ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
میزبەخۆداکردنی شەوانە، یەکێکە لەو گرفتە باوەكان بە تایبەت لە كەشوهەوای ساردا كە بارگرانییەکی دەروونی و جەستەیی بۆ خێزان و منداڵ دروست دەکات. پزیشکان پێیان وایە ئەگەر منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵان یان گەورەتر، بەلایەنی کەمەوە هەفتەی دووجار و بۆ ماوەی سێ هەفتەی بەدوای یەکدا جێگەکەی تەڕ بکات، ئەوا پێویستی بە سەرنجدان و ڕێکاری تەندروستی هەیە.
دکتۆر مستەفا عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە و جەخت دەکاتەوە کە ئەم گرفتە لە نێو کوڕاندا زیاترە و فاکتەری بۆماوەییش ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا دەبینێت.
دکتۆر مستەفا بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتە، چەند خاڵێکی گرنگ دەخاتە ڕوو:
1. تەمەن و چارەسەر: ئەگەر منداڵەکە تەمەنی لە (٦ بۆ ٧) ساڵان کەمتر بێت، پێویست بە چارەسەری دەرمانی ناکات، چونکە هێشتا لە قۆناغی گەشەدایە. بەڵام لە سەروو ٧ ساڵانەوە پێویستە پشکنینی بۆ بکرێت.
2. ڕێکخستنی خواردنەوە: پێویست ناکات لە ڕۆژدا ئاو و شلەمەنی لە منداڵ بگیرێت، بەڵام پێویستە دوو کاتژمێر پێش نووستن بڕی شلەمەنییەکان زۆر کەم بکرێتەوە.
3. دوورکەوتنەوە لە کافاین: خواردنەوەکانی وەک چا، قاوە و خواردنەوە گازییەکان ڕێژەی میزکردن زیاد دەکەن، بۆیە پێویستە هەم بە ڕۆژ و هەم بە شەو کەم بکرێنەوە.
4. بەردەوامی لە چارەسەر: هەندێک منداڵ تا تەمەنی ١٥ ساڵان پێویستیان بە دەرمان دەبێت. ئەگەر بە بڕینی دەرمانەکە کێشەکە گەڕایەوە، پێویستە بە ڕاوێژی پزیشک چارەسەرەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت.
دکتۆر مستەفا عوسمان هۆشدارییەکی توند دەداتە دایک و باوکان و دەڵێت:
“بە هیچ جۆرێک سزادانی منداڵ و مێرد منداڵان لەسەر میزبەخۆداکردن کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو زۆرجار سزای دەروونی دەبێتە هۆکاری خراپتربوونی نەخۆشییەکە.”
ئەو پزیشکە ئامۆژگاری دەکات کە لەبری سزا، پاداشتی ئەو شەوانە بکرێت کە منداڵەکە بە وشکی دەخەوێت. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئەم بابەتە لە لای خزم و دۆستان باس بکرێت، چونکە ستەمێکی گەورەیە لە دەروونی منداڵەکە دەکرێت و دەبێت وەک نهێنییەک تەنها لای دایک و باوک بمێنێتەوە.
دکتۆر مستەفا عوسمان دەشڵێت: لە سەرەتای تەمەندا بەهۆی کەمیی قەبارەی میزڵدان، منداڵ ڕۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ جار میز دەکات. پرۆسەی فێربوونی تەوالێت و کۆنتڕۆڵکردن بەم شێوەیە گەشە دەکات:
• تەمەنی ٢ بۆ ٤ ساڵان: منداڵ فێری بەکارهێنانی تەوالێت دەبێت.
• تەمەنی ٥ ساڵان: تەنها ٧٪ــی کوڕان و ٣٪ــی کچان گرفتەکەیان دەمێنێت.
• تەمەنی ١٨ ساڵان: ڕێژەکە زۆر کەمدەبێتەوە بۆ ١٪ یان کەمتر.
ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن کە زۆربەی حاڵەتەکان بە تێپەڕبوونی تەمەن و گەورەبوونی قەبارەی میزڵدان بەرەو باشبوون دەچن، بەڵام چاودێریی پزیشکی و مامەڵەی دروستی خێزان کلیلی سەرەکین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە سەلامەتی.

