رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی ٤٠ مەتریی سۆرانی کردەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی ٤٠ مەتریی سۆرانی کردەوە. جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بەو بەڵێنانەی بۆ پەرەپێدانی دەڤەرەکەی دابوو، لەو چوارچێوەیەدا زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سێکتەرەکانی ڕێگەوبان، گەشتوگوزار و ژێرخانی ئابووری لە جێبەجێکردندان.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە سێکتەری ڕێگەوبان داوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێکراون، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆر بە تۆڕی ڕێگەوبانەکان دراوە، کۆی گشتی پڕۆژەکان ١١١٩ پڕۆژە، کۆی بودجەی بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان کراوە ٤٣ ترلیۆن دینار بووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای کردنەوەی بەرزەپرد و شەقامی ٤ مەتری لە سۆران ڕایگەیاند، دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەکەین بۆ کردنەوەی پڕۆژەیەکی تر کە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست کراوە، ماوەیەکە پلانی بۆ داڕێژراوە و کاری تێدا دەکرێت و شکور بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ فەرمی ئەم پڕۆژەیە دەکەینەوە و دەیخەینە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییانی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، ئەوەشی خستەڕوو: لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان کە دۆخێکی زۆر نالەبار لە کوردستان و عێراق ھەبوو، خەڵک زۆر قەلەق بوون لەوەی کەچی ڕوو دەدات، بەڵام ئەمانە ھیچیان نەیانھێشت کە ئێمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە ھەموو ئان و ساتێکدا.
ئەم پڕۆژەیە جەنجاڵییەکی زۆر لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەم دەکاتەوە و دەتوانێت ھەردوو شارۆچکەی سیدەکان و مێرگەسۆر بە سەنتەری سۆران ببەستێتەوە. ھەروەھا کۆمەڵێک گەڕەک وەک گەڕەکەکانی ئازادی، زانکۆ، بادلیان، دێڵزیان و خودی ئیدارەکەش بە سەنتەری ناوەندی سۆران دەبەستێتەوە.
ئەم شەقامە دووسایدە و پێنج کیلۆمەتر درێژە، شەقامەکە پردێکی لەسەرە کە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان، درێژییەکەی ٢٥٠ مەترە بەرزییەکەشی ٢٣ مەترە، تێچووی پردەکە ٢٨ ملیار دینارە و کۆی گوژمەی پڕۆژەکە ٥٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە.
پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتریی سۆران، لە ڕێگەیەکی دوو ساید، ھەر سایدێک لە سێ ھێڵ پێکھاتووە واتە لە یەک کاتدا سێ ئۆتۆمبێل دەتوانن لە تەنەیشت یەکترەوە بڕۆن، پانی شۆستەکەشی دوو مەتر و نیوە، ھەروەھا سیستەمێکی تایبەت و گەورەی ئاوەڕۆی لە خۆگرتووە، ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە، چونکە جەنجاڵی ناو سەنتەری سۆران زۆر کەمدەکاتەوە و ئاسانکاری زۆریش بۆ ھاووڵاتییان و شۆفێران دەکات.
کارکردن لەو پڕۆژەیە بە دوو شەفت بووە و بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا کراوە، ٣٥٠ کرێکار و ١٤ ڕووپێو و ١٠ ئەندازیار لەو پڕۆژەیە کاریان کردووە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـشەوە کارەکانی ئەو پڕۆژەیە تەواو بووە، ئەمە جگە لەوەی سیمایەکی جوان دەبەخشێت، ڕێگەی ناوەندیی سۆران بە شارۆچکەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە و دەبێتە ھۆی کارئاسانییەکی زۆری ھاتووچۆی شۆفێران، ھاووڵاتییان زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن کە ئەو ڕێگەی کردە دووساید، چونکە ئەو ڕێگەیە زۆر قەرەباڵغ بوو، بەڵام کە بوو بە دووساید، ئێستا ئەو قەرەباڵغییە نەماوە، ڕووداوی ھاتووچۆش ٩٠%ـی کەم بووەتەوە.
لە چوارچێوەی پلانێکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە، پشکی شێر بەر بنیاتنانی ڕێگەوبان کەوتووە و لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٢٠ کیلۆمەتر ڕێگەکان بە دووساید کراون و وێڕای دروستکردن و قیڕتاوکردنی چەندین ڕێگەی تر لە سنوورەکە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئیدارەی سۆران گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، پێشتر سۆران وەک گوندێکی بچووک وابوو، بەڵام ئێستا بەھۆی ئەو گرنگییەی کابینەی نۆیەم بە ئیدارەی سۆرانی داوە، ٩٠% گەڕەکەکانی سەنتەری سۆران دەستی خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە.
حەکیم تەلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکرای کرد: ڕێگەوبان بناخەی سەرەکییە بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، پڕۆژەی دووسایدی سپیلک و ئەو پڕۆژە نوێیانەی ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینن لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی ترافیک و بەستنەوەی ناوچە جیاوازەکانی سۆران بە یەکترەوە.
سەبارەت بە کەرتی گەشتیاری، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ئاشکرای کرد، ماستەرپلانی گەشتیاری گەلی عەلی بەگ لە قۆناخی کۆتاییدایە و بڕیارە ئەمساڵ قۆناخی دووەمی پڕۆژەی گەشتیاری کاولۆکان و دروستکردنی چەند پۆندێک و کۆرنیشی ناوچەکە دەست پێ بکات، جەختیشی کردەوە، ئامانج ئەوەیە سۆران ببێتە سەنتەرێکی گەشتیاری جیھانی، نەک تەنیا لە ھاویندا، بەڵکو لە زستانیشدا.
حەکیم تەلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تیشکی خستەسەر گرنگی بازرگانی ناوچەکە و گوتی: پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران-سۆران کە درێژییەکەی ٢٩ کیلۆمەترە، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، نەخشە و دیزاینی پڕۆژەکە تەواو بووە و کۆمپانیای جێبەجێکار دیاری کراوە، ئەم ڕێگەیە لە ئایندەدا دەبەسترێتەوە بە ڕێگەی سەرەکی ھەولێر.
سۆران لە ١٤ـی ئەیلولی ٢٠٢١، لە شارۆچکەوە بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کرا بە ئیدارەی سەربەخۆ و شەش قەزا لەخۆ دەگرێت.