ئا: نیگار نەجات
لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵان، پاراستنی نەوەی نوێ لە مەترسییەکانی جیهانی ئۆنلاین بووەتە ئەرکێکی سەرەکیی دایکان. لەم ڕاپۆرتەدا، پسپۆڕانی دەروونی و تەکنەلۆژیا پێکەوە ڕێبەرێکی هۆشیاری پێشکەش بە دایکان دەکەن، بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان سوود و مەترسییەکانی تەکنەلۆژیادا.
دکتۆر سدیق خدر مەلا (پسپۆڕی دەروونزانی)، لە لێدوانێکدا بۆ “هێلین میدیا” تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ڕۆڵی دایک وەک نزیکترین کەس لە منداڵ و دەڵێت: “پاراستنی منداڵ بە واتای قەدەغەکردنی تەواوەتی و لێسەندنەوەی ئامێرەکان نییە، بەڵکوو ڕۆڵی دایک، بەڕێوەبردنێکی هۆشیارانەیە لە ڕێگەی ڕێنماییکردن، چاودێری و دروستکردنی هۆشیاری. پێویستە منداڵ بزانێت کە بەکارهێنانی زۆری ئامێرەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی هەیە، وەک زیادبوونی دڵەڕاوکێ، کەمبوونی سەرنج و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی.”
دکتۆر سدیق چەند خاڵێکی سەرەکی بۆ دایکان دیاری دەکات:
١. لە ڕووی پەروەردەییەوە:
دانانی سنوور و کات: دایک دەبێت کاتێکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی مۆبایل، تابلێت یان کۆمپیوتەر بۆ منداڵەکەی دابنێت.
چاودێریی ناوەڕۆک: گرنگە دایک بزانێت منداڵەکە چی دەبینێت یان چ یارییەک دەکات، و ناوەڕۆکی گونجاو بۆ تەمەنی ئەو هەڵبژێرێت.
فێرکردنی بەکارهێنانی باش: ڕێنماییکردنی منداڵ بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە بواری خوێندن و فێربوون، نەک تەنها بۆ یاری و کاتکوشتن.
بوون بە نموونەی باش: ئەگەر دایک خۆی کاتێکی زۆر لەسەر مۆبایل بەسەر ببات، منداڵیش هەمان ڕەفتار دووبارە دەکاتەوە.
٢. لە ڕووی دەروونییەوە:
پاراستنی پەیوەندیی خێزانی: کات بەسەربردنی زیاتر لەگەڵ منداڵ (وەک گفتوگۆ و یارییە هاوبەشەکان)، یارمەتیدەر دەبێت کە منداڵ کەمتر پشت بە تەکنەلۆژیا ببەستێت.
ناسینی کێشە دەروونییەکان: ئاگاداربوون لە نیشانەکانی تەنهایی، ترس، یان دڵتەنگی کە بەهۆی بەکارهێنانی زۆری تەکنەلۆژیاوە دروست دەبن.
پەرەپێدانی متمانەبەخۆبوون: هاندانی منداڵ بۆ چالاکییە ڕاستەوخۆکان (وەک وەرزش و هونەر) بۆ ئەوەی هەست بە بەهێزیی خۆی بکات.
گفتوگۆی کراوە: دایک دەبێت بە شێوەیەکی ئارام لەگەڵ منداڵەکەی قسە بکات دەربارەی مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا، وەک توندوتیژی لە یارییەکان یان پەیوەندییە نادروستەکان.
شادی سەلیم حەسەن (پسپۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری)، بۆ “هێلین میدیا” دەدوێت و ڕێکارە پراکتیکییەکان بۆ دایکان ڕوون دەکاتەوە. ئەو جەخت دەکاتەوە کە پێویست ناکات دایک پسپۆڕی تەکنەلۆژیا بێت بۆ ئەوەی منداڵەکەی بپارێزێت:
“بۆ پاراستنی منداڵ لە جیهانی ئۆنلاین، تەنها چەند هەنگاوێکی سادە هەیە کە دایک دەتوانێت پەیڕەویان بکات:
ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی دایک و باوک: بەکارهێنانی ئەپی (Google Family Link) کە خزمەتگوزارییەکی گوگڵە و ڕێگە بە دایک و باوک دەدات کات و جۆری بەکارهێنانی ئامێرەکان ڕێک بخەن، بەرنامەکان پەسەند یان ڕەت بکەنەوە و کاتی شاشە دیاری بکەن.
کاتی شاشەی ئەپڵ (Screen Time): ئەم تایبەتمەندییە بەکاربهێنە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەیت کە منداڵەکەت چ ئەپێک و بۆ چەند کات بەکار دەهێنێت.
گەڕانی سەلامەت (Safe Search): ئینتەرنێت سەلامەتتر بکە بە چالاککردنی فلتەرەکانی گەڕان و (Restricted Mode) لە یوتیوب، بۆ ئەوەی منداڵەکەت ناوەڕۆکی نەگونجاو نەبینێت.
وشەی تێپەڕی بەهێز: منداڵەکەت فێر بکە وشەی تێپەڕی (Password) بەهێز بەکاربهێنێت و لەگەڵ کەسدا هاوبەشی نەکات بۆ ئەوەی هاک نەکرێت.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە پەیوەندییەکی پڕ لە متمانە لەگەڵ منداڵەکەت دروست بکەیت؛ لێی بپرسە سەیری چی دەکات و لەگەڵ کێ قسە دەکات. پێی بڵێ ئەگەر هەستی بە هەر شتێکی نامۆ یان هەڵە کرد، یەکسەر پێت ڕابگەیەنێت. کاتێک ئەم ئامرازە تەکنیکییانە لەگەڵ گفتوگۆی بەردەوام تێکەڵ دەکەیت، منداڵەکەت لە جیهانی ئۆنلایندا زۆر سەلامەتتر دەبێت.”

