وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی ڤایرۆسی هانتا بڵاو دەكاتەوە كە ئێستا لە بەشێك لە وڵاتانی جیهان بڵاو بووەتەوە، لە راگەیەنراوەكەدا جەخت دەكاتەوە كە زۆر بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكەن و تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوو لە هەرێمی كوردستان نییە.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەنراوەكەدا رایگەیاند: لە ماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زۆر بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەین و بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بەدواداچوون بۆ حاڵەتەكان دەكەین.
راشیگەیاند: خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەیەكی ڤایرۆسی هانتا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش دەكات كە “ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی و زانیاری تەکنیکی و ڕێنمایی پەیوەندیدار و ڕێگەی پشکنین و تاقیگە و چارەسەرییە پێویستییەکان و هۆشیاری تەندروستی دەگرنەبەر لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیوەندارەکان”.
هەروەها هاووڵاتییانی دڵنیا كردەوە کە لە ئێستادا هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جوولەی هاووڵاتییان پەیوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و نێودەوڵەتیدا لە ئارادا نییە، تەنیا ڕێوشوێنەکانی تەندروستی گشتی جەخت لەسەر چاودێریکردن و پتەوکردنی بەرنامەی پەتازانی بۆ زوو دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و ڕۆشنبیری تەندروستی و پاکوخاوێنی ژینگە و ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی قرتێنەر ڕێککاری هەنووکەییە.
ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە، لە ڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکان بە بەرکەوتن لەگەڵیاندا یان لەگەڵ دەرهاویشتەکانیان دەگوازرێتەوە، هەوکردن ڕوو دەدات بە هەڵمژینی تۆزی پیسبوو بە دەرهاویشتەکانی قرتێنەری تووشبوو بەتایبەتی لەکاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان هەواگۆڕکێی خراپ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پێشبینی دەکرێت هەموو ساڵێک لەنێوان 10 بۆ زیاتر لە 100 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لەجیهاندا ڕوو بدات.
نیشانەکانی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە بریتییە لە (تا، ماندووبوونی زۆر، سەرئێشە، ئازاری سک و ماسوولکەکان و ڕشانەوە و کۆکە و تەنگەنەفەسی)، ڕێژەی مردنیش بە ڤایرۆسەكە بریتییە لە 20% بۆ 50%.

