رۆژنامەی ھەولێر

ئێمە لە هەنگاوی یەکەمداین بۆ ئەوەی ئەدەبی کوردی بە خوێنەرانی بیانی بناسێنرێتەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

بەیان سەلمان؛ نووسەر و وەرگێڕی پڕکار، یەکێک لە پڕکارترین نووسەرە کوردەکان، کە خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە لە ڕۆمان و شیعر و وەرگێڕن و توێژینەوە و وتار، ئەو بە زمانی کوردی و عەرەبی و فەرەنسی دەنووسێت و وەردەگێڕێت. لەمساڵدا جگە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی دووبەرگی بەناوی “تیماج” کە زیاتر لە 700 لاپەڕەیە، هاوکات چەند بەرهەمێکی بۆ زمانانی بیانی وەرگێڕدراون و ڕۆژنامەی “هەولێر” ئەم دیمانەیەی بۆ تیشکخستنەسەر بەرهەمەکانی لەمساڵدا بە پێویستزانی…

* ئەمساڵ ساڵی پڕ بەرهەمی ئێوە بوو ئەوەندەی ئاگادار بین بە کوردی و فەڕەنسی بەرهەمتان بڵاوکرایەوە؟ ئەو بەرهەمانە چی بوون و چی نوێترت بەڕێوەیە؟
وەڵام: ڕۆمانی ”لە بەرزایی شووراکانەوە” لە ٢٠٢٥ بە فەرەنسی لە لایەن خانەی مایا چاپ کراوە، بەڵام چەند چالاکییەکی پێشکەشکردنی کەوتە ئەمساڵی ٢٠٢٦. ڕۆمانی ”یاداشتی عەتر و ئاگر” بە ئینگلیزی دەرچوو، لە چاپی ئاگۆرا ڤیژن ٢٠٢٦. ڕۆمانێکم بە کوردی بەناونیشانی ”تیماج” بە دوو بەرگ، لە دەزگای چاپی ڕەهەند، هەروەها کتێبێکی خوێندنەوەی شیعر لە ژێر چاپە لە دەزگای ڕەهەند، کە کۆمەڵە شاعیرێکی بەئەزموون و شاعیرە گەنجەکانی لەخۆ گرتووە، بە ناونیشانی ”تەلیسمەی بوون، تێڕامانێکی شیعری لە بارەی دیالێکتیکی بوون و نەبوون”. هەروەها لە پێداچوونەوەی چەند ڕۆمانێکم کە پێشتر چاپ کراون، بەڵام لەگەڵ دەزگای ڕەهەند ڕێککەوتوین تا چاپی دووەم بکرێنەوە. هەرچ کات ئەو پێداچوونەوانەم تەواو بوو، دەیگڕێمەوە سەر پێداچوونەوەی ڕۆمانێکی نوێم و دەقێکی ژیاننامە کە ئامادەی دەکەم بۆ چاپکردن لە ساڵی داهاتوودا.

* سەبارەت بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانت بۆ زمانەکانی دیکە، چ هەوڵێکی نوێ هەیە؟
وەڵام: لە تەک ئەو دەقانەی وەرگێڕاون بۆ زاری کرمانجی، وەک ”باڵندەکان دەنیشنەوە” لە وەرگێڕانی عیماد شوکر و محەمەد تاهیر ئورهان، چاپی خانەی سیتاڤ ٢٠٢٠، هەمان دەق لەلایەن توانا محەمەد نوری بۆ عەرەبی وەرگێڕدراوە و لە دەزگای ڕۆشنبیری بەغدا ٢٠٢١ بە چاپ گەیشتووە. دەقی ”ئەو هەورە کپە، ژیاننامەی کۆڕەو”، لە وەرگێڕانی بێریڤان عیسا و مەحمود بەدیلی، خانەی شلێر بۆ چاپ ٢٠٢٥، لە سوریا، ”شەوانی ئادەم” بۆ فارسی وەرگێڕدراوە، لە لایەن بەهار بەهمەنی و ئەیوب زەندی، لە خانەی چاپی سیرات ٢٠٢٤ بە چاپ گەیشتووە. هەروەها چەند دەقێکم کراون بە فارسی و تەواوبوون، بەڵام لەبەر ئەم دۆخەی ئێران جارێ وەستاوین. چەند دەقێکم کراون بە فەڕەنسی و ئینگلیزی و عەرەبی و ئەڵمانی، بە هیوام لە داهاتوودا ڕووناکیی ببینن.

* تا چەند گرنگە ئەدەبیاتی کوردی بە زمانی بیانی، بەتایبەت بە زمانە ئەوروپییەکان بڵاو بکرێتەوە؟
وەڵام: وەرگێڕان بۆ هەموو زمانێک گرنگە. ئێمە لە هەنگاوی یەکەمداین بۆ ئەوەی ئەدەبی کوردی بناسرێتەوە، تەنانەت لەناو خودی زاراوە سەرەکییەکانیدا. ئێمە هێشتا نووسەری خۆمان ناناسین! لەم دیدگایەوە گرنگە دەقەکان بگەنە خوێنەری نێو کرمانجی و سۆرانی… بێگومان بۆ زمانە ڕۆژئاواییەکان زۆر گرنگترە، چونکە ئێمە هەڵگری ئەزموون و مێژوو و ڕوانگەیەکی تایبەتی خۆمانین. ئێمە عەرەب و تورک و فارس نین! ئەمان لە زۆر دەمێکەوە دەقەکانیان هاموشۆیەتی لە نێو زمانی جیهانیدا، بەوەیشەوە هەر بە تەواویی جێی خۆیان نەکردۆتەوە.
پێویستە ئەم داگیرکارییەی کورد بە کەم وەر نەگرین، چونکە لێدانێکی گەورەیە بۆ زمان و کولتوور و وێژەی کوردی. هەتا ئەم دوا ساڵانە کۆسپ لە ڕێگەی گەشەکردنی نەبڕاوە و کاتێک دەقی نووسەرێک دەگاتە پلەی جیهانی دەخرێتە ژێر خانەی عەرەبی و فارسی و تورکی… لەبەر ئەوە بێگومان گرنگە دەقەکانمان بگاتە خوێنەری ئەوروپی و ڕۆژئاوایی، بەڵام ئەوەندەش ئاسان نییە وەک دێتە بەر چاو، چونکە دەقەکانی جیهانی ڕۆژهەڵات ئەگەر ناوەڕۆکەکەیان بابەتێکی یونیڤێرسەلیش بوروژێنن وەها تەماشایان دەکرێت کە لە ئاستی ئەدەبی جیهانییدا نیین. دیارە ڕۆژئاوا دژایەتییەکی ئاشکرا دەرهەقی ئەدەبی جیهانی ڕۆژهەڵات ناکات، بەڵام بە ئالییەتێکی لێزانانە و ناڕاستەوخۆ ئەو دژایەتییەی دەکەن. بۆ نموونە پلەبەندییەک لە هەڵبژاردنی وەرگێڕان دەکرێت. پارسەنگی وەرگێڕان بۆ ئەدەبی ڕۆژئاوا خۆیەتی. واتە هەتا ئەدەبی بڕیتانی و ئەڵمانی و ئەمریکی و ئیتاڵیی، هتد، وەستابێت، دەقێکی ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی یان ئامازیغی وەرناگیرێت. ئەوجا لەوەدا جۆری بابەتەکان ڕۆڵ دەبینێت. لێڕەشدا پارسەنگەکە بەلای بابەتی سیاسی و داپڵۆسین و تیرۆر و توندوتیژیی دژی ژنان و جەنگ دەشکێتەوە. ئەو دەقانە پەسەند دەکرێن کە بۆیان دەبنە جۆرێک دۆکیومەنت؛ بەڵگەنامەن دەربارەی ناوچەکە و پێدانی زانستی لە بارەی جوگرافیا و ڕەوشت و نەریت و ئایین… هەرچی دەقی خەیاڵیی و خەیاڵی زانستی و فانتازیایە، ڕەت دەکرێتەوە. بە کورتیی، ئەدەبی ناوچەکانی ئێمەمانان بە ئەدەبی کەمینە سەیر دەکرێت، مافی تەواوەتی پێ نادرێت و هەتا ڕادەیەک بە نادیاریی دەمێنێتەوە. ئەمە ناکاتە ئەوەی نائومێد بین یان بوەستین لە وەرگێڕان، بەڵکوو هەر ئەمە خۆی خاڵێکی هاندانە بۆ کۆڵنەدان و سەپاندنی ئەدبێکی جددیی و نوێ، لە ڕوانگەیەکی ترەوە، تەواو جودا لەوەی ڕۆژئاوا.

* لەم سەردەمی ژیری دەستکردەدا باس لە بەدییلی وەرگێڕان دەکرێت، بەڕێزت چ وەکو نووسەر چ وەکو وەرگێڕ، پێتوانیە ژیری دەستکرد دەبێتە بەدیلی وەرگێڕان؟
وەڵام: هێشتا لە سەرەتای ئەم دیاردەیەین. لەوانەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەرچاومان ڕوونتر بێتەوە و باشتر لەو ئامێر و ئامرازانە تێبگەین. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە لە لامان بچەسپێت، بابەتی مرۆڤ و ئامێرە. هەست و سۆز و تێگەیشتن و دەربڕین و دیدگا و بڕیاروەرگرتن و گواستنەوەیان بۆ ناو کولتوورێکی تر. ئامێرێک کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی داتاکان کۆ دەکاتەوە، ناتوانێت دیدگای مرۆڤ بگوازێتەوە و هەستەکانی بگەیەنێت. لە دیمانەیەکی رادیۆی مۆتکاڕلۆ لە پاریس لە دەوری هەمان بابەت ڕای خۆم دا، لێرەشدا هەمان وەڵام دەخەمە ڕوو: دەکرێ بۆ نامەیەکی بەرێوبەرایەتییەکان، بۆ ریکلامێک و ئیشێکی خێرا… بە کورتیی بۆ تێگەیشتنێکی سەرپێی، یان زانینی بابەتێک پەنا بۆ زیرەکی دەستکرد ببرێت، بەڵام هەرگیز ناتوانیت هەست و نەست و سۆز و دەربڕینە مرۆییەکانی پێ وەرگێڕدرێت. واتە لە بواری ئەدەبی و فەلسەفە و هتد، وەرگێڕان ناکرێت! چونکە فەلسەفە بەرهەمی فیکرە، ڕۆمان و شیعر، لە بنەڕەتدا داهێنانێکی مرۆییە، ئەو ئامێرانە ناتوانن لە نیازی نووسەرەکەی تێبگەن! ناتوانن داهێنان بکەن، ناتوانن بێنە جێی مرۆڤ تا ئەو هەستانەی بە جوانیی وەرگێڕن و ئەو دەربڕینانەی لە هەر بۆنەیەک و شوێنێک و لەلای کەسێک جودایە؛ بەو نیازەی نووسەرەکەی ویستویەتی بە هەمان وردەکارییەوە بیگەیەنن. ئامێر دەتوانێت وشە بە وشەی وەرگێڕێت، واتە ئەوەی دێتە بەردەمی و نووسراوە، بەڵام ئەوە ڕیزکردنی وشەیە، دوورە لە مۆسیقاکەی، لەو لایەنە شیعرییەتەی پێی وەرگێڕدراوە، یاخود بە چ نیازێک و مەبەستێک لەوێدا وای وتووە! بە کورتیی، داهێنان کردارێکی هۆشمەندیی نێوان مرۆڤە و کەسەکە خۆی بڕیار دەدات کام وشە لەبری کام وشە بەکار بەرێت. دواجار چۆن ڕستەکە دارێژێتەوە بە پێی دیدگای نووسەرکەی! ئامێر دیدگا و بیر و بۆچوونی لۆژیکی نیە! ئەو داتاکان کۆ دەکاتەوە. داهێنان کردەیەکە لە نێوان دوو بەرە ئەنجام دەدرێت: یەکێکیان نووسەرە، ئەویتریان وەرگێڕ، هەردووکیشیان تایبەتن بە خودی مرۆڤ.