رۆژنامەی ھەولێر

بەهار و ئەنفال؛ وانە و پەندەکان

عومەر چنگیانی
ئەركێكی گرنگی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی بوو لەسەرمان ئێمەی بەرنوێژیکەر و گوتارخوێنی مزگەوتەكانی كوردستان كە تیشك بخەینە سەر بابەتی ئەو دوو ناونیشانە؛ بۆیە كردمانە توێشووی گوتاری هەینییەکەی ڕابردوومان، رێکەوتی ١٧/٤/٢٠٢٦ و سەرەتا بە ئایەتی 39ی سوورەتی (فصلت)ـەوە چووینە نێو بابەتەكەوە كە خوای گەورە دەفەرمێت: (لە میانەی نیشانەكانی گەورەیی خوایە كە دەبینی زەوی مت و پەسێوراو و ڕەق و پەیت و ملكەچی فەرمانی خوایە و كاتێك بارانمان بەسەر باران دەبینی ڕادەچڵەكیت و دەم دەكاتەوە و تۆمە دەتەقێ و دەكەوێتە بەردان، دەی ئەوە خوایەی ئەو زەوییەی زیندوو كردۆتەوە، هەر ئەوە كە بە ڕاستی مردوویش زیندوو دەكاتەوە و هەرئەوە لەسەر هەموو شتەكان توانا و بەدەسەڵاتە).
ئێمە كە ئێستا لە وەرزی بەهارداین، ئەو وەرزەی کە تێیدا گوڵان دەپشکون و زەوی دوای وشکەوەبوونی سەوز دەبێتەوە، وەک ئەوەی خودای گەورە پەیامێکی ئومێد بۆ هەموو دڵەکان بنێرێت و تێیدا بڵێت: هیچ بێئومێدییەک لەگەڵ ڕەحمەتی خودا و هیچ نائومێدییەک لەگەڵ توانای ئەودا نییە.

وانە و پەندەکان لە بەهاردا:
بەهار فێرمان دەکات کە دوای مردن ژیان هەیە، دوای وشکەساڵی پیت و بەرەکەت و، دوای تەنگانەش فەرەج و حەسانەوە دێت.
ئەمە سوننەتی خودایە لە گەردووندا و، سوننەتی ئەوە لە دەروون و نەتەوەکانیشدا.
لە ئەبو ڕەزین عوقەیلییەوە دەگێڕنەوە کە وتوویەتی: ئەی پێغەمبەری خودا، خودا چۆن مردووەکان زیندوو دەکاتەوە؟ نیشانەی ئەوە لە ناو دروستکراوەکانیدا چییە؟ پێغەمبەری خوا دروود و سەلامی خوای لەسەر، فەرمووی: (مەگەر بە لای شیوەڵەكانی خێڵەكەتدا نەگوزەریوی، كە وشك و بێبەرهەم و زەوی پەسیوراو بووە؟ گوتی بەڵی. پاشان پێی فەرموو: دواتر بە هەمان شویندا ڕۆشتویت كە شینی كردۆتەوە و پڕ بووە لە بەربووم؟ وتی: بەڵێ. فەرمووی: دەی هەروەهایش مردوو زیندوو دەكاتەوە).
هەروەکچۆن خودا لە بەهاراندا زەوی زیندوو دەکاتەوە، بە ئیمانیش دڵەکان زیندوو دەکاتەوە و، بە دادپەروەری و یەکڕیزییش نەتەوەکان زیندوو دەکاتەوە. هەروەها ناخۆشییەکانی دنیا و گرفتەکانی ژیان وادەکات مرۆڤ بەدوای ئیسراحەت و گەشت و سەیراندا بگەڕێت، حەسانەوەی دەروون لە ئیسلامدا کارێکی شەرعییە و هانی لەسەر دراوە، بەڵام پێویستە وریابین لەوەی گەشت و حەسانەوە لە بازنەی حەڵاڵ نەچێتە دەرەوە، ئەویش بە فەوتاندنی واجبە شەرعییەکان یان کەوتنە ناو حەرامکراوەکانەوە. هەروەها پێویستە پابەندی ئادابە گشتییەکان بین و ژینگە بپارێزین.

ئەنفال وانە و پەندەکان:
ئێمە کاتێک لەناو جوانی بەهاردا دەژیین، ئەو برینانەمان لەبیر ناچێت کە هێشتا ساڕێژ نەبوونەتەوە و، ئەو یادەوەرییە پڕ لە ئازارانەی مێژوومان، لەوانەش کارەساتی ئەنفال؛ گەرچی ئەنفال تایبەتە بە خوا و پێغەمبەر، نەك بابەتێك ستەمكاران بەكاری بێنن، وەلێ دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەردەمی بەعسدا ئەو تاوانەیان کرد، کە بێتاوانانی کردە ئامانج و هەزاران کەس لە گەلە بسڵمانەکەمان بوونە قوربانی.
ئەنفال تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو، ئەسڵ و جەوهەری مرۆڤەکانی دەرخست و، خۆڕاگری و سەبری بڕوادارانی نیشان دا. ئەنفال تەنها یادەوەرییەک نییە، بەڵکو وانە و پەندە، لەوانە:
١. ستەم بەردەوام نابێت: زۆرداران هەرچەندە ستەم بکەن، دواجار چارەنووسیان لەناوچوونە.
٢. نرخی سەبر و خۆڕاگری: چەندین دایک ڕۆڵەیان لەکیس چوو؛ چەندین ماڵ و خانوو وێران کران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیمان لە دڵەکاندا بە زیندوویی مایەوە.
٣. گرنگیی یەکڕیزی: لێکترازان هۆکاری بێهێزییە و، یەکڕیزی ڕێگەی هێز و سەرکەوتنە.
٤. بەرپرسیارێتی یادکردنەوە: پێویستە ئەم ڕووداوانە بپارێزین و هەمیشە یادیان بکەینەوە، نەک بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو بۆ پەندوەرگرتن و، بۆ ئەوەی کارەسات دووبارە نەبنەوە.
یەکێک لە گەورەترین ئەو وانانەی لە بەهار و ئەنفال پێکەوە فێری دەبین، ئەوەیە: ژیان لە لای ئازارەوە ناوەستێت و، ئومێد لە ناو جەرگەی مەینەتییەوە لەدایک دەبێت. هەروەکچۆن زەوینێکی مردوو سەوز و زیندوو دەبێتەوە، ئەو گەلانەشی کە دەناڵێنن دەتوانن دووبارە هەڵبستنەوە، ئەگەر دەست بە ئایینەکەیانەوە بگرن و هۆکارەکانی سەرکەوتن بگرنە بەر. بۆیە ئەرکی سەرشانمانە ڕۆڵەکانمان لەسەر هەق و سووربوون لەسەری و، لەسەر خۆشویستنی چاکە و ڕەتکردنەوەی ستەم و، لەسەر کارکردن و ئاوەدانکردنەوە و یەکڕیزی پەروەردە بکەین.
خودایە ڕەحم بە هەموو شەهیدان بکە و، شیفای بریندارەکانیش بدە و، ئەم وڵاتە و هەموو وڵاتانی بسڵمان پارێزراو و ئارام بکە.