رۆژنامەی ھەولێر

کتێبی بیرەوەرییەکانی شێرزاد حەسەن بڵاو دەبێتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بیرەوەرییەکانی نووسەر و چیرۆکنووس و رۆماننووسی دیاری کورد، “شێرزاد حەسەن”، بە ناونیشانی (لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە) بڵاو دەبێتەوە.

ئەم کتێبە لە لایەن “مەسعوودی مەلا هەمزە” ئامادە کراوە و لە لایەن دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپ کراوە.
“مەسعوودی مەلا هەمزە” لە بارەی کتێبەکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ئەم کتێبە بیرەوەرییەکانی مامۆستا “شێرزاد حەسەن”ـە و سەرجەم وردەکاری و قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی لەخۆ دەگرێت.
نووسەر بە وردی و لە شێوەی چیرۆک، دیوە شاراوەکانی ژیانی خستووەتە ڕوو.
ئامادەکاری کتێبەکە دەشڵێت: سەرجەمی دیدارەکانی نێو ئەم کتێبە، لە ماوەی چەند ساڵێک ئەنجام دراوە و تێیدا مامۆستا شێرزاد حەسەن کونجوکەلەبەرە جیاوازەکانی ژیانی خستۆتە ڕوو.
گوتیشی: ڕاستە کتێبەکە بەشێوەی دیدار ئەنجام دراوە، بەڵام دواتر هەموو پرسیارەکان لە کتێبەکە لا براون و خوێنەر وا هەست دەکات کە “شێرزاد حەسەن” خۆی بیرەوەرییەکانی خۆی نووسیوەتەوە.
کتێبەکە (٣٧٦) لاپەڕەیە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە بەر دەستی خوێنەران و چەند مەراسیمێکی جیاوازیشی لە شارەکانی کوردستان بۆ بکرێت.