ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
وەستانی سووڕی مانگانە (Menopause) بەو قۆناغە بایۆلۆژییە دادەنرێت کە تێیدا سووڕی مانگانە لە ژناندا بە هەمیشەیی دەوەستێت. ئەم قۆناغە بە فەرمی کاتێک دەستنیشان دەکرێت کە ١٢ مانگی تەواو بەسەر دوایین سووڕی مانگانەدا تێپەڕیبێت. بە شێوەیەکی گشتی، ئەم گۆڕانکارییە لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵادا ڕوو دەدات.
وەستانی سووڕی مانگانە رەوتێکی سروشتی، بەڵام پڕ لە نیشانە، دکتۆر کەژان کاوە تەها، دکتۆرا لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و زایین (منداڵبوون) و نەزۆکی، ڕوونی دەکاتەوە کە وەستانی سووڕی مانگانە پرۆسەیەکی تەواو سروشتیی جەستەیە. بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە نیشانە جەستەیی و سۆزدارییەکان دەکرێت کاریگەرییەکی قووڵیان هەبێت، وەک تێکچوونی خەو، کەمبوونەوەی وزە و گۆڕانی باری دەروونی. دکتۆر کەژان جەخت دەکاتەوە کە بژاردەی چارەسەری زۆر لەبەردەستدان، لە گۆڕینی شێوازی ژیانەوە تا چارەسەری هۆرمۆنی.
هاوكات کێشەی سەرەکی لەم قۆناغەدا بریتییە لە دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن. بەو پێیەی ئیسترۆجین کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی ئێسک، دڵ، مێشک، پێست و ئەندامی زاوزێ هەیە، دابەزینی ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکان لە تەواوی جەستەدا.
کاریگەرییە تەندروستییەکانی وەستانی سووڕی مانگانە:
١. سیستەمی دەمار و لایەنی دەروونی:
• گۆڕانی باری دەروونی و تووڕەبوون.
• هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
• لاوازبوونی تەرکیز و خەوزڕان و کەمخەوی.
٢. سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان:
• بەرزبوونەوەی مەترسیی فشارخوێن.
• شەپۆلی گەرمی لەناکاو (Hot Flashes) کە زۆربەی کات لە مل و سنگدا هەستی پێ دەکرێت.
• ئارەقکردنەوەی شەوانە.
٣. سیستەمی ماسوولکە و ئێسک:
• پووکانەوەی ئێسک (Osteoporosis)؛ بەهۆی ئەوەی ئیسترۆجین دەوری هەبووە لە پاراستنی چڕیی ئێسکدا.
• ئازاری ئێسک و ڕەقداگەرانی جومگەکان.
• زیادبوونی مەترسیی شکان لە ناوچەکانی وەک شان، بڕبڕەی پشت و مەچەک.
٤. پێست و قژ و کێشی جەستە:
• پاسرکیان (وشکبوونەوە) و تەنکبوونی پێست.
• دەرکەوتنی چرچ و لۆچ بەهۆی کەمبوونەوەی کۆلاجین.
• زیادبوونی کێش، بەتایبەتی لە ناوچەی سکدا.
٥. کۆئەندامی زاوزێ و میزڵدان:
• وشکبوونەوە و خورانی ناوچەی زێ، کە دەبێتە هۆی ئازار لە کاتی جووتبووندا.
• گۆڕانکاری لە میزکردن، وەک زیادبوونی ژمارەی میزکردن یان ڕانەگرتنی میز.
• کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.

