كارزان گلی – ههولێر
لەناو جەرگەی ئیستانبۆڵ، ئاسایشی ئەو شارە توانیی گروپێكی ترسناك دەستگیر بكات، كە هەرچی كاری نایاسایی هەیە كردوویانە بۆ ئەوەی بتوانن ئیمپراتۆریەتێكی مەترسیدار دروست بكەن و لە هەموو شارەكانی توركیا بڵاوببنەوە.
سەرەتا گروپەكە لە ئیزمیری توركیا بوونە، پاشان لە ئیستانبۆڵ و هەشت شاری توركیا خۆیان جێگیر كردووە و شانەی نووستوویان داناوە. ئەو گروپە، پارەی رەشیان سپی كردووەتەوە، هەروەها مادەی هۆشبەریان هێناوە و فرۆشتویانە، جیا لەوەی لەڕێگەی دیجیتاڵەوە پارەی كریپتۆیان فرۆشتووە و بەشێوەیەكی ساختە خەڵكیان هەڵخەڵەتاندووە و توانیویانە سەروەتەكەیان لە یەك هەژماری بانكیدا ١ملیار و ٥٠٠ملیۆن لیرەی توركی بێت.
ئەو كەسانەی دەستگیر كراون لە ئیستانبۆڵ و شارەكانی تری توركیا ٥٣ كەسن، كەسایەتییەكان پێشتر كاری جۆراوجۆریان كردووە، وەكوو كرێكاری و كاری میكانیكی و دارتاشی و زۆری تر.
ئەوەی سەردەستەی ئەو گروپە بووە، كەسێك بووە بە ڕەگەز عێراقییە و ناوی موشتاق قادر عومەرە، ئەو كەسایەتییە پێشتر سەرۆكی دامەزراوەی وەقفی توركمانی نێودەوڵەتی بووە، بەڵام هەر لەو رێگەیەوە چەندین كاری نایاسایی كردووە، وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، موشتاق لە رێگەی ئەو دامەزراوەوە ملیۆنان دۆلار پارەی رەشی سپی كردووەتەوە.
هەروەها تەلەڤیزیۆنی (خەبەر تورك) بڵاوی كردووەتەوە، موشتاق پێشتر لە هەولێر دەستگیر كراوە، چونكە لە عێراقدا بە تاوانی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر سزا دراوە و توانراوە لە هەولێر دەستگیر بكرێت و بۆ ماوەیەك لە زیندان ماوەتەوە.
ئەوەی بووەتە مایەی سەرنج، موشتاق لەناو خانەوادەكەیدا هاوسەرەكەی و خوشكی هاوسەری و خەسووی لەگەڵی بوونە، واتە لە هەموو كارێكی نایاسایی ئەوان كاروباری دارییەكەیان بۆی ئەنجام داوە، بۆیە ئەوانیش دەستگیر كراون.
بەگوێرەی راپۆڕتێكی (خەبەر تورك) بێت، موشتاق زۆر زیرەك بووە لە ئایتی، بۆیە لە رێگەی تەكنەلۆژیاوە كۆمپانیایەكی ئەڵكتڕۆنی تایبەت بە پارەی ئەلكترۆنی داناوە و توانیویەتی لە درەوەی توركیاش خەڵك هەڵبخەڵەتێنێت و ملیۆنان دۆلار بەدەست بهێنێت، لە كاتێكدا كۆمپانیایەكە درۆیینە (وەهمی) بووە و لە توركیا تۆمار نەكراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسەكانی توركیا، موشتاق و ئەوانەی لەگەڵیدا دەستگیر كراون، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی دەكرێن، چونكە كاری نایاسایییان كردووە و پارەی رەشیان سپی كردووەتەوە و چەندین چەكی بێمۆڵەتیش لە كۆشكە گەورەكەی لە ئیستانبۆڵ دەستی بەسەردا گیراوە.

