ڕائیب جادر – هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی بۆ خوێندنی ئەمساڵ و ساڵی داھاتوودا و سەرجەم پەروەردەکان پێیانەوە پابەند دەکرێن. بەرپرسانی پەروەردەش، دەڵێن، چاپکردنەوەی یەک کتێب ٧٠٠ ملیۆن دیناری پێویستە، نایانەوێ ئەو پارەیە بەھەدەر بچێت.
وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی ھەموو پەروەردەکانی کردووە، ڕایگەیاندووە، پێویستە دووپات لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکانتان بکەنەوە، ڕۆژانە دوای کۆتایی ھەر تاقیکردنەوەیەک کتێبیان وەربگیرێتەوە.
بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە، دەڵێن: دەبێت ھەموو کتێبەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک لە کۆگای قوتابخانەکان دابنرێت بۆ دابەشکردنەوەیان بەسەر قوتابییانی ساڵی خوێندنی داھاتوو ٢٠٢٦-٢٠٢٧ کە دواتر وەزارەتمان دیاری دەکات.
ڕوون کراوەتەوە، پێویستە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆسەیە بکەن لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، لە ھەرێمی کوردستان ٢٢ ملیۆن و ١٣٤ ھەزار و ٧٤ کتێبی نوێ چاپکراون، بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەت ھەموو ھەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دەدات، چاپنەکردنەوەی کتێبیش لەو چوارچێوەیەدایە، چونکە کتێبمان ھەیە چاپکردنەوەی ٧٠٠ ملیۆن دیناری تێدەچێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ساڵی داھاتوو نێوەڕۆکی بەشێکی کتێبەکان دەگۆڕدرێن و بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ ئامادە نابن و دەکەونە ساڵی دواتر، بۆیە پێویست ناکات بۆ خوێندنی ساڵی نوێ کۆمەڵێک لەو کتێبانەی ئێستا ھەن چاپکرێنەوە و تەنیا یەک ساڵ بەکاربھێندرێن، چونکە بەھەدەردانی پارەیەکی زۆر و سامانی دەوڵەتە، ئەمە لە کاتێکدایە چەند ساڵێکە لە ھەرێمی کوردستان کتێب لە قوتابییان وەرناگیرێتەوە و بۆ ساڵی نوێ کتێبی نوێ چاپ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، بۆ ساڵی خوێندن ٢٠٢٥-٢٠٢٦ ملیۆنێک و ٦٨١ ھەزار و ٥٢٢ قوتابی لە قوتابخانە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان دەخوێنن، ھەروەھا ١٤٦ ھەزار و ٥٠ قوتابی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا دەخوێنن.
لە ھەرێمی کوردستان ٧ ھەزار و ٥٨٥ قوتابخانە ھەن، ٦ ھەزار و ٩٥٧ قوتابخانەی حکومی و ٦٢٨ قوتابخانەی ناحکومی (تایبەت).

