رۆژنامەی ھەولێر

لە بەرامبەر خزمەت و ئەزموونی چەندین ساڵەیان، ڕێزلینان پێشكەش بە بەڕێوەبەرانی پێشووی بانکی کشتوکاڵی دەكرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.5.3، لە مەراسیمێکی شایستەدا و بە مەبەستی بەرز نرخاندنی تەمەنێک لە دڵسۆزی و خزمەت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕێزلێنانی پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی پێشووی بانکی کشتوکاڵیی هەولێر کرد.
مەراسیمەکە لە تەلاری بانکەکە و بە ئامادەبوونی هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر و بەڕێوەبەر و بەرپرسانی کارگێڕی و بنەماڵەی بەڕێوەبەرە دێرینەکان بەڕێوەچوو، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەنجامدانی ئەم مەراسیمە، ئاماژەی بەوەدا كە ئەو مەراسیمە نیشاندانی وەفادارییە بۆ ئەو کەسایەتییە دڵسۆزانەی لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیاندا، بەوپەڕی تواناوە خزمەتی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیارانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە. چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و چ ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە، جێگەی شانازیی شارەکەمانن.
ئاماژەی بەوەش دا، ئیدارەی پارێزگا و ئیدارەی نوێی بانکەکە، سوود لە سەرنج و ئەزموونی دەوڵەمەندی ئەم بەڕێوەبەرە دێرینانە وەردەگرن بۆ داڕشتنی پلانەکان و باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
هەروەها تیشکی خستەسەر ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دووپاتی کردەوە کە پەرەپێدانی سیستەمی بانکی و ڕەخساندنی ئاسانکاری دارایی بۆ خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی.
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، وەک وەفایەک بۆ ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەی لە خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا تۆماریان کردووە، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و ئامادەبووانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە بەڕێوەبەرەکان و نوێنەری بنەماڵەکانیان.
جێگەی باسە، بانکی کشتوکاڵیی هەولێر کە مێژووی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1954، یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین دامەزراوە داراییەکان. ئەم بانکە لە مێژووی خۆیدا ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە دابینکردنی قەرزی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران، دابەشکردنی ئامێر و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بە قیستی درێژخایەن و پاڵپشتیکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاودێری و باخداری.