رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بەردەوامن و دەنگۆی بڕانیان ڕەتدەکەینەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە بڕانی هاوکارییە داراییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، ئەو هاوکارییانە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان و چاکسازی بەردەوامییان هەیە.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا ئەو هاوکارییانەی پەیوەست بوون بە شەڕی ڕاستەوخۆی داعش وەستاون، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییە. بڕیارە ڕێککەوتنی ئێستای نێوان هەردوولا تا مانگی ٩ی ئەمساڵ بخایەنێت و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا وتووێژ بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ دەست پێ دەکات.