لە کۆبوونەوەیەکدا، وەزارەتی نەوتی عێڕاق بڕیاریدەستپێکردنەوەی ناردنی 150 تۆن غازی شل لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 14ی ئایاری ئەمساڵ. هاوکات بڕیار دراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو رۆژانەی ناردنی غازەکە تێیاندا راگیرابوو.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق، لەوبارەیەوە، ڕایگەیاندووە؛ دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سەردانی وەزارەتی نەوتیان کردووە و لەگەڵ عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز کۆبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری وەزارەتی نەوت دراوە بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی 150 تۆن غازی شل لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 14ی ئایاری ئەمساڵ. هاوکات بڕیار دراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو رۆژانەی ناردنی غازەکە تێیاندا راگیرابوو.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێڕاق، ئاماژەی بەوە داوە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە 22ی نیسانی ئەمساڵ بە نووسراوێک پشکی غازی شلی هەولێر و دهۆکی راگرتبوو، کە بڕەکەی رۆژانە 150 تۆنە. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک دروست کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی غازی ماڵان و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکاندا”.

