نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.4.30، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی دیكەی لێژنەکە، کۆبوونەوەی ” لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ” لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لە سنوری پارێزگای هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، ئەنجامدرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوو کرا، پاشان گفتوگۆ دەربارەی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو گرفت و ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پڕۆژە پیشەسازییە ( گەورە، مامناوەند، قورسەکان )، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا بگونجێن کرا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندنی وردی کار و بەرهەم و ئامانجی ئەو پڕۆژانەی داوای زەوییان کردبوو، بڕیاری پێویست درا و لە کۆی ( 47 ) پڕۆژەی پێشکەشکراوی وەبەرهێنان، ڕەزامەندی لەسەر ( 39 ) پڕۆژە درا و زەویان بۆ تەرخانكرا و ( 8 ) پڕۆژەی تریش بەمەبەستی بەدواداچوونی زیاتر دواخران.

