ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران بڵاویکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گەشتیاران و رێگریکردن لە دروستبوونی جەنجاڵی لە رێگاوبان و ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی هاتووچۆی (ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسیکل) لە رۆژانی کۆتایی هەفتەدا لە رێگای حاجی ئومەران -سپیلک -هەولێر و بە پێچەوانەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- رۆژانی پێنجشەممە: لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تاوەکو یەکی شەو.
2- رۆژانی هەینی: لە کاتژمێر 7ی بەیانی تاوەکو یەکی شەو.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران، ئاگاداری شۆفێرانی بارهەڵگر و خاوەن مۆتۆرسیکلەکان دەکاتەوە، هەر سەرپێچیکارێک لەو کاتانەی دیاریکراون بەو رێگایانەدا بڕوات، لە رێگەی کامێراکانی (پۆینت تو پۆینت ، جێگر و خولاو) و مەفرەزەکانی هاتووچۆ سزای دارایی بۆ تۆمار دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەم رێنماییە لە رۆژی پینجشەمەوە رێککەوتی 7ـی ئایاری 2026، کاری پێدەکرێت.
رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغیەکی زۆر لە رێگەدا.

