وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتییانە ڕاگەیاند کە هەڵگری مۆڵەتی نوێی شوفێرین و بەنیازی گەشتکردنن بۆ دەرەوەی وڵات.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ کە لە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، مۆڵەتی نوێی شوفێریی هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروستکراوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پەسندکراوە. ناوەڕۆکی بڕیارەکە بەم شێوەیەیە:
١. گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت: ئەو کەسانەی مۆڵەتی نوێی شوفێرییان هەیە، دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن بەبێ ئەوەی پێویستییان بە گۆڕینی مۆڵەتەکەیان بۆ “مۆڵەتی نێودەوڵەتی” هەبێت.
٢. بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل: ئەو کەسانەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان ناڕۆن بەڵام دەیانەوێت لەو وڵاتەی بۆی دەچن ئۆتۆمبێل بە کرێ بگرن، ئەوا هێشتا پێویستە مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی دەربهێنن.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و ئاسانکارییە لە کاتی گەشتەکانیاندا، بەو پێیەی مۆڵەتە نوێیەکە لە ئاستی جیهانیدا ناسێنراوە.

