رۆژنامەی ھەولێر

عەجاج تەنیا بکەرێک و کارەکتەرێکی تاوانەکەیە لەنێو سیستەمێک و دەوڵەتێک کە ویستوویەتی گەلێک ئەنفال و جینۆساید بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

خێرا دەرکردنی حوکمی سێدارەدانی عەجاج لە لایەن دادگا نیشانەی ئەوەیە هێشتا عێراق وەک دەوڵەت نایەوێت لەمە زیاتر گوێی لە ڕووداوە مێژووییەکانی ئەنفال بێت کە هەر جارە و کاراکتەرێک جێبەجێکاری بووە و بەمەش خۆی لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەو تاوانە گەورەیە دزیوەتەوە.

عەجاج تکریتی تاوانباری و بکوژی ناسراو دوای دوو دانیشتن، دادگا حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد، هەر چەندە بڕیارەکە بە دڵی کورد و سکاڵاکاران و کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەو کەسانە بوو کە قوربانیی ستەمی دەستی عەجاج بوون، بەڵام زوو حوکمدان بۆ لەسێدارەدان و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە دەکرێ خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئەم مانگە لە کاتی ڕاگەیاندنی بڕیارەکەدا، نوێنەرانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال ئامادە بوون و پێشوازییان لە بڕیارەکەی دادگا کرد.
هەمووی دوو دانیشتن بۆ دۆسیەیەک بەڕێوەچوو کە سکاڵاکاری زۆری هەبوو و وەک پێویست گوێ لە چیرۆکی تاوانەکان و ئەو ستەمانە نەگیرا لە عەجاج ئەنجامی دابوون، خەریک بوو گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ئەو تاوانە گەورەیە دەچووە سەر لاپەڕی ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان میدیاکانی کوردستان بە باشی ڕووماڵیان دەکرد بەڵام ماوەکەی زۆر کورت بوو.
پێشتر لە ٧ی ئەم مانگەدا، بیست و شەش شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بەردەم دادوەر سوێندی یاساییان خوارد و وردەکاریی ئەو تاوانانەیان گێڕایەوە، کە عەجاج لە نوگرە سەلمان بەرامبەریان کردبووی و دوای هەفتەیەک دادگا دۆسیەکەی یەکلایی کردەوە
عەجاج تکریتی، کە لە٣١ی تەمووزی ساڵی ڕابردوو دەستگیر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە نۆ مانگ لە گرتووخانە مایەوە ئەوجا دەست بە دادگاییکردنەکەی کرا. دەکرا پڕۆسەی دادگاییکردنەکە ماوەیەکی زیاتر بکێشێت چونکە ڕاستە لە دادگا یەک کەس لە شوێنی تاوانبار دادەنیشێت بەڵام ئەوەی ئەو تاوانەی کردووە لە ڕاستیدا یەک کەس نییە بەڵکوو ئەوە سیستەمێک و دەوڵەتێک بووە کە ویستوویەتی گەلێک ئەنفال و جینۆساید بکات.
عەجاج تەنیا بکەرێک و کارەکتەرێکی تاوانەکەیە، ئەوەی بەهۆی ئەو دادگاییکردنە هەستی بە شەرمەزاری و تاوان دەکرد تەنیا یەک کەس نەبوو بەڵکوو سیستەمێک بوو کە هێشتا بیری ئەنفال و جینۆساید لە ناو مێشک و بیر و بڕواکانیدا نەسڕاوەتەوە و ناخوازێت تاوانەکان و ڕووداوە تراژیدییەکان بیری کۆمەڵگەی عێراقی و جیهانی بهێنرێتەوە.
زۆر تاوانباری دیکەی ئەنفال لە عێراق دادگایی کراون و حوکمی هاوشێوەیان بەسەردا سەپێنراوە بەڵام ئەمە برینی قووڵی کەسوکاری ئەنفالکراوانی ساڕێژ نەکردووەتەوە. تاوانی ئەنفال ئەوەندە گەورەیە کە بەسەر هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهاندا هاتبا ئەوا دەمێک بوو ئەو نەتەوەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی پارێزبەندی بۆ دەستنیشان دەکرا و مافەکانی بە شێوەیەک گەرەنتی دەکرا بۆ هەمیشە لەوە ڕزگاری ببێت دووبارە ڕووبەڕووی جینۆساید نەبێتەوە.
دەکرا تەنیا بە هەواڵی بڵاوبوونەوەی حوکمێک لە لایەن دادگا کۆتایی بەو دۆسیەیە نەهێنرێت، بەڵکوو پڕۆسەی دادگاییکردنی عەجاج زیاتر درێژەی کێشابا، بۆ ئەوەی ڕووماڵی زیاتری تاوانە مێژوویییەکە بکرێت و نەوەی کۆن و نوێ جارێکی تر لەوە ئاگادار بکرێنەوە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی زیانی چی بەسەر گەلی کورددا هاتووە.
سەد و هەشتا هەزار کەس لە دانیشتووانی کوردستان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنفال کران، لەو ژمارە زۆرە ڕووفاتەی ئەنفال ژمارەیەکی کەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدراونەتەوە و ژمارەیەکی کەمی ئێسک و پرووسکی ئەنفالکراوان بۆ کوردستان گەڕاونەتەوە.
دەوڵەتی عێراق کە میراتگری ڕژێمەکانی پێشووە تا ئەم ساتە لەم ڕووەوە هەستی بە بەرپرسیارێتی نەکردووە و نەک هاوکار نەبووە لەوەی دۆسیەکە لە ئاستی جیهانی بە جینۆساید بناسێنرێت بگرە هاوکار نەبووە لە هەلدانەوەی خێران گۆرە بەکۆمەڵەکان، چونکە هەڵدانەوەی هەر گۆڕێک دەیان چیرۆک و تراژیدی بەهۆیەوە ئاشکرا دەبێت.