ئەمڕۆ كاتژمێر 10ـی سەر بەیانی لە هۆڵی فەرهادی لە كۆلیژی ئاداب- زانكۆی سەلاحەدین، گفتوگۆی ماستەرنامەی قوتابی” ئاوات محەمەد عوسمان” بە ناونیشانی ” کوردانی ئازەربایجانی سۆڤیەتی (١٩١٧-١٩٤٥)” بەڕێوەدەچێت.
کوردانی ئازەربایجانی سۆڤیەتی (١٩١٧-١٩٤٥)
کوردانی ئازەربایجانی سۆڤیەتی، توێژینەوەی ئەکادیمیکیان لەسەر نەکراوە، بە نامەی ماستەر یان دکتۆرا؛ خاتوو ئاوات محەمەد عوسمان، ماستەرنامەکەی خۆی بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە؛ ئەوە یەکەمین لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیکی ئەو بوارەیە؛ زۆرینەی سەرچاوەکانی بەڵگەنامە و سەرچاوەی ڕەسەنە.
جێگەی ئاماژەیە، ئازەربایجانی سۆڤیەتی یەکێک بوو لەو ناوچە گرنگانەی کە لەنێوان ساڵانی 1917–1945 گۆڕانکارییەکی خێرای لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕۆشنبیریدا بەخۆیەوە بینی؛ ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناوچەکە دروست كرد، لەم چوارچێوەیەدا، کورد وەک پێکهاتەیەکی دانیشتووی ناوچەکە، بەشێک بووە لە هاوکێشەکە و ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەبووە.
گرنگیی توێژینەوەکە لەوەدایە، تیشک دەخاتە سەر ناوچەیەکی گرنگی جوگرافی لە قۆناغێکی مێژووییدا، کە نەتەوەی کورددا ڕۆڵێکی کاریگەری تێدا گێڕاوە، بەڵام تا ئێستا کەمتر ئاوڕ لەم بابەتە دراوەتەوە؛ ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی زانستییە بۆ خستنەڕووی بارودۆخی سیاسیی کوردەکانی ئازەربایجانی سۆڤیەتی لەو ماوەیەدا.
توێژینەوەکە وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە؛ وەک: چۆن پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ هاتنەسەرحوکمی سۆڤیەتییەکان لە ساڵی 1917 گۆڕانکاریی بەسەردا هات؟ هۆكاری دامەزراندن و ڕووخانی ئوێزدی كوردستان (كوردستانی سوور؛ Kurdistan uezd) و ڕادەی سەربەخۆبوونی و ئایا ئەم ئوێزدە وەک پێكهاتەیەکی ئۆتۆنۆمیی نەتەوەیی بوو؟ بۆچی ستالین كوردەكانی لە ماوەی نێوان 1937 – 1944دا ڕادەگواستەوە؟ بۆ ساغکردنەوەی ئەو پرسیارانە و چەندین لایەنی تر لەم توێژینەوەیەدا پشتمان بە میتۆدی شیکاریی وەسفی بەستووە. ئەنجامەکان ئەوە نیشان دەدەن، کە ناوچەکە لەو ماوە مێژووییەدا ناوچەیەکی پڕ لە گۆڕانکاری و ڕووداو بووە و کوردانی ئەو ناوچەیەش ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە.
توێژینەوەکە لە چوار بەش پێک هاتووە:
بەشی یەکەم/ لەو بەشەدا جوگرافیای ئازەربایجان و مێژووی کورد لە ناوچەکە تا ساڵی ١٩١٧خراوەتە ڕوو؛
بەشی دووەم/ لەو بەشەدا باسی ڕەوشی كوردانی ئازەربایجان لە ماوەی (1917 – 1923) کراوە؛
بەشی سێیەم/ ئاماژە بە دامەزراندن و هەڵوەشاندنەوەی كوردستانی سوور کراوە، لەنێوان (1923 – 1929)ـدا لەگەڵ دەركەوتنی بزاڤی ڕۆشنبیری لە (1931 – 1937)ـدا؛
بەشی چوارەم/ بارودۆخی كوردانی ئازەربایجانی سۆڤیەتی لە ماوەی (1937 – 1945) و سیاسەتی ڕاگواستنی ستالین بەرانبەر كوردەكانی ئازەربایجانی سۆڤیەتی و بەشدارییان لە جەنگی دووەمی جیهانیدا.

