ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
دەرچوویەكی فاكەڵتیی زانست بە توێژینەوەیەك، داهێنانێك پێشكەشی بواری تەكنەلۆژیا كرد و لە لوتكەی كۆنفرانسەكانی ژیریی دەستكرددا پەسەند كرا.
كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی فێربوونی ئامێر (ICML) بە یەكێك لە گرنگترین و پێشەنگترین سەكۆ زانستییەكانی جیهان دادەنرێت لە بواری ژیریی دەستكرددا. ئەم كۆنفرانسە، كە لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانی تەكنەلۆژیا وەكو (Google DeepMind، Meta AI، OpenAI، Microsoft، NVIDIA)ـەوە پشتگیری دەكرێت، ساڵانە وێستگەی بڵاوكردنەوەی نوێترین داهێنانەكانی دامەزراوە ئاستبەرزەكانی وەك (MIT، Stanford، Harvard، Oxford، Cambridge)ـە. لەم نێوەندە زانستییە ئاستبەرزەدا.
فاكەڵتیی زانست لە زانكۆی سۆران لەم بارەیەوە راپۆرتێكی بڵاوكردتەوە ئاماژەی بەوە داوە كە توێژەرێكی كورد توانیی ببێت بە یەكێك لەو داهێنەرانەی كە توێژینەوەكەی وەربگیرێت و جێگەی پەسەندكردنی لیژنەی زانستیی كۆنفرانسەكە بووە. ئەم توێژەرە، مامۆستا (عبدالهادی عباس عبداللە)یە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە و دەرچووی بەشی زانستی كۆمپیوتەرە لە زانكۆی سۆران، بەم هەنگاوە سەلماندی كە تواناكانی گەنجانی كورد دەتوانن لە چەقی پێشكەوتنە زانستییەكاندا بن. ئەم بەشدارییە بۆ ناوەندی ئەكادیمیکی كوردی جێگەی بایەخێكی گەورەیە؛ چونكە دەریخست كە توێژەرانی ناوخۆ دەتوانن لەگەڵ پێوەرە جیهانییەكاندا كێبڕكێ بكەن و ڕاستەوخۆ بگەنە سەرچاوەی یەكەمی زانست لە بوارێكی هەستیار و خێرا گەشەسەندووی وەكو ژیریی دەستكرددا.
ناوەڕۆكی توێژینەوەكە و گرنگییە زانستییەكەی
توێژینەوەكە داهێنانێكی زانستییە بۆ چارەسەركردنی كەموكووڕیی مۆدێلە زمانەوانییەكانی وەك: (ChatGPT)، (Gemini)، (Claude)، (Llama).
لەبری ئەوەی وەك شێوازەكانی پێشوو (DPO) و (PPO) تەنها ئەنجامی كۆتایی بە “ڕاست یان هەڵە” هەڵبسەنگێنرێت، ئەم توێژەرە ئەلگۆریتمێكی نوێی بە ناوی (TUR-DPO)ــی پێشنیار كردووە.
تایبەتمەندییەکەی (TUR-DPO) ئەوەیە كە هەڵسەنگاندن بۆ “چۆنیەتیی بیركردنەوە” و ڕێڕەوە لۆجیكییەكە دەكات؛ واتە مۆدێلەكە لەسەر دروستیی هەنگاوەكانی شیكاركردنەكە پاداشت دەداتەوە، نەك تەنها ئەنجامەكە. ئەمەش وا دەكات مۆدێلەكانی ژیریی دەستكرد متمانەپێكراوتر بن، توانای شیكارییان بەرز ببێتەوە و زۆر كەمتر تووشی هەڵە و وڕێنە و خەیاڵپڵاوی (Hallucination) ببن.

