خوسرەو جاف
کاتێک باسی تەلارسازیی ئێستا و ئەوسا دەکەین، ناکرێت باس لە پێگە و جێگەی ئەو نەتەوەیە (ماد) یان ئەو دەسەڵاتە نەکەین. ئەگەر بەپێی کات توانیبێتی ببێتە خاوەن تایبەتمەندیی خۆی، ئەوا پێگەکەیشی پەیوەستە بە چەند مەرجێکەوە؛ ئەگەر ئەو مەرجانە بێنە دی، دروستکردنی شێوازێکی تایبەت دژوار نابێت. ئەگەر ئەم دۆخە لە ڕابردوودا ڕوویدابێت، دەبێت لە مێژووی ئەو دەوڵەت و نەتەوەیە بکۆڵینەوە.
نەتەوەی ماد لە دوازدە هۆز پێکهاتبوون، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ یەکدا ناڕێک و ناتەبا بوون، ماوەی ٥٠٠ ساڵ لەژێر دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئاشوورییەکاندا بوون. ئەوان هەموو جۆرە باجێکی ساڵانە و مانگانەیان بە ئاشوور دەدا. سەرەنجام، لەنێو هۆزی (موغ)دا کە یەکێک بوو لە دوازدە هۆزەکە، کەسێکی لێزان، ژیر، ئازا و هەڵکەوتوو بە ناوی (دیاکۆ) دەرکەوت. دیاکۆ توانی تا ڕادەیەکی باش ناکۆکیی نێوان هۆزەکانی ماد کەم بکاتەوە و دەسەڵاتێکی سنووردار لەژێر چاودێریی ئاشوورییەکاندا دروست بکات. بەڵام دەسەڵاتی خوێنڕێژی ئاشوور بەو قەوارە سنووردارە ڕازی نەبوو؛ بۆیە دیاکۆ و چەند سەرۆک هۆزێکی مادی گرت و دووری خستنەوە. دوای دوازدە ساڵ لە دوورخستنەوە، دیاکۆ گەڕایەوە و توانیی تەواوی دوازدە هۆزەکەی ماد کۆ بکاتەوە، لەشکر و سوپایەکی هەمیشەیی پێک بهێنێت و شاری (ئەگباتانا – هەمەدانی ئێستا) بکاتە پایتەخت. ئەو بە شێوەی دەرباری ئاشوورییەکان، کۆشکی دەسەڵاتی مادەکانی بنیاد نا و ٥٣ ساڵ فەرمانڕەوایی کرد.
لەو ماوەیەدا، شوورە بەناوبانگەکەی دەوری شاری ئەگباتانای دروست کرد. (هێرۆدۆت)، مێژوونووسی یۆنانی، سەردانی شاری ئەگباتانای کردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت: “حەوت شوورەی دەوری پایتەختی مادەکان لە جیهانی ئەو کاتەدا دەنگی دابووەوە. هیچ شارێکم بەو شێوە پڕ لە ڕەنگ و قەبارە جوانە نەدیوە.” شارەکە و شوورەکانی دەوروبەری بازنەیی بوون و حەوت دیوار یەک لەناو یەکدا شارەکەیان گەمارۆ دابوو. هەر شوورەیەک ڕەنگێکی تایبەتی هەبوو و پانییەکەیان بەو ڕادەیە بوو کە دە گالیسکەی جەنگی بە ئاسانی تێیدا هاتوچۆیان دەکرد. شوورەی یەکەم لەوانی تر ئەستوورتر و بڵندتر بوو. چوار دەروازەی بەرز لە چواردەوری شارەکەدا هەبوون و چوار شەقامی سەرەکی لەو دەروازانەوە بەرەو ناوەندی شار دەچوون. لە ناوەندی شاردا کۆشکی پاشا و چەندین تەلاری کارگێڕی هەبوون.
سەبارەت بە کۆشکی دیاکۆ، هێرۆدۆت ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕووی تەلارسازی و نەریتی دەربارەوە، هاوشێوەی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان (نەینەوا) بووە، وەک بەکارهێنانی “گای باڵدار” و بەردی مەڕمەڕ لە گوڵتە و پایەکاندا. دیارە دیاکۆ جیا لە لایەنی تەلارسازی، بەهۆی حیکمەت و لێزانییەکەیەوە لە مێژوودا ناوی ماوەتەوە؛ چونکە توانی پێنسەد ساڵ ناکۆکیی نێوان دوازدە هۆزێک کۆتایی پێ بهێنێت کە هەمیشە خەریکی یەکتر کوشتن بوون، و دەسەڵاتێکی تۆکمە بونیاد بنێت. ئەم کارە مێژووییە وای کردووە دوای زیاتر لە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵ، هێشتا باس لە لێزانیی دیاکۆ بکرێت. ئەو ناکۆکییە درێژخایەنەی نێوان هۆزەکانی ماد، هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئێمەی کورد پاشماوەی مادەکانین؛ چونکە دەبینین دوای کودەتاکەی کوروشی هەخامەنشی و ناپاکی “هارپاک”ی مادی، ئێمەی کورد نەمانتوانیوە یەک بگرین. ئێستا ٤٠ملیۆن کورد لە هەزارەی سێیەمدا هێشتا بێ دەوڵەتین، چونکە نەمانتوانیوە یەکتر قبووڵ بکەین؛ بۆیە دراوسێکانمان هەر کاتێک بیانوویان هەبێت، وەک داشی شەترەنج یاریی مەرگمان پێ دەکەن. مادەکان بە سەرۆکایەتیی دیاکۆ (بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی ٧٢٨ی پێش زایین) توانییان دەوڵەتی خۆیان پێک بهێنن. دوای مردنی دیاکۆ، (فراورتیش)ی کوڕی بووە جێنشینی. ئەو توانی دەسەڵاتێکی بەهێزتر پێک بهێنێت. تا سەردەمی ئەو، ئاشوورییەکان باجیان لە مادەکان وەردەگرت، بەڵام فراورتیش ملی بۆ ئەم باجدانە نەدا و لەگەڵ ئاشوورییەکان کەوتە شەڕەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی سوپای ماد هێشتا نەگەشتبووە ئەو ئاستەی بەسەر دەوڵەتی کۆنی ئاشووردا زاڵ بێت، فراورتیش شەڕەکەی دۆڕاند و لە ساڵی ٦٥٣ی پێش زایین لە مەیدانی جەنگدا کوژرا.

