رۆژنامەی ھەولێر

یەكەمین چالاكیی تایبەت بە ژینگە لەلایەن فەرمانگەیەكی حكومەتەوە بەڕێوە چوو

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ وەكو یەكەمین فەرمانگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی کردە هەڵمەتێكی ژینگەپارێزی.

هەڵمەتەکە بریتی بوو لە دابەشكردنی کۆڵێ زەرفی نایلۆن بەسەر فەرمانبەراندا، بۆ كۆكردنەوەی پاشماوە و خاشاكی سەیرانگاكان.
سەفەر عەزیز یەكیكە لە كارمەندەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و بەشداریی لەم چالاكییە ژینگەییە كردووە، ئەو دەڵێت ئامانجیان لەم كارە هەڵمەتە پاكڕاگرتنی سەیرانگاكانە و، دەیانەوێ لە ریگەی ئەم چالاكییەوە، خۆشەویستییان بۆ نیشتمانەكەمان دووپات بكەنەوە. پەیامیشیان ئەوەیە كە دەكرێ فەرمانگاكانی حكوومەت شانبەشانی رێكخراوە ژینگەییەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەپارێزی و پاكڕاگرتنی ژینگە.
هێرش خۆشناو كە یەكێكە لە كارمەندانەی كە بەشداریی کردووە لەم چالاكییەدا، ئەو دەڵێ:
پێدانی رێنمایی و هۆشداری لەلایەن فەرمانگەكانی حكومەت سەبارەت بە ژینگە بە بەرزی دەنرخێنێن و ئێمە كە بۆ حەسانەوە و بەسەربردنی پشووێكی ئارام چووینەتە ناو ژینگە و سروشتی دەشتودەر، ناكرێ و نابێت بوتڵی پلاستێكی ئاو و پاشماوە و خۆڵ و خاشاك لە دەوروبەرمان فڕێ بدەین، كە ئەمە دەبێتە هۆی پیسداگەڕان و مانەوەی هۆكارەكانی پیسداگەڕان بۆ چەندین ساڵ، لە هەمان كاتدا وا پێویست دەكات دامەزراوەكان و ناوەندەكانی هۆشیاری و رۆشنبیری و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕێنمایی بدەن بە گەشتیار و سەیرانكەران.
ئەو كارمەندە سوپاسی بەڕێز (جەوهەر مەحمود) جیگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی كرد كە دارێژەری ئەو بیرۆكە بووە، پاڵپشتی ئیمەش تا كارەكانی ئەو چالاكییە ژینگەییە بە ریكوپێكی بەڕێوە ببەین.
جێگەی باسە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێكدا داوای لە هاووڵاتیان كرد كە لە كاتی گەشت و سەیران پاشخوان و پاشماوەیان بكەنە ناو كیسی نایلۆن و لەگەڵ خۆیان بیگەڕێننەوە ناو شار، لە بەردەرگەی ماڵیان ڕۆژانە شارەوانی كۆی دەكاتەوە، بۆ ئەوەی شوێنەكان هەمیشە پاك و جوان بمێنن بۆ هەمووان.