بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بەو حاجییانەی ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ گەڕاوەتەوە، دەستی پێ کردووە و هەر حاجییەک بڕی دوو هەزار دۆلاری پێ دەدرێت.
ڕۆژی سێشەممە 28ـی نیسان، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە، دەتوانن بچن دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەربگرن.
کاروان ستوونی گوتی: “هەر کەسێک دەچێت بۆ وەرگرتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی، دەبێت ئەم پێداویستییانە ببات: (پاسپۆرت و ڤیزەی حەج – 2 ملیۆن و 665 هەزار دینار)”.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: “لە بانکی جیهان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A-B) حاجییان دەتوانن دووهەزار دۆلار وەربگرن کە ئەمەیش هاوکارییەکی باشە بۆ حاجییان، چونکە هەر حاجییەک زیاتر لە 450 هەزار دینار سوودمەند دەبێت”.
گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبارەی شێوازی گەشتکردنی حاجییان، دەڵێت: “بە هەوڵی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیمان، توانیمان بۆ ئاسانکاریی حاجییان هەرێمی کوردستان فڕۆکەیان بۆ دابین بکەین، کە لە دەروازەی عەرعەرەوە بیانگەیێنێتە شاری جەددە لە سعودیە”.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان کاروان ستوونی ئاشکرای کرد: “زۆرینەی کاری حاجییان تەواو کراوە و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گەشتەکان لەکۆتاییدان”.

