رۆژنامەی ھەولێر

چۆمان ئەحمەد گۆڵپارێزە كوردەكەی نەورۆز شەقامی وەرزشی عێراقی شۆك كردووە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

چۆمان ئەحمەد، گۆڵپارێزی كوردی یانەی نەورۆز لەوەتەی گەڕاوەتەوە ریزەكانی سوورپۆشەكانی سلێمانی باشترین ئاماری لەسەر ئاستی خولەكە تۆمار كردووە و شەقامی وەرزشی عێراق داوا دەكەن بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بكرێت.

چۆمان ئەحمەدی تەمەن 29 ساڵ، لەگەڵ تازەپێگەیشتووان و لاوانی یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی پێگەیشتووە، رۆڵی لە سەرخستنی نەورۆز هەبووە بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق.
چۆمان ئەحمەد لە سەرەتای ساڵی رابردوو ریزەكانی نەورۆزی جێهێشت و روویكردە یانەی رەمادی، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی وەلی كەریم بۆ یانەی نەورۆز، چۆمان ئەحمەد لە لایەن ستافی هونەری یانەكە داواكرا بگەڕێتەوە نەورۆز، ئەویش یەكسەر داواكارییەكەی قبوڵ كرد و سەرلەنوێ گەڕایەوە ریزەكانی نەورۆزی كوردان.
چۆمان ئەحمەد، گۆڵپارێزە دەستپۆڵایینە كوردەكە، لە گواستنەوەی زستانەی 2026 جارێكی دیكە واژۆی لەسەر گرێبەستی نەورۆز كردەوە، لەوەتەی ئەو گۆڵپارێزە گەڕاوەتەوە، ئامارەكانی نەورۆز هەمووانی شۆك كردووە و لە قۆناغی دووەم نەورۆز لەگەڵ چۆمان ئەحمەد تەنیا یەك یاریی دۆڕاندووە و لە كۆی 42 خاڵ 25 خاڵی بەدەستهێناوە، لە دوایین یارییەكانیش، نەورۆز عەرشی یانە گەورەكانی عێراق و بەغدای هەژاند و رێگەی نەدا یانەكانی قوە جەوییە، تەڵەبە و گەرمە ئاهەنگی سەركەوتن بگێرن، بەمەش نەورۆزی كوردان لە دوایین یاریی بە بردنەوەی لە گەرمە خزمەتێكی گەورەی بە هەولێری پایتەخت گەیاند.
چۆمان ئەحمەد ئەم وەرزە لە قۆناغی دووەم 13 یاری گۆڵپارێزی سەرەكی نەورۆز بووە، نەورۆز تەنیا یەك یاریی نەدۆڕاندووە و حەوت سەركەوتنی تۆمار كردووە، ئەو دۆڕانەی نەورۆزیش بەرامبەر نەجەف بوو كە گومان لەسەر یارییەكە هەبوو بەوپێیەی نەورۆز لە كۆتاییەكانی یارییەكە یاریزانێكی بەكارتی سوور دەركرا و بڕیارەكانی ناوبژیوانیش گوماناوی بوون.
چۆمان ئەحمەد لەگەڵ نەورۆز لە كۆی 13 یاری، 5 كلین شیتی كردووە و 11 گۆڵی لێكراوە و لێدانێكی پێناڵتیشی گەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق چاودێری چۆمان ئەحمەدی گۆڵپارێزی نەورۆز كردووە، تەنانەت لە لایەن یانە گەورەكانی شاری بەغدا بووەتە یەكێك لە بژاردەكان بۆ گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو.