رۆژنامەی ھەولێر

خاوەنداریەتی، قوتابی لە میوانەوە دەکاتە خاوەنماڵ

بەکر کەریم حەسەن
(ماریا مونتسیۆری) پەروەردەكار و زانا و پزیشك و مامۆستای ئیتالی دەڵێ: “هەرگیز یارمەتی منداڵێك مەدە لە كارێكدا كە هەست دەكات خۆی دەتوانێ بیکات”.

دەپرسین ئایا قوتابخانە دەتوانێ خاوەنداریەتی بۆ قوتابی دروست بكات؟
لە ناونیشانی وتارەكە تێڕامانێك دروست دەبێت لامان ئایا قوتابی لە ناو پۆلدا وەك میوانێك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە تەنها گوێگرە و زانیاری وەردەگرێ؟ یان وەك خاوەنێك دەتوانێ‌ بڕیار بدات و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ؟
زۆرجاران لێرەو لەوێ لە قوتابخانەكان، یانیش لە پەروەردەكان وا لە قوتابی دەگەیەنرێت كەوا هەموو شتەكانی “پەرتووك، مێز، دیوار، پۆل، وایتبۆرد، كورسی. قوتابخانە بە گشتی بگرە زانیارییەكان كەپێی دەدرێت هی كەسێكی ترە یان هی ” حكومەتە، یان مامۆستا، یان بەڕێوەبەر، یان هی قوتابخانەكەیە” قوتابی وەكو مێوان تەماشا دەكرێ و ئەو چەند ساڵە دەخوێنێ و ئیتر تەواو، هیچ بەرپرسیاریەتی و خاڵی هاوبەش و یەكتر بەستنەوەیان نییە، لەگەڵ پێداویستییەكانی قوتابخانە. بێگومان ئەو هەستە وا لە قوتابی دەكات كە خەمی پاراستنی قوتابخانە و كەلوپەلی نەبێت. كاتێك هەستی خۆماڵی و خاوەنداریەتی نامینێت، بێباكی و كەمتەرخەمی سەرهەڵدەدات، بۆیە هەر لە سەرەتاوە لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتییەوە لەلایەن مامۆستایان و كارگێڕیی قوتابخانە و سیستەمی پەروەردەوە گرنگە وا لە قوتابی بگەیێنرێ و فێر ببێت، قوتابی لە كەسێكی گوێگر و میوان لە پۆل و قوتابخانە نەمێنێتەوە، بەڵكو خۆی خاوەنداریەتیی كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنە و خاوەنی ژینگەكەیە و هەر خۆی دەرئەنجامە لە كۆی پڕۆسەكە.
لەبیرمان نەچێت پەروەردەی ڕاستەقینە ئەوە نییە كە مێشكی نەوەكانمان پڕ بكەین لە زانیاری وشك، بەڵكو ئەوەیە كە كلیلی بەرپرسیاریەتیان بدەینە دەستیان و فێریان بكەین كە هەریەكێكیان پارێزەری ئەو نیشتمانەن. سەركەوتنی هەر فوتابییەك سەركەوتنی كوردستانە.
قوتابی فێر ببێ و بزانێ كە خۆی خاوەنداریەتی ژینگەكەیە و ڕێگا بە قوتابی بدرێت گۆڵ بچینێ دیوار پاك بكاتەوە، پۆلەكە بە خاوێنی ڕابگرێ و تابلۆیەك هەڵبواسێ. كە ئەو كارانەی ئەنجامدا هەرگیز ناهێلێ كەس پیس و پۆخلی بكات و هەست بە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی دەكات و بەهی خۆی دەزانێ، هەروەها وا لە قوتابی بكرێت بە بڕیاردان و پێگوتن نەخوێنێ و بترسێ لە نمرە تا بخوێنێ، بەڵكو فێر ببێ زانیاری و بابەتەكان كەرەستە و بابەتی خۆتە بۆ ئەوەی لە داهاتوو كێشەیەكی كۆمەڵگەی پێ چارەسەر بكەی، پێویستە بیزانێ و ئەنجامی بدەی؛ لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە قوتابی بەشدار بێت لە ڕاوێژكردن و بڕیاردان.هەموو شتێكی بەسەر نەسەپێنرێت. بۆ ئەوەی هەست بە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی زیاتر بكات متمانەشی بەخۆی زیاتر دەبێت.
بۆیە لێرەدا گرنگە ئەو قوتابییەی ئەوڕۆ لە قوتابخانە فێر دەبێت، مێزەكە و كتێبەكە و قوتابخانەكە وەكو مڵکی پیرۆزی خۆی بپارێزێت. سبەی یان دووسبەی كە دەبێت بە پزیشك، ئەندازیار، مامۆستا، بەڕێوەبەر، فەرمانبەر، یان هەر پلەیەک ئەوكات بە هەمان هەستی خاوەنداریەتیەوە، خزمەتی نیشتمانەكەی دەكات و بەرامبەر ئەرك و بەرپرسیاریەتی “بێخەم و كەمتەرخەم و بێباك” نابێت.
پەروەردە ئەلێرەوە دەست پێ دەكات لە گۆڕینی (ئەوان) بۆ (ئێمە) گۆڕینی (مڵکی گشتی) بۆ (مڵکی من و تۆ) تا گۆڕانكاری جوان لە پۆلەكان و قوتابخانەكان هەبێت و قوتابی خاوەندار و خۆماڵ و بەرپرسیار بێت و ئەو كاتە كۆمەڵگەش وشیارتر و ئاگاتر دەبێت و هەردەم پارێزەری نیشتمان دەبێت.
بە وتەیەکی فەیلەسووفی گەورەی ئەمریكی “جۆن دیوی”ـیەوە كۆتایی بە وتارەكەم دەهێنم كە دەڵێ: “پەروەردە ئامادەكاری نییە بۆ ژیان، بەڵكو خودی ژیانە.”

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی