رۆژنامەی ھەولێر

لە پێناو چی ڕاستییەکان دەشێوێنن؟

شێرکۆ حەبیب
ئەگەر هەڵە نەبم لەسەرەتای هەشتاکان درامایەکی عێراقی بەخش دەکرا بەناوی (الذئب و عیون المدینة) لەو درامایە هونەرمەندی خواڵێخۆشبوو (جعفر السعدی) وتەیەکی هەبوو دەیگوت (عجیب امور غریب قضیة) چونکە بابەتەکان ئەوەندە تێکهەڵکێش بوون و سەیرو سەمەرە بوون، تەنانەت ئەم ڕستەیە وای لێهات کەوتە سەر زوبانی هەموو عێراقەیەک کە لەو سەردەمە شتێکیان بەدڵ نەبوایە دەیان گوتەوە.
دیارە ئەمرۆش ئێمە دەبێ دووبارە بیڵێینەوە چونکە هەندێک هەن کە دەیانەێت رووی راستیەکان بگۆڕن و بیشیوێنن، بۆ نموونە لەم چەند ڕۆژەی رابردوو بەرێزێک لەیەک لەکەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان باسی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکرد، هەروەک بڵێی کەس ئاگاداری بارودۆخەکە نەبێت و لە گوێی گادا نووستبن، و کەس زانیاری نییە، و ئەوەی ئەو دەیڵێ راست و دروستە، باسی لە هۆکاری گرفتەکانی ناکۆییەکان کرد و پارتی بەهۆکاری هەموو گرفتەکان تۆمەتبار کرد، هەر وەک ئەوەی دونیا شامی شەریف بێ لایەنی تر فریشتە بن، لەوەوە دەستی پێکرد کەوا پارتی هۆکارە بۆ ئەو ناکۆکییانە، لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار دەستی پێکرد هەر چەندە نەم دەویست چیتر لەسەر ئەو بابەتە بنووسم بەڵام دەمەوێ بزانم بۆ پارتی هۆکاری ناکۆکییەکانە، ئەو بەرێزە گوتی”شاندی هەروو لا لە بەغدا پێش دانیشتنی پەرلەمان و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆبوونەوە بۆ ئەوەی رێککبکەون و بە کاندیدێک بەشداری بکەن، و بە برادەرانی پارتیمان گوت کە وابزانم زانیاری هەڵەیان پێگەتشتبوو، پێمان گوتن رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان ئامادەیە و کاندیدی یەکێتی دەردەچێت، با کاندیدی ئێوە پاشەکشە بکات”
ئەمە گوتەی ئەو بەرێزە بوو، لێرە پرسیار ئەوەیە کە ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ لایانی دیکە کردووە دانیشتنی پەرلەمان یاسایی دەبێت، نە لەگەڵ پارتی و نەلەگەڵ یەکگرتوو رێککنەکەتوون، باشە داوای چییان لە پارتی کردووە، و لەسەر چی رێکبکەون بە وتەی ئەو بەرێزە ئەوە دەگەیەنێ کەوا ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لەوێ بن و لەوێ نەبن کاندیدی ئەوان دەردەچێت، لەهەموو سەیرتر دەڵێ پارتی تا ئیستا وەڵامی نەداینەوە! باشە ئەو بەرێزە ناپرسێ وەڵامی چیتان بداتەوە پارتی، دەبوایە باسی ئەوەشی کردبایە کە لە کاتی کۆبوونەوەی ماڵی بەرێز دکتۆر فوئاد حوسین. شاندی پارتی بە شاندی یەکێتی گوتوە با ئەو بابەتە لە لایەن ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی بەغدا یەک لایی بکرێتەوە چونکە ئەم پۆستە پەیوەستە بە بڕیار و یەک دەنگی کورد، ئەوان چ بریارێکیان دا هەردوو لا پابەند بین،. برادەرانی یەکێتی گوتیان وەڵامتان دەدەدینەوە، بەڵێ وەڵامیان بەرێککەوتن لەگەڵ هەندێ لایەنی غەیرە کورد چوونە هۆڵی پەرلەمان دایەوە، و ئەوەی روویدا و هەموو لایەک دەیزانن، ئەو کۆبوونەوەش بە راسپاردەی هەندێ وڵاتانی ئەوروپی ئەنجام درا کەوا یەک کاندیدی کورد هەبێ و کورد لە نێوان خۆیان رێککبکەون، پارتی رەزامەندی نیشان دا، بەڵام ئەو بەرێزە رووی راستیەکانی شێواند دەترسم دوو ڕۆژی تر بڵێ وامزانی رادیۆ بوو واللە بەرێزم تەلەفزیۆن بوو دەنگ و رەنگ.
شێواندنی راستیەکان لە بەرژەوەندی میللەت نییە و لە بەرژەوەندی هیچ حزبێک و لایەنێک نییە ئەمرۆ میللەت شارەزایە و ئاگادارە، بۆیە دەبێ راستییەکان بە دروست و پوخت بگاتە میللەت، و گرنگە ئەمرۆ هەموو لایەک هەوڵەکان بۆ یەکریزی و تەبایی ئاراستە بکەن، و پێکەوە هەموو هەوڵ بدەن مافەکانی کورد لە چوارچیوەی دەستوور بەدەست بهێنن و لە بەغدا سازش لە مافەکانی کورد نەکەن بۆ وتەی بریقەداری نەیارانی کورد کە هەردەم لە هەوڵی دووبەرەکی نێو مالی کوردن، و لە کوردستانیش پابەند و رێز لە ئیرادەی هاووڵاتیان و ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە دڵێکی فراوان قەبووڵ بکەن. (عجیب امور غریب قضیة).