رۆژنامەی ھەولێر

گەشتێک بە مێژووی زەویدا

خوسره‌و جاف
وەک بەندەیەکی ئیماندار، دڵنیام کە پەروەردگار خاوەنی ڕەهای گەردوون و ئەم تۆپە زەوینەیە کە ئێمەی تێدا دەژیین؛ کاتێک قەبارەی زەوی بەراورد دەکەین بە گەلەئەستێرە زەبەلاحەکانی وەک ڕێگای کاکێشان یان ئەندرۆمێدا، دەبینین زەوی لە سەرە دەرزییەکیش بچووکترە و تەواوی زانیارییەکانی مرۆڤ دەربارەی ئەم کەونە تەنیا ٢٪ـە و ٩٨٪ی نهێنییەکان هێشتا نادیارن.
خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمێت کە مرۆڤی بە چاکترین شێوە دروست کردووە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە وەک ئەو بوونەوەرە ژیرەی کە خراوەتە سەر ئەم خاکە، ئاگاداری مێژووی نیشتمانە خاکیەکەی خۆمان بین کە بە حیکمەتی ئیلاهی و لە ڕێگەی قۆناغی جۆراوجۆردا گوزەراوە. ئەم کاروانە لە ١٣.٥ملیار ساڵ پێش ئێستاوە بە تێکەڵبوونی ماددە و وزە و دروستبوونی جیهانی کیمیا دەستی پێ کردووە؛ ٤.٥ ملیار ساڵ پێش ئێستا زەوی وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ شێوەی گرت و دوای ئەوە لە ٣.٨ ملیار ساڵ پێش ئێستا یەکەمین نیشانەکانی ژیان دەرکەوتن. لە درێژەی ئەم مێژووەدا و ٦ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ڕەگەزی مرۆڤ جیاوازبوونی تێدا دەرکەوت و، ٢.٥ملیۆن ساڵ پێش ئێستاش لە ئەفریقا دەستی بە دروستکردنی کەرەستەی بەردین کرد؛ پاشان ٢ملیۆن ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ بەرەو کیشوەرەکانی تری جیهان کۆچی کرد و بەپێی ژینگە ڕوخساری گۆڕا. لە کاتێکدا ٥٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا ڕەگەزی نیاندەرتاڵ لە ئەوروپا پەرەی سەند، مرۆڤ ٣٠٠هەزار ساڵ پێش ئێستا فێری بەکارهێنانی ئاگر بوو؛ ٧٠هەزار ساڵ پێش ئێستا شۆڕشی زانیاری و ناسین دەستی پێ کرد. مرۆڤی ژیر ٤٥هەزار ساڵ پێش ئێستا گەیشتە ئوسترالیا و ١٦هەزار ساڵ پێش ئێستاش پێی نایە خاکی ئەمریکا؛ لەو نێوەندەشدا ٣٠هەزار ساڵ لەمەوبەر ڕەگەزی نیاندەرتاڵ بە تەواوی لەناو چوون.
١٢هەزار ساڵ پێش ئێستا شۆڕشی کشتوکاڵ و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دەستی پێ کرد و ٥هەزار ساڵ پێش ئێستاش یەکەمین دەسەڵاتە پادشایەتییەکان و نووسین و ئایینە فرەخواییلکەییەکان دەرکەوتن.
مێژووی شارستانیەت بەردەوام بوو تاوەکو ٤٢٥٠ ساڵ پێش ئێستا یەکەم ئیمپراتۆریەت لە میسۆپۆتامیا دامەزرا و ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دراوی کانزایی و ئایینی بودایی پەیدا بوون. لە ڕووی ئایینە ئاسمانییەکانەوە، حەزرەتی مووسا ١٤٠٠ ساڵ پێش زایین دەرکەوت و دواتر ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئایینی مەسیحییەت و دواجاریش ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام هاتە مەیدانەوە. لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا جیهان چووە ناو شۆڕشی زانیاری و سەردەمی سەرمایەداری؛ ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەریش شۆڕشی پیشەسازی ژیانی گۆڕی، تا گەیشتینە ئەمڕۆ کە مرۆڤ بەرەو قووڵایی ئاسمان هەنگاو دەنێت.
مێژووی زەوی پێمان دەڵێت کە مرۆڤ لە داهێنان ناوەستێت، هەروەک گالیلۆ کە باجی ڕاستگۆییەکەی لەسەر خڕی زەوی دا، بەڵام پاشەکشەی نەکرد. جێگەی داخە کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا بەکارهێنەری بەرهەمە زانستییەکانین و هێشتا لەناو کێشە لاوەکییەکاندا چەقیوین، لەکاتێکدا پێویستە بە ئیمان و ئەقڵێکی کراوەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین و ببینە پارێزەری ئەم هەسارەیەی کە خودا وەک ئامانەت پێی بەخشیوین.