ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
رەوتی زایین (منداڵبوون) یەکێکە لە قۆناغە هەرە هەستیارەکان بۆ دایکان، کە تێیدا کرانەوەی ملی منداڵدان (ملی ڕەحم) وەک نیشانەیەکی سەرەکی بۆ ئامادەباشیی جەستە هەژمار دەکرێت. لەمبارەیەوە د. دلۆڤان محەمەد عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و زایین (منداڵبوون) و نەزۆکی، چەند نیشانەیەکی گرنگ دەخاتە ڕوو کە پێویستە دایکان لەو ماوەیەدا سەرنجی بدەن.
بە گوتەی د. دلۆڤان، کرانەوەی ملی ڕەحم بەشێکی جەوهەرییە لە پرۆسەی منداڵبوون و ئەم نیشانانەی خوارەوە بە گرنگترین ئاماژەکان دادەنرێن:
١. گرژبوونی بەردەوام (ژانی منداڵبوون)
سەرەکیترین ئاماژە بۆ دەستپێکردنی کرانەوەی ملی ڕەحم، هەستکردنە بە گرژبوونی توند و بەردەوام. ئەم ژانە بە تێپەڕبوونی کات کورتتر و توندتر دەبێتەوە و ماوەی نێوان گرژبوونەکان کەم دەبێتەوە.
٢. زیادبوونی پەستانی حەوز
لە کاتی کرانەوەی ملی ڕەحمدا، دایک هەست بە فشارێکی زۆر لە ناوچەی حەوزیدا دەکات؛ ئەمەش بەهۆی دابەزینی سەر و جەستەی منداڵەکەیە بۆ خوارەوە، کە وا لە دایکەکە دەکات هەست بکات منداڵەکە بەرەو دەرەوە پاڵ دەنێت.
٣. دەردانی دەردراوی ئەستوور
دەرکەوتنی دەردراوێکی ئەستوور و لینجاوی کە لە ملی ڕەحمەوە دێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی پرۆسەی کرانەوەکە دەستی پێکردووە و جەستە خەریکی خۆئامادەکردنە.
٤. دەردراوی خوێناوی
لەگەڵ فراوانبوون و تەنکبوونەوەی ملی ڕەحم، زۆرجار خوێنبەربوونێکی زۆر سووک یان پەڵەی خوێن لەگەڵ دەردراوەکاندا تێکەڵ دەبێت، کە ئەمە لە زانستی پزیشکیدا وەک نیشانەیەکی دڵنیاکەرەوە بۆ پێشکەوتنی منداڵبوون دەبینرێت.
٥. ئازاری بەردەوامی پشت
ئەو ئازارە توندەی لە بەشی خوارەوەی پشتدا دروست دەبێت و بەردەوامی دەبێت، یەکێکی ترە لە نیشانەکانی گۆڕانکاری لە ملی ڕەحم و بەرەوپێشچوونی قۆناغەکانی منداڵبوون.
٦. تەنکبوونەوەی ملی ڕەحم (Effacement)
هەرچەندە دایکەکە ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەست بە تەنکبوونەوەی ملی ڕەحم بکات، بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکی پزیشکییە و هاوتای کرانەوەکە ڕوودەدات، کە تەنیا لە ڕێگەی پشکنینی پزیشکی پسپۆڕەوە دەردەکەوێت.
د. دلۆڤان محەمەد عەلی، کە هاوکات پسپۆڕی نەشتەرگەریی بە ناوسکبین و منداڵی بلوورییە، جەخت دەکاتەوە کە لە کاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا، پێویستە دایکەکە لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بێت بۆ دڵنیایی لە تەندروستی خۆی و کۆرپەکەی.

