رۆژنامەی ھەولێر

تەرمی عــــەلی وەردی

خوسرەو جاف
ڕۆژنامەنووسێکی عەرەبی بەعسیم دەناسی بە ناوی (موئەیەد عەبدولقادر) کە زۆرتر لە کۆڕ و کۆمەڵی ڕۆشنبیراندا دەردەکەوت؛ ناوبراو نیوەڕۆیەک تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: “ئەوە نیو کاتژمێرە مامۆستا (عەلی وەردی) مردووە، تەرمەکەی هێشتا هەر لە ماڵدایە، زۆر کەس ناوێرن بڕۆنە پیری و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا.”
وتم: “تۆ دەڕۆیت؟”
وتی: “من ناوێرم بڕۆم، تۆ ئەگەر ناترسی دەتوانیت بگەیتە شۆردن و ئەسپەردەکردنەکەیدا.”
وتم: “من ماڵیان نازانم لە کوێیە، بمزانیبایە دەڕۆیشتم.”
وتی: “زۆر ئاسان و ئاشکرایە؛ بڕۆ بۆ ناو بازاڕی (کازمیە)، تا کۆتاییەکەی بڕۆ، ماڵی عەلی وەردی لە دەمی کۆتایی بازاڕەکەدایە.”
لە ڕاستیدا بەندە گەلێک سەرسام بووم بە بۆچوونەکانی عەلی وەردی؛ سەرتاسەری کتاوە چاپکراوەکانیم خوێندبووەوە، بەڵام وەک کەس نەگەیشتبوومە خزمەتی ناوبراو. لەلایەن سەدام حوسێنەوە بە کابرایەکی بێزراو دیاری کرابوو و نیشانەی پرسیاری خرابووە سەر؛ کەس نەیدەوێرا نزیکی ببێتەوە. وتە بەناوبانگەکەی کابرای جافم کەوتەوە بیر کە وتوویەتی: “سیروان، لێشت نەدەم هەر دەمبەیت؟”
پیاوێکی وا زانا و وا دانا کە بە لای منەوە پێگەدار و ڕۆشنبیر بوو، کەچی خەڵکەکە وا ترساون و تۆقیون ناوێرن بەشداریی هەڵگرتنی تەرمەکەی بن بەرەو مردەشۆرخانە. وەڵا هەرچیم بەسەر بێت با بێت، هەر دەبێ لە ڕێوڕەسمی ئەو تەرمە بێکەسەدا بەشداری بکەم. ڕێگەی کازمیەم گرتە بەر و بە ناو بازاڕدا ڕۆیشتم تا لە بنیەوە دەرچووم. ناونیشانی ماڵی (عەلی وەردی)م پرسی، کابراکە لەگەڵم هات و ماڵەکەی پیشان دام. ڕوانیم سەرجەم دوانزە کەس ڕاوەستاون، لە ناویان دکتۆر (عەلی مەحفووز)م ناسی؛ ناوبراو بە هاتنی بەندە زۆر شادمان بوو.
تەرمەکە هێشتا هەر لە ژوورەکەیدا دانرابوو، چاوەڕوانی گردبوونەوەی خەڵک بوون، بەڵام بڕێکی کەم بوون؛ هەتاوەکوو ئەو دە دوانزە کەسەشی لێ بوون، ترس و تۆقین بە ڕوخساریانەوە دیار بوو. تەرمەکەمان لە ژوورەکە دەرهێنا و بە بەتانییەک پێچرابووەوە. ئێمە هەشت کەس تەرمەکەمان بەسەر شانەوە بوو، بە ناو بازاڕی کازمیەدا هەڵمانگرت؛ خەڵکی بازاڕەکە هەرهەمووی لە دووکان هاتبوونە دەر و دەیانڕوانیە تەرمی ئەو دانا بێکەسەدا؛ زۆرتر خەڵکەکە دەیانڕوانیە گەنجێکی قژدرێژی ڕیشدار وا شانی لەژێر تەرمەکەدایە (کە من بووم). لە دواییدا بەشداربوونم لە هەڵگرتنی تەرمی ئەو زاتە وەک دەنگی تۆپ دەنگی دایەوە، کە ئەو کابرا ڕیشدارە خەسرەو جافی نووسەر و تەلارسازە. لە مردەشۆرخانە (مەغسەلە)ی کازمیە تەرمەکە شۆرا و لەوێ گەیاندمانە گۆڕستانی (براپا). دوای مانگێک لە ئەمنی بەغداوە هاتن بە دوامدا و برام؛ بە خێزانمم وت با سەردار جاف بزانێت برام بۆ ئەمن. لەوێدا دوو کابرا بەرانبەرم دانیشتبوون، یەکێکیان مۆن و گرژ و تووڕە وتی: “ئێمە سەرمان سڕماوە بەدەست تۆوە؛ پار لە شاری نەجەف لە جەژنەشیعردا شیعرت بۆ (حوسێن) خوێندەوە، ئەوە بوو مەسەلەکە خەوێنرا، ئەی ئەم تەرم‌هەڵگرتنە ناو دەنێیت چی؟”
وتم: “من کابرایەکی بێمەزهەبم؛ شێعەش نیم؛ من تەواوی نووسینەکانی (عەلی وەردی)م خوێندبووەوە، بۆیە خۆم پێ ڕانەگیرا لە ڕێوڕەسمی تەرمەکەیدا بەشداری نەکەم.”
• “باشە چۆنت زانی مردووە و کێ خەبەری پێ دایت؟”
• “ڕاستت بوێت نازانم؛ تەلەفۆنێکم بۆ کرا و بێ سڵاو و عەلەیک وتی نیو کاتژمێر لەمەوبەر عەلی وەردی مردووە.”
• “پێشتر ماڵەکەیت دیبوو؟”
• “نەخێر، بەڵام دەمزانی لە پەڕی بازاڕی کازمیەدایە.”
لە ئەمنی عامدا تا کاتژمێر نۆی شەو هێڵایانمەوە و بەڵێننامەیەکیان پێ ئیمزا کردم کە بێ ئاگاداری ئەوان لە هیچ بۆنەیەکی شێعانیدا بەشداری نەکەم. ئەم زاتە (عەلی وەردی) دیاردەیەکی گەورە و بەرچاوی زانستی کۆمەڵایەتی و دەروونی بوو؛ بە شێوەیەک دەدوا تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگا تێدەگەیشتن. ناوی دروستی (عەلی حوسێن موحسین عەبدولجەلیل وەردی)یە؛ نازناوی “وەردی” بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باپیرەگەورەی ئاوی لە گوڵ (گوڵاو) دەگرت.
عەلی وەردی ساڵی ١٩٥٠ دکتۆرای لە ئەمریکا (زانکۆی تەکساس) وەرگرتووە. زۆر کتاوی جۆراوجۆری بەچاپ گەیاندووە و زۆر باوەڕی بە بیروڕای (ئیبن خەلدوون) بووە. لە کتاوی (وعاظ السلاطین)دا ڕەخنەی توندی هەبوو کە بووە هۆی ڕقی سەدام لێی. عەلی وەردی بە نەخۆشیی شێرپەنجە مرد؛ بەندە وەک خوسرەو جاف سەری تەعزیم لە ئاستی ڕۆحی بەرزەفڕی ئەو دانا گەورەیە دادەنەوێنم.