رۆژنامەی ھەولێر

غەفوور مەخمووری لە سۆران 9 کتێبی خۆی پێشکەشی خوێنەرانی دەکات

دوێنێ، لە شاری سۆران، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن یەکێتی نووسەرانی کورد میوانداری كرا و، لە رێوڕەسمێکدا (٩) کتێبی چاپکراوی خۆی ناساندو پێشكەشی ئامادەبووانی كرد.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤانی دەڤەری سۆران رێوڕەسمێکی بۆ ناساندن و خستنەڕوو و واژۆکردنی (٩) کتێبی غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK رێکخرا، لەسەرەتای رێورەسمەکەدا ؛ بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری سۆران و دەزگای زاری کرمانجی بەخێرهاتنی ئامادەبووان و مەخمووری كرا و، دواتر باس لە گرنگی رۆڵی غەفوور مەخمووری لە بواری نووسین و بزاڤی رۆشنبیری کوردستان كرا، ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی ئامادەبووان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میوانداری و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری سۆران و دەزگای زاری کرمانجی كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان، دواتر کورتەیەکی سەبارەت بە ناساندن و ناوەڕۆکی کتێبەکان پێشکەشکرد و، وتی: (زۆر جار وتوومە نووسین زادەی هەست ‌و بیرە ؛ وەك چۆن كار زادەی بیرو بازووە، هەر نووسینێكیش گوزارشت لەسەردەمی خۆی دەكات ‌و بەرهەمی هەستكردن ‌و بیركردنەوەی نووسەرەكەیە لەسەردەمی خۆیدا، ئەو بەرهەمانەی بەردەستی ئێوەی بەڕێزیش هەوڵەكانی بەندەیە لە بواری نووسیندا هەر هەوڵێكیش زادەی سەردەمی خۆیەتی ‌و توانای خاوەنەكەی لەو سەردەمەدا دەخاتەڕوو، ئەو ٩ کتێبەی کە ئەمڕۆ پێشکەشی ئێوەی ئازیزو خۆشەویستی دەکەم لە سەردەمی جودا جودا نووسراون و ئامادەکراون و، رەنگدانەوەی واقیع و سەردەمی خۆیانن.).
مەخمووری باسی لەوە کرد کەوا کتێبەکان بە زمانی کوردی و عەرەبین، کتێبە عەرەبییەکان زیاتر ئاراستەن بۆ ناوەندی عەرەبی بۆئەوەی زیاتر ئاشنای ئەدەب و رۆشنبیری و پرسی گەلی کوردستان بن.
غەفوور مەخمووری سەبارەت بە خستنەڕووی ناوەڕۆکی کتێبەکان، گوتی : “ئەم كتێبانە ٩ کتێبن لە بواری جیاجیا پێكهاتوون، سیاسەت و هزر و ئەدەب و رۆشنبیری گشتی، بەشێکیان پێشووتر چاپی یەکەمیان بڵاوكراونەتەوە، بۆ دووەم جار چاپم کردوونەتەوە، بەشێکیشیان نوێن و لەو ماوەیەدا نووسراون، کتێبی -راپەڕینی ١٩٩١ – کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپکراوە، کتێبکی نوێمە سەبارەت بە راپەڕینی گەلی کوردستان و خوێندنەوەیەکی نوێم بۆ راپەڕین ودەرفەتە لەدەستچووەکان کردووە.
مەخمووری سەبارەت بە کتێبە نوێکانی ئەوەشی خستەڕوو کەوا کتێبێکی بریتییە لە بەڵگەنامەکانی شەشەم کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK و، گوتی: (ئەم کارەم وەک سەرەتایەکە بۆ پاراستن و بە ئەرشیفکردنی کاری حزبی لە کوردستان، ئەنجامداوە، لە بەشێکی ئەم كتێبانەدا پاشكۆیەكی وێنەیی هەن، هەوڵمانداوە لەجیاتی نووسین بە وێنە باس لە كار و چالاكی و دیدارە بابەتەکان بكەین، لە راستیدا زمانی وێنە هیچی لە زمانی نووسین كەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت، هیوادارم بەم كارانەم توانیبێتم خزمەتێكی بچوكی بزاڤی رۆشنبیری و سیاسی گەلی كوردستان و پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەم و، خوێنەری کورد و عەرەبیش زیاتر ئاشنای کلتورو پرسی گەلی كوردستان بكەم.).
بەشێک لە کتێبەکانی مەخمووری تایبەتن بە بواری فۆلکلۆر، لەم بارەیەوە مەخمووری وتی: (نەتەوەی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی سەر رووی زەوی خاوەن فۆڵکلۆری زیندوو و رەسەنی خۆیەتی و، یەکێکە لە نەتەوە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە فۆڵکلۆردا، بەهۆی ئەو فۆڵکلۆرە رەسەنە شارستانێتی و داب و نەریت و مێژوو و کلتوری خۆی پاراستووە، لەسەر هەموو لایەکمانە کەوا پارێزگاری لە فۆڵکلۆری کوردی بکەین و لە فەوتان بیپارێزین.).
مەخمووری باسی لە گرنگی خوێندنەوەو خۆڕۆشنبیرکردن کرد و، وتی : (خوێندنەوەی سەرچاوەی بەسوود و جۆراوجۆر هۆکارە بۆ زیاتر دەوڵەمەندبوونی خوێنەر بە زانست و زانیاری نوێ لە بوارە جیاجیاکانی ژیان، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان ئەوەی پارەی هەیە کتێب ناکڕێ و ناخوێنێتەوە، زۆربەی ئەوانەی کە خوێنەرن و دەخوێننەوە لە رەوشێکی ئابووری وەکو ئەمڕۆدا ؛ وەکو پێویست پارەی کڕینی کتێب و سەرچاوەیان نییە، بۆیە پێویستە نووسەران هەوڵبدەن کەوا بەشێک لە کتێبەکانیان بە دیاری ببەخشنە خوێنەران).
دوای ئەوەی مەخمووری سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکانی دواو کتێبەکانی ناساند، پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوەو، ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووان بەگرنگییەوە باسیان لە کتێبەکان و رۆڵی غەفوور مەخمووری لە بزاڤی رۆشنبیری و سیاسیی کوردستان كرد و بیروڕاو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.
شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبەکانی غەفوور مەخمووری سازكرا، مەخمووری كتێبەكانی بە دیاری پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن، ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.
ئەمەش ناوی ئەو ٩ کتێبەن کە غەفوور مەخمووری بە دیاری پێشەکەشی ئامادەبووانی کرد:
1- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK (بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی شەشەم)
2- الإتحاد القومی الدیمقراگی الكوردستانی YNDK (وپائق المۆتمر السادس)
3- راپەڕینی ١٩٩١ (چیمان کرد چی بکەین)
4- انتفاچە 1991 (ماژا فعلنا .. ماژا سنفعل)
5- الحیران (مفهوماً ومچموناً وڤهوراً)
6- حەیران (چەمک – ناوەڕۆک – سەرهەڵدان)
7- سێ تیشک لە پەنجەرەی شیعرەوە
8- عومەر خامۆش (کۆ شیعر)
9- بناری قەرەچووغ