ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.5.6، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سیروان عوسمان بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێرو جوتیار عەلی کارگێری لقی دوو، سەنگەر جەمال بەرێوەبەری ماڵی چاودێری بەساڵاچووانی هەولێرو ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیران و کتێب دۆستان، لە مەراسیمێکدا لە ماڵی چاودێری بەساڵاچووانی هەولێر، ڕۆمانی (چ) لە نووسینی (د. محەمەد عوزێری) ناسێنرا.
لەمەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا، وێڕای دەستخۆشی لە نووسەر بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە نوێیە، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە کارە ئەدەبییەکانیدا بۆ خواست و ڕۆڵی نووسەر و ڕۆشنبیرانی لە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی بەرز نرخاند.
جێگەی باسە، ڕۆمانی “چ” باس لە کۆمەڵێک بابەتی قووڵی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەکات. ناونیشانی ڕۆمانەکە کە تەنیا لە پیتی “چ” پێکهاتووە، وەک هێمایەک بۆ چەندین پرسیار و چەمکی جیاواز لە نێو چیرۆکەکەدا بەکارهاتووە. ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە گوزارشت لە ململانێی نێوان ڕاستی و خەیاڵ و گەڕان بەدوای شوناس لە نێو جەنجاڵییەکانی ژیاندا دەکات. نووسەر هەوڵیداوە بە زمانێکی سادە بەڵام پڕ لە مانای فەلسەفی، سەرنجی خوێنەر بۆ نێو قووڵایی ڕووداوەکان ڕابکێشێت.

