ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
تۆڕی بەڵگەنامەی كۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی، ناوی براوەكانی خەڵاتی ساڵانەی “زیك”یان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ڕاگەیاند. لەم پێشبڕكێیەدا، ئیبراهیم عەلیپوور، وێنەگری كوردی خەڵكی شاری بانە، توانیی پلەی یەكەمی بەشی وێنەگریی بەڵگەنامەی بەدەست بهێنێت.
ماڵپەڕە فەرمیەکەی گاردیەن، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە كە ئیبراهیم خەڵاتی فۆتۆگرافی دیكۆمێنتاریی پێ دەدرێت لەبەر پڕۆژە درێژخایەنەكەی بە ناوی “فیشەك هیچ سنوورێكی نییە” كە ژیانی کۆڵبەرەکان پیشان دەدات كە كاڵا دەگوازنەوە بەسەر چیاكانی نێوان ئێران-عێراق، بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەكەیان بپارێزن.
ماڵپەڕەکە باسی لە هەندێك كارەكانی ئەم هونەرمەندە كردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە یەكێك لە كارە جوانەكانی عەلیپوور بریتیە لەوەی هەندێك لە كوڵبەرەكان دەموچاویان بە دەمامك دادەپۆشن. ئەوانەی ئەم كارە دەكەن بەزۆری كەسانی خوێندەوار و پاڵەوانی نیشتمانی و وەرزشین كە ناچارن کۆڵبەری بکەن بەسەر شاخە سەختەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان-عێراقدا؛ دەیانەوێت بە نادیار بمێننەوە چونكە نایانەوێت كەس بیانناسێت.

