ڕائیب جادر – هەولێر
ئاوارەکانی شنگال لەبەر ھەڕەشە و ترس لە میلیشیاکان ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئاوارەکان و بەرپرسانی ئەو شارە دەڵێن، تا شنگال ئەو ھێز و لایەنە ناشەرعییانەی تێدا بێت، ڕەوشەکە ھەر بە خراپی دەمێنێتەوە. ھەولێر و بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ کرد، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسان تا ئێستا بەھۆی ھۆکاری سیاسی ڕێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی دەستی بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە و شنگالیش یەکێک بوو لەو ناوچانە و ئێستا لە لایەن ئەو ھێزانەوە چەندین پێشێلکاری دەکرێن.
ئاوارەکانی شنگال نزیکەی دوازدە ساڵە لە کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن و ئیدارەی قەزای شنگالیش حکوومەتی بەغدا بە کەمتەرخەم لە ئاست قەیرانی ئاوارەکان بە گشتیی و ئاوارەکانی شنگال بە تایبەتی تۆمەتبار دەکات.
پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ٢٠ کەمپ لە خۆدەگرن، ١٥ کەمپیان بۆ ئاوارەکانە و ٥ کەمپی دیکە بۆ پەنابەرانە. ژمارەی خێزانە نیشتەجێکانی ئەو کەمپانە ٢٠٨٤٠ خێزانە، لە کاتێکدا نزیکەی ٣٥ ھەزار خێزانی ئاوارە ھێشتا لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی ٦ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە ٧ ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شنگالی لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
ھەولێر و بەغدا لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ کرد، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا بەھۆی ھۆکاری سیاسی ڕێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەرپرسانی شنگال ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: دەیان ھەزار ئاوارە، بەتایبەتی ئێزدییەکان، ھێشتا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەشڵێ: نەبوونی ئیدارەیەکی مەیدانی بۆ شنگال و بەڕێوەبردنی یەکە ئیدارییەکان لە دەرەوەی پارێزگاکە، ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان.
مەحموود ئێزدی، یاریدەری یەکەمی بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، ئاشکرای کرد: پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق دەست بکات بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ڕێککەوتنی شنگال، چونکە ئەو ڕێککەوتنە ھیچ جێگرەوەیەکی نییە، تا ئێستا حکوومەتی عێراق کاری بۆ باشکردنی ڕەوشی شنگال نەکردووە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرابایە ھیچ مەترسییەک لەسەر شنگال نەدەما، چونکە خاڵی زۆر باش لە ڕێککەوتنەکەدا ھەن، وەک گەڕاندنەوەی ئیدارەی شنگال و دانانی قایمقام و دوورخستنەوەی گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان لەناو شنگال و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە شارەکە.
یاریدەری یەکەمی بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، دەشڵێ: گرووپە چەکدارەکان بوونەتە ڕێگر لەسەر ڕێی ئارامی و سەقامگیری لەناو شنگال، ھەروەک چۆن ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بەمەش ئەو گرووپ و میلیشیایانە بوونەتە جێی ھەڕەشە و مەترسی لەسەر خەڵکی شنگال.
پێشتر نایف سیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو: تا ئێستا لە کۆی پێنج خاڵ، یەک خاڵی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێ کرابایە زۆر گرنگ بوو، چارەسەری بنەڕەتییش ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر گرنگ بوو، ئەوەش ھۆکارەکەی وڵاتانی دەوروبەر و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیە کە ڕێگە نادەن ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و ئیدارەی شەرعی شارەکە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکە، چونکە ئاوەدانبوونەوەی شارەکە ھاوکار دەبێت بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکەی.
قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، ڕوونیشیکردەوە: ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی شنگالدا ھات، شتێکی بچووک نەبوو، شارەکە وێرانە، لەڕووی ئەمنییەوە وێرانە، گرووپی چەکدار لە ناوچەکە ھەن، ھەموو ئەوانەش وای کردووە شارەکە ئاوەدان نەکرێتەوە و خەڵک نەگەڕێتەوە، دەبوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاربایە بۆ ئارامبوونەوەی دۆخی شنگال، بەڵام بەداخەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچی نەکردووە و نەیان توانیوە شارەکە لە گرووپە چەکدارەکان خاوێن بکەنەوە، بۆ ئەوەی دووبارە ئەمن و ئەمان بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھاوکاریی خەڵکی شنگالی کردووە، ئەوەی پێویست بووە کردووە، خەڵکی شارەکەی لە باوەش گرتووە، ھێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی شارەکەیان لە داعش پاک کردەوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ وەدەرنانی گرووپە چەکدارەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەگەر دەیانەوێت بارودۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە، خەڵک بگەڕێتەوە، ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھەیە جێبەجێ بکەن، ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەمنییەتی ئەو شارە بپارێزن، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لە ژیانی ژێر خێمە ڕزگار بێت و دووبارە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە، ھەروەھا خەڵکی ئێمە لەڕووی ماددی و مەعنەوەییەوە ھاوکاری بکرێن، چونکە تا ئێستا یەک کەس لەو شارە قەرەبوو نەکراوەتەوە.
قایمقامی شنگال ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی تا ئێستا کێشەیە میلیشیاکانن، تەنیا بڕیارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و بڕیارەکانی حکوومەت جێبەجێ ناکەن، بۆیە ئەمە وای کردووە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام پێویستە چیتر کوردانی ئێزدی لەم دۆخەدا نەمێنن و چارەسەری کێشەکانیان بکرێت و دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی نوێی عێراق ئەوەیە بەجددی کار بکات بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ڕێککەوتنەکەش بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی شارەکە.

