رۆژنامەی ھەولێر

چاویلکەی هەتاوی: تەنها بۆ جوانییە یان قەڵغانێکی پێویستە بۆ چاو؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر کڕینی چاویلکەی هەتاوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. ئەگەرچی زۆرێک لە هاووڵاتییان وەک ئامرازێکی جوانکاری و تەواوکاری ستایلی جلوبەرگ سەیری دەکەن، بەڵام پسپۆڕانی چاو جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوودە تەندروستییەکانی ئەم چاویلکەیە زۆر لە لایەنە جوانکارییەکەی گرنگترن و وەک پارێزەرێکی سەرەکیی چاو هەژمار دەکرێت.
د. ئەبوبەکر زاهير کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو، ئاماژە بەوە دەدات کە چاویلکەی هەتاوی (دژەخۆر) بە چەند ڕێگەیەکی زانستی چاوەکان دەپارێزێت، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١. قەڵغانێک دژی تیشکی سەروو وەنەوش (UV)
چاویلکەی کوالیتی بەرز دەبێت توانستی پاڵاوتنی (١٠٠٪)ی تیشکی (UVA) و (UVB) هەبێت. بە گوتەی دکتۆر ئەبوبەکر، بەرکەوتنی بەردەوامی ئەو تیشکانە بە تێپەڕینی کات زیان دەگەیێنێت بە گلێنە، هاوێنە (عەدەسە)، تۆڕی چاو و پێڵووەکان؛ هەروەها بەکارهێنانی چاویلکە ئەگەری تووشبوون بە “ئاوی سپی”، “گۆشتی زیادەی سەر گلێنە”، “سووتانی گلێنە” و تەنانەت دروستبوونی گرێی شێرپەنجەیی لە دەوروبەری چاو کەم دەکاتەوە.
٢. ڕوونیی بینین و کەمکردنەوەی تیشکدانەوە
ئەو چاویلکانەی هاوێنەی جەمسەرییان (Polarized) هەیە، درەوشانەوەی بێزارکەری سەر ڕووەکانی وەک ئاو، بەفر و جامی ئۆتۆمبێل کەم دەکەنەوە. ئەمەش نەک هەر ئاسوودەیی بە چاو دەبەخشێت، بەڵکو بینین ڕوون و باشتر دەکات، بەتایبەت لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و وەرزشکردندا.
٣. پاراستن لە “فۆتۆکراتی” و فاکتەرە دەرەکییەکان
بەرکەوتنی توندی تیشکی خۆر لە کەنار دەریا یان بەرزاییەکان، دەبێتە هۆی حاڵەتێکی ئازاربەخش بە ناوی “سوتانی گلێنە”. لە لایەکی دیکەوە، چاویلکە گەورە و داخراوەکان وەک بەربەستێک کاردەکەن دژی با، تۆز و تەنی نامۆ کە دەبنە هۆی وشکبوونەوە و برینداربوونی چاو.

چۆن چاویلکەیەکی گونجاو هەڵدەبژێریت؟
دکتۆر ئەبوبەکر زاهير بۆ هەڵبژاردنی چاویلکەیەکی ستاندارد، ئەم ئامۆژگارییانە دەداتە هاووڵاتییان:
• نیشانەی UV400: دڵنیابەرەوە کە چاویلکەکە ئەم نیشانەیەی پێوەیە، چونکە هەموو تیشکە زیانبەخشەکان بلۆک دەکات.
• عەدەسەی پۆلەرایزد: بۆ کەمکردنەوەی درەوشانەوەی سەر ڕووەکان، ئەم جۆرە باشترینە.
• وریا بن لە عەدەسەی زۆر تاریک: هەرگیز چاویلکەی زۆر تاریک کە فلتەری UV نییە بەکار مەهێنن، چونکە دەبێتە هۆی فراوانبوونی بیلبیلەکان و ڕێگە خۆش دەکات تیشکی زیاتر بگاتە ناو قووڵایی چاو.