یاسین قادر بەرزنجی
دێلێژە گیان، وا نەزانی
من تۆم لەبیر ئەچێتەوە
هێندە لە دڵدا شیرینی
وەکو شانەی هەنگوینی
لە گوندە جوانەکەی دێلێژەی ناوچەی قەرەداخدا چاوی بە دنیادا هەڵهێناوە. لە منداڵییەوە ئەشقی باسەڕە و چیای تەختەسی و چەپەچنارە لە دڵیدا سەوز بووە و وەک هەموو خزمانی دێلێژە بە ئاکاری جوان و گوفتاری شیرین و زەردەخەنەی سەرلێوانەوە، بەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە ڕۆژگاری تەمەنی بەسەر بردووە، دۆستی هەمیشەیی و بەئەمەکی هەمووان بووە، خاوەنی دڵێکی پاک و بێگەرد و ماڵێکی دەرگاواڵا بووە بە ڕووی کەسوکار و دۆستاندا. لەشسووک و هەڵۆئاسا، لە خۆشی و ناخۆشیی هەموواندا بەشدار بووە.
کاک ڕەووفی خۆشەویستی ئێمە، لە تەمەنی ٢٠ ساڵانەوە بووەتە پێشمەرگە و بووەتە لاوێکی سەرگەرمی ڕێگای بەرەو ئازادی و، بووەتە بەشداری کاروانە بێکۆتاییەکەی ڕزگاری و سەربەخۆییی کوردستان.
هەر لەو پێناوەشدا دەستی داوەتە قەڵەم و بۆ خەم و خەونەکانی نیشتمانە زامدارەکەی شیعری هۆنیوەتەوە و، گەلێک ملوانکەی ڕەنگین و پڕ لە هەست و نەستی کردووەتە گەردنی ئەدەبیاتەکەمانەوە.
کاکە ڕەووف شیعری بۆ شەهید و زیندانیان و ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان وتووە و هەمیشە بولبولی خۆشخوانی ئازادیی کوردستانەکەی بووە.
وەک پیشەش، کارمەندێکی دڵسۆزی بواری تەندرووستیی بووە و لە کرپچنە و سەنگاوی تیمار و ئەڵڵایی ئازارشکێنی دەردەداران بووە، هەربۆیە لەو ناوچانە و لە دێلێژە و سۆڵە و گەلێ گوندی تر ناوێکی درەوشاوە بووە.
دڵنیام ڕۆحه بێگەردەکەی لە فیردەوسی نەمریدا هەمیشە ئارامە، چونکە یادگارە شیرینەکانی لای هەمووان ماون و کچ و کوڕە جگەرگۆشەکانیشی بوونەتە یادگاری ئەو پیاوەی هەرچی بیانبینێ و بیانناسێ ڕەحمەت دەنێرن بۆ ئەو و هاوسەرە بەرز و بەنرخەکەی.
یادت بەخێر کاکە شێخ گیان، درەختە باڵابەرزە بەدیمەنەکەی دێلێژە، ئەو پیاوەی چرای نێو خزمانمان بوویت و بۆ هەمیشەش لای من هەر بە گەشی دەمێنیتەوە، یادت بەخێر کاک ڕەووف گیان.

