یانەكە جێدەهێڵێت ئەگەر ئۆفەرێكی باشی لە یەكێك لە یانەكانی كەنداو یان دەرەوە بۆ هات.
شێرزۆد پێش ئەوەی لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی هەولێر بكات لە خولی نایابی هۆنگ كۆنگ لەگەڵ یانەی كیچی لە كۆی 52 یاری، 23 گۆڵ و 8 ئەسیستی كرد بوو، لە نێوان ساڵانی 2022 تــا 2023 یاریی بۆ پێرسپۆلیس و پەیكانی ئێرانیش كردووە.
شێرزۆدی تەمەن 27 ساڵ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ یەك وەرزە لە هاوینی ئەمساڵ دەبێتە یاریزانێكی ئازاد و بڕی گرێبەستەكەشی لەگەڵ یانەی هەولێر 255 ملیۆن دینارە بە زمانی بازار دەكاتە حەڤدە دەفتەر دۆلارە (170000$).
هەولێر هێرشبەرێكی پیشەگەری لەدەستداوە؟
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، مایكۆڵ كابرێرای هێرشبەریە سەرەڕمی یانەی هەولێر لەگەڵ یانەی زەورا گەیشتووەتە رێككەوتن، بەپێی ناوەڕۆكی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی هەولێر، ئەو یاریزانە دەتوانێت پێش كۆتایی هاتنی وەرز گفتووگۆ لەگەڵ هەر یانەیەك بكات كە دەیەوێت.
مایكۆل كابرێرای هێرشبەری ئۆروگوایی لە گواستنەوەی زستانە روویكردە یانەی هەولێر، لە كۆی 14 یاری، 7 گۆڵی بۆ بەرگزەردەكانی پایتەخت كردووە.
كومەیل سەعدی لەگەڵ هەولێر دەمێنێتەوە؟
كومەیل سەعدی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر یەكێك بوو لە چەكە كاریگەر و بەهێزەكانی ئەم وەرزەی قەڵای زەرد، باسم قاسم لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند كاتێك سەیری كومەیل دەكات رەعد حەموودی گۆڵپارێزی ناوداری پێشووی هەڵبژاردەی عێراقی بیر دەكەوێتەوە كە بەشداریی لە مۆندیالی 1986 كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە یانەی دهۆك زۆرترین هەوڵی داوە بۆ ئەوەی كومەیل سەعدی رازی بكات بچێتە ریزی هەڵۆیەكانی بادینان، بەڵام هێشتا بە فەرمی ئەم بابەتە یەكلایی نەبووەتەوە.
رۆژنامەی هەولێر زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە كومەیل سەعدی چاوەڕێی داهاتووی باسم قاسم دەكات لەگەڵ یانەی هەولێر، ئەگەر بزانێت یانەكە پرۆژەیەكی بۆ وەرزی داهاتوو هەیە و پارێزگاری لە ئەستێرەكانی دەكات لەم هاوینە ریزەكانی ئیمپڕاتۆر جێناهێڵێت و هەر لە هەولێر دەمێنێتەوە.
كریستیان باركۆ دەگەڕێتەوە یانەكەی پێشووی؟
كریستیان باركۆ لە گواستنەوەی زستانە بۆ شوێنی موعتەز زادەمی ناوەراستكاری توونسی گواسترایەوە یانەی هەولێر و لە قۆناغی دووەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق هەمووانی بە ئاستە بەرزەكەی شۆك كرد.
كریستیان باركۆی ناوەراستكار و مایسترۆی ئەرجەنتینی لە گواستنەوەی زستانە بەشێوەی خواستن لە یانەی گویبارای خولی نایابی غانا پەیوەندی یانەی هەولێر كرد.
باركۆ لە خانەوادەیەكی وەرزشی لە وڵاتی ئەرجەنتین لە دایكبووە، برای باركۆ یاریی ریڤەرپلەیت كردووە و ئێستا برایەكەی باركۆ یاریی بۆ یانەی سپارتا مۆسكۆی رووسی دەكات.
باركۆی تەمەن 25 ساڵ زۆرترین ئۆفەری لە لایەن یانە گەورەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق پێگەیشتووە، بەڵام ناتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ یانە غاناییەكە لەگەڵ هیچ یانەیەك گفتوگۆ بكات، هەولێر خواستێكی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی ئەم ناوەراستكارە ئەرجەنتینییە بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزەكانی قەڵاومنارە بهێڵێتەوە، هەرچەندە یانەكانی شورتە و زەورا بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە ململانێدان.

