رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژنامەگەریی کوردی یەك وشە و هەزار كەلێن

‎هاودەنگ فارووق
ڕۆژنامەگەریی کوردی و یەکەم ڕۆژنامەی کوردستان، سەرەتایەکی شۆڕشگێڕی و زۆر زۆر گرنگ بووە بۆ دروستکردنی شوناسێکی شۆڕشگێڕی بۆ نەتەوەی کورد. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین: کەم نەتەوە هەیە سەرەتای هەستانەوە و شۆڕشیان بە ڕۆژنامەیەکی گلۆباڵی بووبێت، وەک ئەوەی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرە دەرچوو.
سەرنج بدە، ڕۆژنامەی کورد بێت و لە قاهیرە دەربچێت، مانای وایە ڕۆژنامەنووسی کورد ئەقڵی لۆکاڵی نەبووە و یەکەم هەنگاوی ئەو شوناسە ڕۆشنبیرییەی لە ناوەندێکی گەورەی جیهانییەوە دەست پێ کرد، نەک لە شارۆچکەیەکی کوردستان خۆیەوە. لە یەکەم هەنگاودا، ڕۆژنامەی کوردی بە جیهانی لەدایکبوو، ئەوەش خاڵێکی زۆر گرنگ و مایەی شانازییە. نکوڵی لەو ڕاستییەش ناکرێت کە چەندین ناو و باڵای گەورەی مەعریفی و ڕۆشنبیریی کورد لەم بوارەدا دروست بوون و بوونە ئایکۆنی مێژوویی. لەم بوارەدا چەندین هەوڵی جیدی و چەندین ئایکۆنی گەورە دروست بوون و درێغییان نەکرد بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیی قووڵ و هاندەری هەنگاوی بەپەلەیە، ئەم بوارە گرنگەی ژیانی سیاسی، مەدەنی و ڕۆشنبیریی کورد ڕۆژبەڕۆژ بەرەو دواوە دێت؛ ئەمڕۆ لە دوێنێ زیاتر لە دواوەیە، ئەمساڵ دۆخی باشترە لە ساڵی داهاتوو.
میدیای کوردی و ڕۆژنامەگەریی کوردستان، ڕاستە لە ڕووی تەکنیک و لە ڕووی ڕواڵەتەوە گەشەی کردووە، جاران بە میکانیزم و تەکنیکی سادە کاری دەکرد، ئێستا بە تەکنیکی باوی سەردەم تەنانەت رکابەریی میدیای وڵاتانی ناوچەکەش دەکات، بەڵام لە ڕووی پەیام و ئەرکی نەتەوەیی و هۆشیاریی هاووڵاتی و لە ڕووی ئاسایشی دەروونی، ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی کۆمەڵگەی کوردستانەوە بە جۆرێک پاشەکشەی کردووە، زۆرجار خۆی دەبێتە میکانیزمی شەڕی دەروونی لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردستاندا، زۆرجار خۆی پاساو دێنێتەوە بۆ هەر کارێک دوژمنان بەرانبەر کورد بیکەن.
بەشێک لە میدیای کوردی و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسی کورد، بە ئاشکرا و بێ هیچ ترسێک لە لایەنی حکوومی، دادوەری و ئەمنی، بێ هیچ شەرمێک لە مێژوو، بوونەتە چاوساغی دوژمن؛ دوژمن هەر هەنگاوێک بۆ سزادانی کوردستان پەیڕەو بکات، ڕاستەوخۆ ئەو میدیا و میدیاکارانە دێن پاساوی دەدەن و بە زمانی شیرینی کوردی ژەهری نەیاران دەرخواردی بینەری کورد دەدەن، هەموو خەتاکە دەخەنە سەر ئەستۆی کورد.
بە ناوی ئازادیی ڕادەبڕین، دیموکراسییەت و مافی ئازادیی کار، میدیای گوماناوی دروست کراون و نە سەرچاوەی داراییان دیارە، نە سیاسەتی میدیاییان لە خزمەتی دۆزی ڕەوای کۆمەڵگەی کوردستاندایە. دۆخی ڕۆژنامەگەریی کوردی زۆر مەترسیدار و جێگەی گومانی قووڵە و پێویستی بە پێداچوونەوە و لێپرسینەوەی ڕاستەقینە هەیە.
ئەم درزە گەورەیە کەلێنێکە پێویستە هەموومان ڕابچڵەکێنێت؛ پێویستە لایەنی حکوومی، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، دەزگای ئەمنی و لایەنی دادوەری و لە سەرووی هەموویشییەوە میدیاکان خۆیان کۆ ببەنەوە، هەمووان ڕێسایەک دیاری بکەن و پێکەوە بڵێن: ئیتر بەسە! پێویستە میدیا لە خزمەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد و پێشکەوتن و پێکەوەژیان و ئارامیی کوردستان و ڕوشدی نەتەوەییدا بێت.