لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی ژینگە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، پڕۆژەی ستراتیژیی “پشتێنەی سەوزایی” شاری هەولێر کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی دەستی پێکردووە، قۆناغی یەکەمی بەرەو کۆتایی دەچێت و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم لە تەواوبووندان.
ئەم پڕۆژە نیشتمانییە کە لە 8 قۆناغی سەرەکی پێکدێت، لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی گەیشتووەتەکۆتایی، كە تێیدا زیاتر لە 500 هەزار نەمامی زەیتوون چێندراون کە پۆلێن کراون بۆ دوو جۆری سەرەکی ( خواردنی ڕۆژانە و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون ). لە هەنگاوێکی نوێدا و لە قۆناغی دووەمدا، بڕیار دراوە دارەکان تەنها بە زەیتوونەوە سنووردار نەبن، بەڵکو نەمامی فستقیش بچێندرێت، ئەمەش هەولێر دەخاتە سەر نەخشەی بەرهەمهێنەرە گرنگەکانی فستق لە ناوچەکەدا.
ئەم پڕۆژەیە خەونێکی دێرینی خەڵکی هەولێرە و بە تەواوبوونی، نەک تەنها سیمایەکی شارستانی و جوان بە پایتەخت دەبەخشێت، بەڵکو دەبێتە پارێزەرێکی بەهێزی ژینگە و سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری بۆ ناوچەکە.

