رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی کۆتایی بە سەردانەکی هێنا

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا کۆتاییهاتنی سەردانە “بەرهەمدار و سەرکەوتووەکەی” بۆ بەغدای پایتەخت ڕاگەیاند، کە تێیدا لەگەڵ هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و هاوبەشانی سیاسی لە بەغدا کۆبووەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویەتی: لە دیدارەکاندا جەختیان لە پابەندبوونیان بە کار و هاوکاریی هاوبەش کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە نیشتمانییەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێچیرڤان بارزانی، جەختکردنەوە بووە لەسەر “مانەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا” و پێویستیی چارەسەرکردنی خێرای دۆخی ئابووری کە بەهۆی لێکەوتەکانی بارودۆخی ناوچەکەوە کاریگەریی لێکەوتووە.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق نابێت تێوەگلانی ململانێ هەرێمییەکان بێت.

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لەگەڵ هاوبەشەکان گفتوگۆیان لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت کردووە و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو دەربڕیوە، بە ئامانجی گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناغێکی نوێی سەقامگیری، گەشەپێدان و پێشکەوتن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەرموگوڕی پێشوازیکردن و میوانداریی بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکان ئەرێنی و بنیاتنەر بوون و لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی گشتیی وڵاتدا بوون.