رۆژنامەی ھەولێر

شارە دۆستەكەی كوردان پایتەختی گەشتیاری جیهانییە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

كراكۆڤ جارێكی دیكە بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەكانی پیشەسازیی گەشتیاری جیهانی دوای ئەوەی نازناوی باشترین شوێنی كاتبەسەربردن لە ئەوروپا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بردەوە و خەڵات کرا؛ گۆڤارە ئەمریكاییەکەی گڵۆباڵ تراڤلەر ئەو بابەتەی ڕێك خستبوو. ئەم ڕێزلێنانە دانپێدانانێكی نێودەوڵەتییە بە پەرەسەندنی ناوبانگی شارەكە لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان.

دەربارەی خەڵاتەكانی شێوازی ژیانی كاتبەسەربردن: ئەم خەڵاتانە لە گرنگترین ڕاپرسییە ساڵانەكانن لە پیشەسازی گەشتیاریدا. ساڵی ٢٠٢٦ چواردەهەمین خولی ئەم ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییە بوو.
پرۆسەی هەڵبژاردن: خەڵاتەكان لەسەر بنەمای ڕاپرسی گەشتیارانی بە ئەزموونە نەك پسپۆڕانی پیشەسازی، كە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینەی گەشتیارانە.
مەودای دانپێدانان: ڕیزبەندییەكە شوێنەكانی پشوو، پشووەكانی شار، هێڵی ئاسمانی، فڕۆكەخانە و هۆتێلەكان لەخۆ دەگرێت، جگە لە خەڵاتی تایبەت بۆ داهێنان و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنی ژینگە. كراكۆڤ لە زەبەلاحەكانی گەشتیاری ئەوروپای تێپەڕاند.

كراكۆڤ پلەی یەكەمی لە بەشی “باشترین شوێنی كاتبەسەربردن لە ئەوروپا” بەدەست هێناوە و لە شارە جیهانییە دامەزراوەكان باشترە:
ڕكابەرەكان: كراكۆڤ سەركەوتنی بەسەر سێڤییا و پۆرتۆ و ئەستەنبوڵ و لیسبۆن بەدەست هێنا.
نهێنیی سەركەوتنی پایتەختە مێژووییەکەی پۆڵەندا
سەركەوتنی كراكۆڤ لە چەند هۆكارێكەوە سەرچاوە دەگرێت كە وای كردووە ببێتە شوێنێكی ئایدیاڵ بۆ گەشتیارانی مۆدێرن، وەك لە مەنتقی خەڵاتەكەدا هاتووە:
دۆستایەتیی نێوان پۆڵەندا بە گشتی ئەو شارە بە تایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دۆستایەتییەكی زێڕینی هەیە. كە لێرەدا بە كورتی هەندێكیان دەخەینە ڕوو.
زانكۆی یاگیلۆنیا لە شاری كراكۆف لە زانكۆیە هەرە كۆنەكانی وڵاتی پۆڵۆنیایە، مێژویەكی دەوڵەمەندی هەیە.
زانكۆی یاگیلۆنیا لەگەڵ زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا. لە ساڵی 2004 رێككەوتننامەی هاریكاری بەست، لەسەر ئەو بنچینەیە تائێستا دەیان قوتابی هاتوون و كۆرسی خوێندنیان وەرگرتووە و بێ بەرامبەر ماستەر و دكتۆرایان تەواو كردووە، دروستبوونی ئەم پەیوەندیانەش لەلایەن كاربەدەستان و ئەكادیمیست و ناوەندە زانستیەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی بەرز نرخێندراوە و پێشوازییەكی زۆری لێ كراوە، بنیادنانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتی پۆڵەندا بۆتە هۆی ئەوەی كە ساڵانە بە دەیان قوتابی كورد درێژە بدەن بە خوێندنی قۆناغەكانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی وڵاتی پۆڵەندا. دوای گەڕانەوەی ئەو قوتابیانەش بۆ ناو هەرێم هەر یەكێكیان لە بوارەكانی خۆیان خزمەتێكی بەرچاوی هەرێمی كوردستان دەكەن
لە ساڵی 2011 نوێنەرانی هەرێمی مالۆپۆلسكای پۆڵەندا لە هەولێر ریكەوتنامەی هاوكارییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ كرد. ڕێككەوتنەكە هەنگاوێكی گرنگبوو لە پێشوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پۆڵەندا و كوردستان.
ئامانجە سەرەكییەكانی ریكەوتننامەكە بریتی بووە لە پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان كوردستان و مالۆپۆلسكا و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕەكان لە بوارەكانی پەروەردە، پزیشكی، كشتوكاڵ، پیشەسازی و، گەشتیاری و بانگهێشتكردنی سەردانی بەرامبەر لەلایەن شاندەكانی حكومەت و میدیا و كەرتی تایبەتەوە و كردنەوەی پەنجەرەیەك بۆ پڕۆژەی هاوكاریی ئومێدبەخش و زیادكردنی وەبەرهێنانی هاوبەش.
هەروەها 22 ساڵ لەمەوبەر كوردناسی گەورەی پۆڵۆنی پڕۆفیسۆر ئەنجەی پیسۆڤیچ لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان زانكۆی یاگیلۆنیا و زانكۆی سەلاحەدیندا یەكەم كەس بووە زمانی كوردییان لە زانكۆی یاگیلۆنیا گوتووەتەوە، ئێستاش بەشی كوردۆلۆجی لە زانكۆی یاگیلۆنیا لە كراكۆف بەردەوامە و چالاكە لە توێژینەوە و ناساندنی زمان و ئەدەب و كولتووری كوردی. پڕۆفیسۆر ئەنجەی پیسۆڤیچ بە هاوبەشی لەگەڵ پ. ی. د. فەرهەنگ مزەفەر محەمەد ڕەشكینی و ئەنجەی بارتچاك، كتێبێكیان داناوە لەبارەی ڕێزمانی كوردی/ سۆرانی شێوەزاری هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٢ لە پۆڵۆنیا بڵاو كرایەوە، كە تا ئەمڕۆش تاكە ڕێبەر و سەرچاوەیە لە پۆڵۆنیا بەكار دێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت فێری زمانی كوردی زاری سۆرانی ببن.
ساڵی 2017 “یاچێك كروپا” سەرۆكی هەرێمی مالۆپۆڵسكای پۆڵۆنیا كە پایتەختەكەی كراكۆفە لە كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتی هیوای سەركەوتنی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان خواست و ئامادەیی هەرێمی مالۆپۆڵسكای دووپات كردەوە بۆ بەردەوام بوون لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ كوردستان.
ئەو كات یاچێك كروپا گوتیشی پۆڵۆنیاش بۆ ماوەی چەندین ساڵ خەباتی كرد بۆ سەربەخۆیی، هەروەها ئامادەیی هەرێمی مالۆپۆڵسكای دووبارە كردەوە بۆ بەردەوام بوون لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان.
خەڵاتی فرەكولتووری لە ساڵی 2018دا لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای شاری كراكۆف بە ئامانجی پشتیوانی و گەشەپێدانی چالاكیە كولتووری و فرەئایینی و فرە نەژادیەكان دامەزرێندرا بۆ فەراهەمهێنانی كەش و ژینگەیەكی خۆشبەختانە بۆ پۆڵۆنی و خەڵكە بیانیەكانی شاری كراكۆف. بۆ ساڵی 2020 خەڵاتەكە بەخشرایە زیاد ڕەئوف، كە كەسایەتییەكی كوردی دانیشتووی پۆڵەندایە و ئێستا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەو وڵاتە و خاوەنی چەندین خەڵاتی دیكەی گرنگە لەسەر ئاستی پۆڵەندا؛ زیاد ڕەئوف لە ساڵی 1986دا بەمەبەستی خوێندن ڕوی لە وڵاتی پۆڵۆنیا كردووە و لە شاری كراكۆف نیشتەجێ بووە؛ ساڵی 1992 یەكێك بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی ”كۆمەڵەی دۆستایەتی پۆڵۆنی-كوردی” بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گەلێك دامەزراوەی فەرمی كراكۆفدا وەك (ناوەندی كولتووری نێودەوڵەتی، دامەزراوەی هونەرمەندان و دیزاینەرانی پۆڵۆنی، ڕێكخراوی ڤیللا دێسیوس و، هتد)؛ چەندین چالاكی و پێشانگا و كۆنسێرت و هاوشێوەكانی ڕێكخستوە بۆ ناساندنی ھونەر و كولتووری كوردستان، دیالۆگی نێوان لایەنەكان و ئاشتەوایی، هەر ئەو كەسایەتییە ساڵانە سپۆنسەری چەندین ڤێستڤاڵی گرنگی هونەری لەسەر ئاستی پۆڵەندا دەكات.
ساڵی ٢٠١٧ لە كراكۆف، خەڵاتی سێرجیۆ دی مێلۆی پۆڵەندی بەخشرایە ڕێكخراوی خێرخوازی بارزانی و ئەو خەڵاتە بۆ ئەو كەسایەتی و ڕێكخراوە شایستانەیە كە چالاكییەكانیان تەرخان دەكەن لە پشتیوانی لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەكانی مرۆڤ و، پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هاوكاری كۆمەڵگە و ئایین و كولتوورەكان