سلێمان تاشان – ههولێر
دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی و كەتیبەكانی ئیمام عەلی سەربە شبل زەیدی چەكەكانیان ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی دەکەن، وەك وەڵامدانەوەیەكی مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ داماڵینی گرووپەكانی سەربە ئێران لە عێراق و كۆنترۆڵكردنی چەك لە دەستی دەوڵەت، هەنگاوێک کە هەرچەندە بە سیمبولیک لێکدەدرێتەوە بەڵام کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە.
هێشتا بە وردی دیار نییە ئامانج لەو هەنگاوە ئەویە دوو گرووپەکە بەم بڕیارەیان خۆیان لە سزاکان و هر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا ڕزگار بکەن یان بە ڕاستی دەیانەوێت یارمەتیی سەرخستنی کاندیدی نوێی پۆستی سەرۆک وەزیران بکەن.
هەفتەی ڕابردوو دوای ئەوەی عەلی زەیدی بە پاڵێوراوی چوارچێوەی ئاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق هەڵبژێردرا بەستەڵەکی پڕۆسەی سیاسی بۆ دامەزراندنی حکوومەت توایەوە، سەرۆکی ئەمریکا وێڕای پیرۆزباییکردن لێی، بەڵێنی پێدانی پاڵپشتی پێدا بەڵام دواتر جارێکی دیکە پرسی کۆتاییهێنان بەگرووپە میلیشیاکانی کردەوە مژاری ڕۆژ و داوای لە پاڵێوراوی ڕاسپێردراو کرد کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان بهێنێت.
مانگی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، سەركردەی حەوت گرووپی میلیشیاکانی عێراقی بە تۆمەتی پلاندانان و هەوڵدان و جێبەجێكردنی هێرش دژی كەس و دامەزراوە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، خستە ناو لیستی سزاكانەوە. لە نێو گرووپەکانی نزیک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەندێک گرووپی توندڕەوتر هەن کە چەکداماڵینیان ڕەت کردووەتەوە لەوانەش نوجەبا و کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق، بەڵام گرووپەکەی خەزعەلی و شبل زەیدی وا پێدەچێت بۆ پاراستنی پێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و شیعە تا ڕادەیەک سازش بکەن و گرووپەکانیان هەڵوەشێننەوە هەرچەندە هیچ لێدوانێکی فەرمی لە لایەن ئەوانەوە بۆ ڕەت یان قبوڵکردنی ئەو دەنگۆیە بڵاو نەکراوەتەوە.
بەگوێرەی شەرقولئەوسەت گرووپەکەی خەزعەلی کە ئەندامێکی سەرەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە خاوەنی سێ لیوای سەرەكییە لە ڕیزی دەستەی حەشدی شەعبی، هاکات كەتیبەكانی ئیمام عەلی خاوەنی لیوایەکن و لە ڕاستیدا چەکەکانیان هەر بەخۆیان لە ناو حەشدی شەعبیدا دەبەخشنەوە و کردەوەکەیان ئەوەندەی دەکەوێتە خانەی سیمبولیکییەو ەئەوەندە لە ڕاستای ئەوەدانییە بە ڕاستی ئەو گرووپانە بەو قەناعەتە گەیشتبن هەبوونی چەک لە دەستی گرووپە میلیشیاکان هیچ سوودێکی بۆ عێراق نییە و لە داهاتوودا عێراق ڕوبەرووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە.
هەموو ئەو هەنگاوانە بۆ ئەوەیە تەنیا دەستەی حەشدی شەعبی بمێنێتەوە و خۆیان لە ژێر سێبەری ئەو دەستەیە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن.
عەسائیبی ئەهلی حەق کە لە ناو پەرلەمانیش خاوەن دەسەلاتە، جگە لەوەی کە خاوەندارێتی بیست و حەوت کورسی دەکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانیشی بەدەستەوەیە و ناخوازێت ئەو پێگەیەی خۆی لەبەر پرسی چەکداریی گرووپەکە لەدەست بدات و نایەوێت لەگەڵ ئەمریکا بکەوێتە ململانێی ڕاستەوخۆوە. بڕیارەکەی بۆ چەکدانان ئەوەندەی هەنگاوێکی سیمبولیکە ئەوەندە ڕاستەقینە نییە
بەڵام یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسیارانەی لەم ڕۆژانەدا دەورووژێنرێن ئەوەیە ئایا کێشەی ئەمریکا لە عێراق تەنیا چەند گرووپێکی میلیشیاییە کە ناسراون و پەیوەندیی مێژوویی، ئەمنی و سەربازی و تەنانەت داراییان لەگەڵ ئێراندا هەیە یان کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە و ئەمریکا دەیەوێت کۆی گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی چارەسەر بکات و هەمووان لە ناو دامەزراوەی سوپا و دەوڵەتدا کۆ بکاتەوە و تەنیا سەرۆک وەزیران کە لەرووی یاساییەوە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە فەرمان بەو هێزانە بکات و بە تەواوی جڵەوی ئەو گرووپانە بەدەستەوە بگرێت.
هەرچەندە عەلی زەیدی هیچ حزبێکی سیاسی نییە بەڵام لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتیی زۆرینەی بەدەستەوەیە و خەریکە لە ئاستی عێراقیشدا پاڵپشتیی زیاتر دەستەبەر دەکات. سەردانی عەلی زەیدی بۆ هەریمی کوردستان و ئەو پێشوازییەی لێی کرا سەلمێنەری ئەوەیە هێزەکانی کوردستانیش کێشەیان لەگەڵ زەیدی نییە ئەگەر بەپێی دەستوور هەڵسوکەوت بکات و مافی گەلی کورد بپارێزێت.

