رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ ھەزاران پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن

ئەمڕۆ ھەزاران پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران، خانەنشینان، پێشمەرگە و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار پارچە زەوییش دابەشکراون.

ڕۆژی ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە و بەپێی بڕیارەکان ھەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک ‏ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت و ھەر خانەنشینێکیش لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەکی ٢٠٠ مەتریی پێ دەدرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٧٣ ھەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ٢٠ ھەزار پارچە و لە دھۆک کەمتر لە ١٠ ھەزار پارچە و لە ھەڵەبجە تەنیا ٦٠ پارچە دابەشکراون.
لە تەواوی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار پارچە زەوی دابەش کراوە.
بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، دەڵێت: لە سەنتەری شارەوانی ئاکرێ تا ئێستا زیاتر لە ٥ ھەزار پارچە زەوی دابەشکراوە و بڕیارە ئەمڕۆ زیاتر لە ھەزار پارچە زەوی دیکە دابەشبکرێت.
سەبارەت بە شوێنی زەوییەکان، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، دەشڵێ: زەوییەکان لە شوێنە ستراتیژییەکانی وەک سماقۆک، ڕەزووک، ئاڵێ و کوچینە دیاریکراون و پاش تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، ڕاستەوخۆ ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە کارزان عەبدولھادی، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، ئاشکرای کرد: تا ئێستا بە شەش قۆناغ ٣٨٤٠٠ فەرمانبەر لە کۆی ٨٢ ھەزار زەوییان وەرگرتووە.
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، زیاتر گوتی، بەپێی ماستەرپلانی شاری ھەولێر، ھەموار کراوەتەوە کە زەوی دابەش دەکرێت و ئەو زەوییانەش کە حەوت ھەزارە، لە ھەمان شوێن دابەش دەکرێن.
سەرۆکی شارەوانی دڵنیایی دا لە تاپۆکردنی زەویی فەرمانبەران و ڕایگەیاند، ئێستا زەویی ئاشۆکان لەسەر ناوی شارەوانی تاپۆ کراوە و بەمنزیکانە وردەکاریی تەواوەتی دەستی پێ کردووە، زەویش بۆ خاوەن زەوییەکان وەک قەرەبوو دیاری کراوە و سەرجەم فەرمانبەران دوای دەوامیش کار دەکەن کە جێی دڵخۆشییە.
دەربارەی تێچووی وەرگرتنی ھەر پارچە زەوییەک، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، ڕایگەیاند، بەگوێرەی یاسا بۆ ھەر مەترێکی زەوی بڕی ٥ ھەزار و ٩٠٠ دینار لە فەرمانبەر وەردەگیرێت، کە بە گشتی تێچووی ھەر پارچە زەوییەک زیاتر لە ملیۆنێک دینار دەبێت.
باسی لەوەش کرد، بەھیواین لەم چەند ڕۆژەدا حەوت ھەزار زەوی دیکە دەست بە دابەشکردنیان بکرێت، ئەوەش لەڕێگەی تیروپشکەوە دەبێت.